هەواڵدەریی ئاتلانتیکۆی فەرانسە، بڵاوی کردەوە کە کۆرۆنا ببێ یان نەبێ شەڕی بە وەکالەتی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامی بەردەوام دەبێ و ئەگەری شەڕی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامیش لە گۆڕێ دایە.
هەرچەند شارەزایان پێیان وابوو کە بە هۆی سەرهەڵدانی پەتای کۆرۆنا لە جیهان و سەرقاڵبوونی وڵاتان بەو قەیرانەوە ئەگەری شەڕی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامی ڕووی لە کزی کردووە و بە تایبەت لە عێراق و پاش هێرشە یەک لەدوای یەکەکانی حیزبوڵای عێراقی سەر بە کۆماری ئیسلامی بۆسەر هێزەکانی ئەمریکا و بێدەنگ بوونی ئەو وڵاتە ئەو ئەگەرەی بەهێزتر کردبوو، بەڵام جموجۆڵەکانی ئەمریکا ئاماژەن بۆ ئەگەری شەڕێک لە عێراقدا و بەم شێوەیەش ئەمریکا خۆی بۆ ئەو شەڕە ئامادە دەکا.
ئاتلانتیکۆ دەڵی: “پاش هێرشی گرووپە شیعەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی بۆسەر هێزەکانی هاوپەیمان و بەتایبەت هێزەکانی ئەمریکا پێنتاگۆن پەدافەندی ئاسمانیی پاتریوت و دوویەمین فڕۆکەی ناوکی “بی ٥٢” و هەروەها فڕۆکە بێفڕۆکەوانە ئامادەکانی هێناوەتە کەنداوی فارس ئەمەش وامان لێدەکا کە چاوەڕوانی شەڕێک بکەین لە ناوچەکەدا.