“مایک پۆمپێئۆ” نیگەرانی خۆی لە هەمبەر تیرۆری کەسێکی ئێرانی دژبەری ڕێژیم بە دەستی دیپلۆماتەکانی کۆماری ئیسلامی لە تورکیە دەربڕی.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ڕۆژی چوارشەممە ١٣ی خاکەلێوەی ٩٩ی هەتاوی، لە تویتێکدا نووسی تیرۆری “مەسعوود مەولەوی” لە تورکیە بەدەستی دیپلۆماتەکانی کۆماری ئیسلامی نیگەرانی کردین، هەرچەند تیرۆر لە گەڵ سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی و دیپلۆماتەکانیدا باش دەگونجێ و لە چەند دەیەی ڕابردوودا کۆماری ئیسلامی چەندین تیرۆر و تەقینەوەی تیرۆریستی لە ئورووپادا ئەنجام داوە.
شایانی باسە کە “مەسعوود مەولەوی” مانگی خەزەڵوەر لە یەکێک لە شەقامەکانی ئیستانبوولی تورکیەدا تیرۆر کرا کە چەند ڕۆژ پێش دوو بەرپرسی تورک پشتڕاستیان کردەوە کە دوو دیپلۆماتی کۆماری ئیسلامی دەستیان لە تیرۆری ناوبراودا هەبووە.
جێگای ئاماژەیە کە ناوبراو ساڵێک پاش دەرچوونی لە ئێران و پاش ئەوەی کە چەند قسەیەکی سەبارەت بە بەرپرسانی سپای پاسداران درکاند، لە وڵاتی تورکیە تیرۆر کرا.