بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە باڵوێزخانەی ئەمریکا بۆ جارێکی تر کەوتە بەر هێرشی مووشەکی و تا ئێستا هەواڵێک لە زیان و زەرەدەکان بڵاونەکراوەتەوە.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی ئەلعەرەبییە، ڕۆژی پێنج شەممە ٧ی خاکەلێوەی ٩٩ی هەتاوی، چەند مووشەکێک ئاراستەی باڵوێزخانەی ویلایەتەیەکگرتوەکانی ئەمریکا لە ناوچەی سەوزی بەغدا کران کە زیانەکانی ڕانەگەیەندراوە.
لە ماوەی جەند مانگی ڕابردوودا ئەوە بۆ چەندەمین جارە کە باڵوێزخانە و ناوەندە سەربازییەکانی ئەمریکا دەکەونە بەر هێرشی موشەکیی کۆماری ئیسلامیی ئێران و دەست وپێوەندەکانی لە عێراق.
لە ماوەی ڕابردوودا ئەمریکا بۆ تۆڵەکردنەوە لە میلیشیا شیعەکانی عێراق چەند جارێک هێرشی کردۆتە سەریان و دەیان کەسیان لێ کوژراوە و برینداربوون. هەر بۆ وڵامدانەوە بە کردەوە تێرۆریستی و ئاژاوەگێڕییەکانی کۆماری ئیسلامی، دەوڵەتی ئەمریکا لە هێرشێکی هەواییدا قاسم سلێمانی گەورە تێرۆریستی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستی کوشت و زەبرێکی کاریگەریی لەو ڕێژیمە وەشاند.
ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕێگەی دەستوپیوەندەکانی دەیهەوێ بە تەواوی هێژموونی خۆی بەسەر ئەو وڵاتەدا بسەپێنێ و گوشار بخاتە سەر ئەمریکا و ئەمریکاش دەیهەوێ دەستی کۆماری ئیسلامی لە عێراق کورت بکاتەوە