ڤایرۆسی کۆڕۆنا تا ئێستا گیانی لە دەیان هەزار ئینسان ستاندووە و سەدان هەزار کەسیش بە دەستیەوە دەناڵێنن.
بەپێی دوایین زانیارییەکان کە تا ڕۆژی دووشەممە لە لایەن زانستگەی “جانز هاپکینز” بڵاوکراونەتەوە، لە جیهاندا ٧٢٢ هەزار کەس تووشی ڤایرۆسی کۆڕۆنا بوون. وڵاتانی وەک ئەمریکا ١٤٢ هەزار کەس، ئیتالیا ٩٨ هەزار کەس، ئێسپانیا ٨٥ هەزار و چین ٨٢ هەزار کەس زۆرترین ئاماری تووشبوانی ڤایرۆسی کۆڕۆنایان تێدا تۆمار کراوە.
هەر بەپێی ئەو زانیاریانە لە ئیتالیا ١٠٧٧٩ کەس و ئێسپانیا ٧٣٤٠ کەس و چین ٣٣٠٤ و ئێران ٢٧٥٧ کەس واتە زۆرترین ئاماری مردنیان تێدا تۆمار کراوە و لە ئەمریکاش ٢٥٠٠ کەس گیانیان لەدەست داوە و لە پلەی شەشەمدا جێدەگرێ.
هەر لە پێوەندی لەگەڵ ئەم ڤایرۆسەدا پزیشکێکی بریتانیایی پێشبینی کردوە کە تا وەرزی پاییز ئەم دۆخە درێژەی هەبێ. کارناسانی ئەو وڵاتەش پێیان وایە کە ئابووری بریتانیا لە سەتا ١٥ دادەبەزێ و بێکاریش دوو هێندە زیاد دەکا.
مۆسکۆی پێتەختی ڕووسیە کە نزیک بە ١٢ میلیۆن کەس حەشیمەتی هەیە، لە ڕۆژی دووشەممەوە قەرەنتینە کراوە و خەڵک لە ماڵەکانیاندا دەمێننەوە.
لە وڵاتی نێجیریە لەگەڵ ئەوەی کە تا ئێستا ٩٧ کەس تووشی ڤایرۆسی کۆڕۆنا بوون، بەڵام سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە فەرمانی داوە کە پێتەخت قەرەنتینە بکرێ.
بەهۆی نیگەرانی خەڵک لە ڤایرۆسی کۆڕۆنا، لە وڵاتی نیوزلەند ئەو کەسانەی کە یاساکانی قەرەنتینە پێشێل دەکەن هەر لە لایەن خەڵکەوە ڕاپۆرتیان لێدەدرێ و پۆلیسیان لێ ئاگادار دەکرێتەوە. هەر بۆ ئەم مەبەستە پۆلیسی ئەو وڵاتە ماڵپەڕیکی تایبەتی کردۆتەوە هەتا خەڵک ڕاپۆرتەکانیان لە سەر هاوسێکانیان کە یاساکانی قەرەنتینە پێشێل دەکەن، لە ڕیگەی ئەو ماڵپەڕەوە بە پۆلیس ڕابگەیەنن.
لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا، ڤایرۆسی کۆڕۆنا ڕۆژ بەڕۆژ پەرە دەستێنێ و بەهۆی خەمساردی و کەمتەرخەمییەکانی کاربەدەستانی دەوڵەت, خەڵک لەگەڵ گرفتی جۆراوجۆر بەرەوڕوو بوونەتەوە.
نەبوونی زانیاری و ڕێنمایی پێویست، شاردنەوەی ڕاستییەکان لە خەڵک، نەبوونی دوکتۆر و دەرمانی پێویست و قەرەنتینە نەکردنی خەڵکی ئەو شارانەی کە زۆرترین تووشبووی ڤایرۆسی کۆڕۆنای تێدا تۆمارکراوە، نەبوونی هاوکارییەکانی دەوڵەت بۆ خەڵکی هەژار و بێ داهات، لەو گرفتانەن کە ژیانی خەڵکیان سەخت و دژوار کردوە.
کاربەدەستانی ڕێژیم تا ڕۆژی دووشەممە ژمارەی تووشبوانیان ٤١ هەزار و ٤٩٥ کەس و ئاماری مردنیان ٢٧٥١ کەس ڕاگەیاندوە، بەڵام کاربەدەستێکی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانیی ڕایگەیاندوە کە ئەو ئامارەی وەزارەتی تەندروستیی ئێران تەنیا یەک لەسەر پێنجی تووشبوان و مەرگی ئەو کەسانەیە کە بە ڤایرۆسی کۆڕۆنا گیانیان لەدەست داوە.
هەر لەو پێوەندییەدا کۆماری ئیسلامی کۆمەڵێک چالاکی مەدەنی و میدیایی دەسبەسەر کردوە کە ئاماری تووشبوانیان بڵاوکردۆتەوە و هەڕەشەی لە مێدیاکاران و کەسانی پێوەندیدار کردوە کە مافی بڵاوکردنەوەی زانیارییان لە سەر ئەم بابەتە نییە و تەنیا هەقیان هەیە هەواڵ و زانیارییەکانی دەوڵەت بڵاوبکەنەوە.