سەرۆک کۆماری ئەمریکا ” دۆنالد ترامپ” هەڕەشەی لە ئێران کرد و ڕایگەیاند لە ئەگەری هەر هێرشێک بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا، ئێران دەبێ بە سەختی باجی تاوانەکەی بدا.
لە تازەترین تویتی خۆیدا کە سەرۆک کۆماری ئەمریکا ” دۆناڵد ترامپ” بڵاوی کردۆتەوە، ئاماژەی بەوە کردوە کە ئێران و دەستوپێوەندەکانی خەریکی بەرنامە داڕشتنن بۆ هێرش کردنە سەر هێزەکانی ئەمریکا و سەرچاوە داراییەکانی لە عێراق.
سەرۆک کۆماری ئەمریکا بە ئاماژەدان بەوە هەڕەشەی لە ئێران کرد و گوتی: ” بێگومان ئەگەر ئەمە ڕوو بدا ، ئێران دەبێ باجی تاوانەکەی بە سەختی بدات”
ئەمە لە کاتێکدا دێ کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا هێزەکانی ئەمریکا بڕیاری جێگیر کردنی سیستمی دژە مووشەکیی پاتریۆتیان لە عێراق و هەرێمی کوردستان دا و هەروەها هەواڵدەریی ئاتلانتیکۆی فەرانسەش، بڵاوی کردەوە کە کۆرۆنا ببێ یان نەبێ شەڕی بە وەکالەتی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامی بەردەوام دەبێ و ئەگەری شەڕی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامی لە گۆڕێ دایە، هەروەها پاش هێرشی گرووپە شیعەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی بۆسەر هێزەکانی هاوپەیمان و بەتایبەت هێزەکانی ئەمریکا پێنتاگۆن پەدافەندی ئاسمانیی پاتریوت و دوویەمین فڕۆکەی ناوکی “بی ٥٢” و هەروەها فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هێناوەتە کەنداوی فارس.