Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
هه‌ینی ۹ ی جۆزه‌ردانی ۱۳۹۹ | 29/05/2020 | کاتژمێر:
راگەیەندراوەکان

پەیامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان بۆ بنەماڵەی شەهیدانی کوردستان

28/03/2020 | 12:46:27
+A
-A

بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان!
مێژووی جووڵانەوەی ڕزگاریخوازیی کورد قەرزباری ڕۆڵە خەباتکار و تێکۆشەرەکانیەتی کە لەپێناو سەربەستی نیشتمان و سەرخستنی بزووتنەوەکەدا خۆنەویستانە گیان و ژیانی خۆیان بەختی ئەم ئامانجە کردوە.
بەردەوامیی خەباتی نەتەوەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دوای ڕووخانی کۆماری کوردستان و شەهیدکرانی پێشەوای سەرکۆمار و پەرەسەندنی بیری نەتەوایەتی و خەباتی شوناسخوازیی ئەم گەلە، بێگومان بەرهەمی گیانفیدایی کەسانێکە، کە لە سەنگەرەکانی پارێزگاری لە مان و بوونی ئەو گەلەدا بە سەخاوەتەوە گیانیان بەخشیوە و ئاڵای خەباتی نەتەوەکەیان شەکاوە ڕاگرتوە.
دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ڕۆژی 10ی خاکەلێوە، ڕۆژی “شەهیدانی کوردستان”دا وێڕای ناردنی سڵاو بۆ گیانی پاکی هەموو شەهیدانی کوردستان، قەدر لە بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان دەگرێ و سڵاو بۆ باوەڕ و خۆڕاگرییان دەنێرێ.
ئێمە هەر لە ڕێبەرانی شەهیدمان فێر بووین کە باشترین پاداش بۆ شەهیدان درێژەدانی ڕێگەیانە، بۆیە لەو ڕۆژەدا وێڕای بەرزڕاگرتنەوەی یادی شەهیدان، پەیمانیان لەگەڵ نوێ دەکەینەوە کە هەتا وەدیهاتنی ئامانجەکانیان کە ئازادی و ڕزگاریی کوردستانە، لە سەنگەری ئەم خەباتە ڕەوایەدا دەمێنینەوە و، درێژەدەری ڕێگای خەباتگێرییان دەبین.
سڵاو لە شەهیدانی کوردستان،
سڵاو لە بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان.

دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
9ی خاکەلێوەی 1399ی هەتاوی