چالاکێکی مەدەنیی ژینگەپارێز و یەکێک لە ئەندامانی گرووپی شاخەوانی شنۆ، حوکمی ٦ ساڵ بەندی تەعزیری بەسەردا سەپا.
چالاکێکی ژینگەپارێز بە ناوی “ڕەشید ناسرزادە” لە لایەن لقی ۱۰۱ی دادگای ۲ی شاری شنۆ بە ٦ ساڵ بەندی تەعزیری مەحکووم کرا.
جێی ئاماژەیە ناوبراو بە تۆمەتی ” وەڕێخستنی کۆبوونەوەو تێکدانی ئەمنیەتی وڵات” بە پێنج ساڵ زیندانی و بە تۆمەتی” بانگەشە دژی نیزام” بە ساڵێک زیندانی تەعزیری مەحکووم کرا.
لە لایەکی تریشەوە ناوبراو بە تۆمەتی ” هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە هێزەکانی دژبەری ڕێژیم” تاوانبار کراوە.
جێی ئاماژەیە، “ڕەشید ناسرزادە” ڕۆژی پێنج شەممە، ۷ی خاکەلێوەی ۹۹ بە شێوەیەکی ڕەسمی حوکمەکەی پێ ڕاگەیەندراوە.
ڕەشید ناسرزادە، ڕۆژی سێ شەممە، ۱۲ی سەرماوەزی ۹٨ لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی شنۆ لە کاتی گەڕانەوەی لە هەرێمی کوردستانەوە، لە ڕێگای نێوان پیرانشار و شنۆ دەسبەسەر و دوای ٤٥ ڕۆژ لە ۲٦ی مانگی بەفرانبار بە بارمتەی ۲۰۰ میلیۆن تمەنی تا کاتی دادگایی کردنەکەی ئازاد کرابوو.