بەشێک لە ڕێکخراوە مەدەنی و ژینگەپارێزییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان جیاوازتر لە ساڵانی ڕابردوو کە داوایان لە خەڵک دەکرد لە کاتی چوونەدەرەوە ژینگەی کوردستان بپارێزن، ئەمساڵ داواکارن کە لە ڕۆژی سێزدەبەدەردا لە ماڵەکانیان بمێننەوە.
لەگەڵ بڵاوبوونەوە و تەشەنەسەندنی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە شارەکانی کوردستان، ڕێکخراوەکان و چالاکانی هەڵسووڕی کۆمەڵگە داوایان لە خەڵک کرد کە لە ڕۆژی نەورۆزدا لە ماڵەکانیان بمێننەوە و ئێستاش داواکارن بەم شێوەیە لە ڕۆژی سێزدەبەدەردا نەچنە دەرەوە.
لەم پێوەندییەدا یەکێک لە ڕێکخراوە ژینگەپارێزییەکان بە ناوی “ڕێکخروی ژینگەپارێزانی پیرانشار” پەیامێکی بڵاوکردۆتەوە کە لە بەشێکی پەیامەکەدا هاتووە، هەروەک ئاگادارن ساڵانی ڕابردوو ڕێکخراوەی ژینگەپارێزانی پیرانشار بە دانانی ” کەمپەینی سێزدەبەدەری خاوێن” و بڵاوکردنەوەی نایلۆن و تراکتی تایبەت بە خاوێنکردنەوە و خاوێن ڕاگرتنی سرووشت لەو ڕۆژەدا، چالاکی بەربڵاوی بەڕێوە دەبرد کە مەبەست لێی ئاشتبوونەوە لەگەڵ سرووشت و خاوێن ڕاگرتنی سرووشت بوو.
بەڵام ئەمساڵ بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی “کۆڕۆنا” داواکارییەکە جیاوازی هەیە و بە پێی ئەو هەلومەرجە مەترسیدارە داوا لە هەموو هاوڵاتییان و هاوشارییانی بەڕێز دەکەین بە مەبەستی سڵامەتی خۆتان و بنەماڵەکەتان بە هیچ شێوەیەک لە ڕۆژی سێزدەبەدەردا لە ماڵەکانتان مەچوونە دەرێ، دەکرێ هەر لە ماڵی خۆتان ڕۆژێکی خۆش لەگەڵ بنەماڵەی ئازیزتان بە سەر بەرن و بیکەن بە ڕۆژێکی خۆش بێ ئەوەی کە ژیانی خۆتان و هاونیشتمانییانتان لە مەترسی خستبێ.