وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند کە حەسەن رووحانی بەجێی ئەوەی کە ئەمریکا تۆمەتبار بکا، با یارمەتی و هاوکارییەکانی دەوڵەتی ئەمریکا قبووڵ بکا.
مایک پۆمپیئۆ لە تویتێکدا ڕوو بە ڕووحانی ڕایگەیاند کە سەرۆک کۆماری ئێران لە پێوەندی لەگەڵ ڤایرۆسی کۆڕۆنا کە لە شاری ووهانی چین سەریهەڵداوە، بەجێی تۆمەتبار کردنی دەوڵەتی ئەمریکا با یارمەتییەکانی ئێمە بۆ خەڵکی ئێران قبووڵ بکات.
لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا دەوڵەتی ئێران بەجێی ئەوەی کە لە فکری خەڵکی ئێران دابێ و پێشگیری لە پەرەسەندنی ڤایرۆسەکە بکا، هەر خەریکی چەواشەکردنی هەواڵەکە و فریودانی خەڵک و تۆمەتبارکردنی دەوڵەتانە.
ڕووحانی لەسەرەتای هاتنە سەرکارییەوە بە وتارە درۆیینەکانی خۆی بە فریشتەی نەجاتی خەڵکی ئێران ناوبرد و خەڵکیش هەروەک سەرۆک کۆمارەکانی پێشوو فریوی ئەویشیان خوارد و لایەنگرانی ناوبراو بە شایی و لۆغان گەیاندیانە سەر تەختی دەسەڵات بەڵام ناوبراو نەک لە ئەوانی پێش خۆی باشتر نەبوو بەڵکوو زۆر لەوان جینایەتکارتر بوو و قوربانیانی مانگی خەزڵوەری رابردوو نیشانیدا کە چەندە خوێنریژ و دیکتاتۆرە.
روحانی لە ماوەی دەسەڵاتی خۆیدا بێجگە لە فریودانی خەڵک و بە تاڵانبردنی سامانی وڵات هیچی بۆ گەلانی ئێران بە دیاری نەهێناوە. ناوبراو بەجێی ئەوەی کە لەفکری چارەسەری کێشەکان و بژیوی ژیانی خەڵکی ئێراندابێ، هەر ڕۆژە بەجۆرێک لەپشتی تریبوونێک دەردەکەوێ و کۆمەڵێک درۆ تەحویلی خەڵک دەدا کە هەموو جارێ دوای حەفتەیەک ڕاستییەکانی پشتی پەردە و درۆکانی پشتی تریبوونەکانی بۆ خەڵک ئاشکرا دەبن و ڕۆژبەڕۆژ لە نێو بیرورای گشتیی ئێران و جیهاندا ڕیسوا و ڕیسواتر دەبێ.