بەشێک لە ڕێکخراوە مەدەنییەکانی بۆکان کە لە پێکهاتەیەکی خۆڕسک و خۆبەخشدا لە دەوری یەک کۆبوونەتەوە و لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا لە پەیوەندی لەگەڵ لافاوەکەی لوڕستان، بوومەلەرزەی کرماشان و کوتول و ئێستاش لە بابەتی ڤایرۆسی کۆرۆنادا لە کەمپەینێکدا خەریکی کار و چالاکییەکانی خۆیانن، ڕاگەیەندراوێکیان ڕوو لە بەرپرسانی ڕێژیم بۆ بەدوداچوونی ژیان و گوزەرانی خەڵک و هەوڵی زیاتر بۆ پێشگیری لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە بڵاوکردەوە.
لە بەشێکی پەیامەکەی ئەو چالاکە مەدەنییانەی بۆکان ڕوو لە دەوڵەت و ناوەندیی بەربەرەکانی لەگەڵ ڤایرۆسی کۆرۆنا هاتوە، کۆرۆنا وەک ڤایرۆسێکی واگیر لە جیهاندا کە ئێستا هەموو جیهانی دەرگیری خۆی کردوە، ئەگەرچی ڕێوشوێنی زۆر بۆ پێشگیری لەو نەخۆشیە لە جیهاندا گیراوەتەبەر، بەڵام ئەو وڵاتانەی توانیویانە بەشێوەیەکی باش بەسەریدا سەرکەوتووبن ئەو وڵاتانەن کە قەرەنتینەی تەواوی شارەکانی وڵاتەکەیان کردوە.
بۆیە لەم پێوەندییەدا بۆ زیاتر هاوکاری کردنی خەڵک و پێشگیری کردن لەو نەخۆشیە ئەم داواکاریانە پێشکەش دەکەین کە هیواخوازین بە زووترین کات بەدواداچوونی بۆ بکرێت.
١- بۆ زیاتر هاندانی مانەوەی خەڵک لە ماڵەوە، بە تایبەت کەسانی هەژار و دەستکورت کە ناچارن بۆ پەیداکردنی بژێوی ژیان بچنە دەرەوە، دەوڵەت بە خێرایی هاوکاری ئەو بنەماڵانە بکات.
٢- بۆ زیاتر هاندانی کاسبکاران و بازاڕیان و تەعتیل کردنی دوکان و بازاڕەکانیان لە ماڵیاتی مانگانەیان خۆشبن.
٣- بۆ کەمکردنەوەی گوشاری سەر کرێکاران و چینی خوارەوەی کۆمەڵگە بە زووترین کات بەستەی بژیوی ژیان دابەش بکرێت.
٤- بەخۆرایی کردنی نرخی ئاو و برق و گازی خەڵک.