ڤایرۆسی کۆڕۆنا جیهانی بەخۆیەوە خەریک کردووە و بۆتە سەردێڕی هەواڵ و بابەتی مێدیاکانی جیهان.
ڤایرۆسی کۆڕۆنا کە جارێ هەر لە حاڵی تەشەنەسەندن و پەرەسەندن دایە، تا ئێستا چارەسەرێکی بۆ نەدۆزراوەتەوە. زۆر جار لەو پێوەندییەدا هەواڵی ناڕاست لە هێندێک لە مێدیاکاندا بڵاودەکرێنەوە، بەڵام جارێ هیچ تاقیکردنەوەیەکی سەرکەوتوو لەم بارەوە ئەنجام نەدراوە.
تا ڕۆژی یەکشەممە ١٠ی خاکەلێوەی ٩٩ی هەتاوی ٢٠٠ وڵاتی جیهانی گرتۆتەوە و ٧١٥ هەزار و ٧٦ کەس تووشی ڤایرۆسەکە بوون، ٣٣ هەزار و ٦٣٤ کەسیش بەهۆیەوە گیانیان لەدەست داوە.
ئەمریکا وەک یەکەم زلهێزی جیهان لێرەشدا پشکی شێری بەرکەوتووە و زۆرترین تووشبووی ڤایرۆسی کۆڕۆنای تێدا تۆمارکراوە، ژمارەی تووشبوان لە ١٢٣ هەزار کەس تێپەڕیوە، بەڵام ئیتالیا و ئێسپانیا لەهەموو وڵاتان زیاتر بە هۆی ئەم ڤایرۆسەوە قوربانییان لێکەوتۆتەوە.
“ئانتونی فاوچی” بەرپرسی ناوەندی ئالێرژی و نەخۆشییەکانی هەوکردن لە ئەمریکا ڕایگەیاند کە ئیحتمالی هەیە بەهۆی کۆڕۆناوە ١٠٠ تا ٢٠٠ هەزار کەس لە ئەمریکا گیان لەدەست بدەن. ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە لە ئەمریکا میلیۆنان کەس تووشی ئەم ڤایرۆسە دەبن.
لە فیلیپین تا ئێستا ٧١ کەس بەهۆی کۆڕۆناوە گیانیان لەدەست داوە، بەڵام نزیک بە ٥٠ هەزار کەس بەهۆی سەرپێچی لە بڕیارەکانی دەوڵەت زیندانی کراون و پۆلیس ڕایگەیاند کە وێدەچێ خەڵکێکی زۆرتر بەهۆی سەرپێچییەوە زیندانی بکرێ.
چین کە ناوەندی سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆڕۆنایە، دەوڵەت تا ئێستا توانیویەتی دۆخەکە کۆنتڕۆڵ بکا و گەشتی فڕۆکەوانی لەو وڵاتە دەستی پێکردۆتەوە و ڕۆژی یەکشەممە لە پارێزگای “هوبی” ٩٨ گەشتی فڕۆکەوانی ئەنجام دراوە.
لە ئێرانی ژێردەسەڵاتی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا، کۆڕۆنا ڕۆژبەڕۆژ زیاتر پەرە دەستێنێ و بەپێی وتەی بەرپرسانی ئێرانی تا ئێستا نزیک بە ٤٠ هەزار کەس تووشی ڤارۆسەکە بوون و ٢٦٤٠ کەسیش گیانیان لەدەست داوە. سەرچاوە ناحکوومی و لایەنە پێوەندیدارەکان ئەو ئامارەی وەزارەتی تەندروستیی ئیران بە ڕاست نازانن و دەڵێن ژمارەی تووشبوان و قوربانیان زۆر لەوە زیاترە کە ڕێژیم باسی دەکا.
لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش هەروەک شارەکانی دیکەی ئێران ڤایرۆسی کۆڕۆنا لە حاڵی تەشەنەسەندن دایە بەڵام ئامارێکی دروست لە قوربانیان بڵاو نەکراوەتەوە.
هەروەک لە هەواڵەکانی ڕۆژانی پێشوودا ڕامانگەیاندبوو، خۆبەخشان و خەمخۆرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەوپەڕی دڵسۆزییەوە لە هەوڵی پاراستنی شار و ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دان و ئەوەندەی لە توانایان دابێ هاوکاری ئەو بنەماڵانە دەکەن کە دەسکورت و هەژار و بێکارن. دوکتۆرەکان و کەسانی شارەزا و ئەنجومەنەکانیش لە ڕێنمایی خەڵک کەمتەرخەم نەبوون و لەئاست خەڵکی کورد و نیشتمانی کورددا وەک هەمیشە خۆیان بە بەرپرسیار دەزانن.