بە پێی سەرچاوەکانی هەواڵ، دەفتەری نوێنەرایەتیی خواردەمەنیی جیهانیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان (WFP) لە تاران ڕایگەیاند کە ژاپۆن بڕی ٧ میلیۆن دۆلاری وەک هاوکاری داوە بەو ڕێکخراوەیە.
دەفتەری نوێنەرایەتیی خواردەمەنیی جیهانی لە ئێران، ڕۆژی دووشەممە ١١ی خاکەلێوە، ڕایگەیاند ئەم هاوکاریە بۆ مەبەستی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بە کار دەهێنین، ئەویش بە ” هاوکاری کردنی کارگێرانی بەشی تەندروستی لە ئێران و هاوکاری کردنی کۆمەڵگەی پەنابەران”.
بە پێی ڕاگەیەندراوێک کە لە ماڵپەڕی دەفتەری نوێنەرایەتیی خواردەمەنیی جیهانیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئێران بڵاو کراوەتەوە، بڕیار وایە لە سەتا ٦٠ی ئەم هاوکاریە بۆ کڕینی ئامێر و پێداویستییەکانی پزیشکی بۆ ئەو کەسانەی لە دەروازە سنووریەکان خەریکی پشکنین بۆ تووشبوانی نەخۆشی کۆڕۆنان دابین بکرێ و هەروەها لە سەتا ٤٠ی ئەو هاوکاریەی ژاپۆن کە دەمێنێتەوە بۆ هاوکاری کردن و پارێزگاری کردن لە ٣١ هەزار پەنابەری ئەفغانی و عێراقی کە لە شارە جیاوازەکانی ئێران ژیان بەسەر دەبەن دابین دەکرێت.