فەرماندەی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا “سێنتکام” ڕایگەیاند کە جێگیرکردنی سیستمی دژە مووشەکی پاتریوت لە چەند ناوچەی عێراقدا، بە هاوئاهەنگی و ئاگاداری حکوومەتی عێراق و بۆ پارێزگاری لە هێزەکانی خۆمان و هەروەها هێزە عێراقییەکانیشە.
ئەم ناوەندە لە ڕاگەیەندراوەکەیدا دەڵێ: تەنیا ئەوە دەڵێین کە ئەم کارە بۆ بەرگری لە هێرشی داعش و هێزە ئاژاوەگێڕەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامییە لە عێراقدا و سیستمی پاتریوتمان لە چەند ناوچەیەکی عێراق جێگیر کردوە و پێویست ناکا زانیاری زیاتریشی لەسەر بدەین.
شایانی باسە کە پاش هێرشی مووشەکی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر بنکەیەکی ئەمریکا و میلیشیاکانی نیزیک لە کۆماری ئیسلامی بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراقدا، هێزەکانی ئەمریکا دژە مووشەکی پاتریوتیان لە هەولێر و ئەنبار جێگیر کردوە و بە نیازن دوو سیستمی دیکەش لە کوەیتەوە بگوازنەوە عێراق، هەروەها باس لە گواستنەوەی چەکوچۆڵێکی زۆر لە ڕۆژئاوای کوردستانەوە بۆ عێراق دەکرێ. لە ماوەی دوو ڕۆژیشدا ترامپ دوو جار هۆشداری داوەتە کۆماری ئیسلامی کە لە ئەگەری هەر کردەوەیەکی دژی هێزەکانی ئەمریکادا ڕووبەڕووی وڵامی سەخت دەبێتەوە.
جێگای ئاماژەیە کە ئەمریکا دەیان فڕۆکە و باڵەفڕی شەڕکەری هێناوەتە ناوچەکە و هێزی تایبەتی “دێڵتا فۆرس”یشی لە عێراق جێگیر کردوە.