گرووپی ڕێکخراوی پزیشکانی بێسنوورکە لە کۆمەڵێک پزیشکی خۆبەخش پێکهاتوون، تا ئێستاش بۆ بەڕێوەبردنی کار و چالاکییەکانیان لە پەیوەندی لەگەڵ ڤایرۆسی کۆرۆنا چاوەڕێی پێدانی مۆڵەت دەکەن لە لایەن ئێرانەوە .
“میشل اولیویە لاشاریتە” بەرپرسی ڕێکخراوی پزیشکانی بێسنوور بە هەواڵدەرییەکانی ئاڵمانی ڕاگەیاندوە کە ئەم ڕێکخراوە ” لەگەڵ ناوەندەکانی تەندروستیی ئێران لە گفتوگۆدایە تا بتوانێت هاوکارییە پزیشکییەکانی خۆی لە ئێران دەست پێ بکا”.
گرووپی پزیشکانی بێسنوور کە پێکهاتوون لە ٩ پزیشک و خزمەتگوزاری دەرمانی، سەرەتاکانی حەوتووی ڕابردوو بە کۆمەڵێک ئامێری تەندروستی پیشکەوتوو بۆ دامەزراندنی ناوەندێکی تەندروستی ٥٠ قەرەوێڵەیی سەردانی ئێرانیان کرد، بەڵام لەگەڵ ناڕەزایەتیی سپای پاسداران و کۆماری ئیسلامیی ئێران بەرەوڕوو بوونەوە و بە هۆی ناڕەزایەتیی توندی وەزارەتی تەندروستیی ئێران ڕێگە بە چالاکییەکانی ئەم ڕێکخراوەیە نەدرا.
شایانی باسە ڕۆژی سێشەممە ٥ی خاکەلێوە دوا بەدوای ئەمە ڕێکخراوی پزیشکانی بێسنوور لەم پیوەندییەدا ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە و باسی لەوە کرد کە کۆماری ئیسلامیی ئێران یارمەتییەکانی ئەوانی ڕەت کردۆتەوە و وتیان کە بە سەرسووڕمانەوە لەو کارەی کۆماری ئیسلامی دەڕوانین. ئەمە لە کاتێکدایە کە نەخۆشخانەکانی ئێران بەدەست کەمی پێداویستییە تەندروستییەکان و کەمی پزیشک دەناڵێنن و بە سەدان کەس لە ئێران داوایان لە ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی کردوە کە بە زووترین کات هاوکارییەکانیان بگەیەننە ئێران.