فەرماندەی سپای پاسداران باسی پلانی ئەمریکا لە عێراقدا دەکا و ناڕاستەوخۆ ئاماژە بە ئەگەری هێرشێکی قورسی ئەمریکا بۆ سەر حەشدی شەعبی دەکا.
لە وتووێژێکدا لەگەڵ دەنگ و ڕەنگی کۆماری ئیسلامی “سەلامی” فەرماندەی سپای پاسداران دەڵی: “ئەمریکا بە جێی کوشتنی بە وتەی ناوبراو خەڵکی عێراق کە مەبەستی حەشدی شەعبییە، باشتر وایە لە بیری خەڵکی وڵاتەکەی دابێ کە گیرۆدەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون”.
سەلامی بە جۆرێک قسەی دەکرد کە گوایە کۆماری ئیسلامی زۆر لە بیری خەڵکی ئێراندایە و کۆرۆناش لە ئێراندا بوونی نییە.
ئاماژەی ناوبراو بە جموجۆڵەکانی ئەم دواییانەی هێزەکانی ئەمریکا لە عیراق بوو کە پاش چەند هێرشی یەک لە دوای یەکی هیزەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی لە عیراق بۆ سەریان هاتۆتە ئاراوە، ئەوەش کۆماری ئیسلامی و بەشێک لە میلیشیاکانی عێراق کە سەر بە ڕێژیمی ئێرانن نیگەران کردووە و لە هێرشێکی توندی ئەمریکا بۆ سەر حەشدی شەعبی و بە تایبەت کەتائێبی حیزبوڵا ترسیان هەیە.