ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەک هەمیشە مەکۆی یەکڕیزی و بەهاناوە چوونە و خەمخۆرانی کورد لە ئەرکە ئینسانی و نیشتمانییەکانیان بەردەوامن.
بەپێی ئەو هەواڵانەی کە ڕۆژانە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان دەگەن و بەپێی ئەم هەواڵە و کورتە ڤیدیۆیانەی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بڵاودەکرێنەوە، خەڵکانی دڵسۆز و گەلدۆستی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕۆژانە خەریکی هاوکاری و یارمەتی خەڵکن و ئەوەندەی لە دەستیان بێ نیشتمان لە بەڵای ڤایرۆسی کۆرۆنا دەپارێزن.
لەگەڵ ئەوەیکە بە هاناوەچوونی خەڵک لە کاتی قەیرانەکاندا ئەرکی دەوڵەتە، بەڵام کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ماوەی ٤١ ساڵ تەمەنی پڕ لە شوورەیی و ئینسانکوژی، ئیمتیحانی خۆی داوە و ئیتر خەڵک باوەڕیان بە قسە و بەڵێنەکانی نییە، هەر بۆیە لە کاتە هەستیار و تەنگانەکاندا خەڵکی کورد خۆڕسکانە و بێ گەڕانەوە بۆ بڕیاراتی دەوڵەت بە هانای خەڵکەوە دەچن.
هەروەک چۆن لە ساڵانی ڕابردوودا ناوەند و ئەنجومەن و خەڵکانی دڵسۆز و خەمخۆر بەهانای لێقەوماوانەوە چوون، ئەوە ئەمجارەشیان بەوپەڕی هەست بە بەرپرسایەتی کردن لەبەرابەر گەل و نیشتمانی کورددا هاتوونەتە مەیدان و بەهەر شێوەیەک کە بۆیان بلوێ خەڵک لە مردن و برسیەتی و ڤایرۆسی کۆڕۆنا دەپارێزن.
دوکتۆر و پەرەستارە ماندوویی نەناسەکانی کوردستان، ئەنجومەنەکان، کەسانی دەوڵەمەند و دەستڕۆیشتوو و خەڵکانی خۆبەخش و نیشتمانپەروەر ئەم ماوەیە بێ ڕاوەستان خەریکی کۆکردنەوەی یارمەتی بۆ هەژاران، پاکوخاوینی گوند و شارەکانی کوردستان، ڕێنمایی کردنی خەڵکن و ڕۆژبەڕۆژ ئەم هەرەوەزە کوردانەیە بەربڵاوتر و بەربەرینتر دەبێتەوە و بۆتە جێگەی دەستخۆشی ئازادیخوازان و هەژاران و خەڵکی کوردستان بەگشتی و لە هەموو لایەکەوە دەستخۆشیان لێدەکرێ و بەڕێزەوە سەیری هەوڵ و زەحمەت و ماندووبوونیان دەکرێ.