کۆڕۆنا لەگەڵ ئەوەی کە تا ئێستا چارەسەرێکی بۆ نەدۆزراوەتەوە، ڕۆژبەڕۆژ لە حاڵی تەشەنەسەندن دایە و تا ئێستا لە نزیک بە ٢٠٠ وڵاتدا بڵاو بۆتەوە.
لەگەڵ پەرەسەندنی ڤایرۆسی کۆڕۆنا تا ئێستا لە سەرانسەری جیهان زیاتر لە ٢٠هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە.
هەر بەهۆی تەشەنەسەندی ئەم ڤایرۆسە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسەکە دوو میلیارد دۆلاری بۆ وڵاتە هەژارەکان تەرخان کردووە.
مەجلیسی سەنای ئەمریکا گەڵالەیەکی دوو تریلیۆن دۆلاری بۆ پێشگیری لە دۆخی نالەباری ئابووری بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە پەسەند کرد. بەپێی ئەو گەڵاڵەیە بەشێک لەو پارەیە دەدرێ بە بنەمالەکان بۆ ئەوەی بتوانن پێداویستییەکانی ژیانی ڕۆژانەیان دابین بکەن.
ڤایرۆسی کۆڕۆنا لە دوو وڵاتی ئیتالیا و ئیسپانیا دوای چین زۆرترین قوربانی لێکەوتۆتەوە و ڕۆژی رابردوو ئاماری ئەو کەسانەی کە لە ٢٤ کاتژمێردا لە ئیسپانیا گیانیان لەدەستداوە ٧٣٨ کەس بووە و تا ئێستا لە ئیسپانیا ٣هەزار و ٤٣٣ کەس گیانیان لەدەستداوە. لە وڵاتی ئیتالیاش کە ئێستا بە تەواوی قەرەنتینەیە، تا ئێستا ٦ هەزار و ٨٢٠ کەس گیانیان لەدەستداوە.
بە وتەی وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی ئێران تا ئێستا تەنیا لە پارێزگای قوم ٤٠ دوکتۆر و ١٣٠ پەرەستار تووشی ڤایرۆسی کۆڕۆنا بوون و لە ئێران ٤٦ دوکتۆر و پەرەستار بەهۆی ڤایرۆسەکەوە گیانیان لەدەستداوە.
سەرۆکی مانگی سووری ئێران ڕایگەیاند کە تەنیا لەسەر جادەکان ٩ هەزار گەشتیار دەسبەسەر کراون کە گومان دەکرێ تووشی ڤایرۆسی کۆڕۆنا بووبن.
بەپێی ئاماری ڕەسمیی کۆماری ئیسلامی تا ئێستا لە ئێران ٢ هەزار و ٧٧ کەس گیانیان لەدەستداوە و ژمارەی تووشبوانیش لە ٢٧ هەزار کەس تێپەڕیوە کە لایەنە پێوەندیدارە ناحکوومییەکان ئەو ئامارە بەڕاست نازانن و هێندێک لە کاربەدەستانی دەوڵەتیش باس لەوە دەکەن کە وەزارەتی تەندروستیی ئاماری دروستی قوربانییەکان بڵاو ناکاتەوە.
پزیشکانی بێسنوور کە ئامادەبوون لە ئێران چارەسەری نەخۆشەکانی ڤایرۆسی کۆڕۆنا بکەن بەڵام کۆماری ئیسلامی بە گومانەوە سەیری ئەو هاوکارییەی ڕیکخراوەکەی کرد و نەیهێشت هاوکاری خەڵک بکەن و هاوکارییەکانی ڕەتکردەوە.
لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش ئەم ڤایرۆسە هەر لە حاڵی پەرەسەندن دایە و سەرچاوە ناڕەسمییەکان باس لە مەرگی ٢٧٧ کەس دەکەن بەڵام تا ئێستا کۆماری ئیسلامی ژمارەی دروستی قوربانییەکانی بڵاو نەکردۆتەوە.
لە زۆربەی شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان نەخۆشخانەکان لەگەڵ کەمیی پیداویستییە پزیشکییەکان بەرەوڕوون و دەوڵەت ئاوڕێک لە دۆخی نەخۆش و نەخۆشخانەکان ناداتەوە.
کەسانی دڵسۆز و خۆبەخشی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەشێوەی جۆراوجۆر هاوکاری خەڵک دەکەن. بەشێک لە دوکتۆرە نیشتمانپەروەرەکان بێ بەرانبەر خزمەتی نەخۆشەکان دەکەن، کۆمەڵێک گەنجی ماندوویی نەناس لە شارەکان بەشێوەی جۆراوجۆر یارمەتی خەڵک دەدەن ، کەسانی دەوڵەمەند هاوکاری هەژارەکان دەکەن و ئەنجوومەنەکان وێڕای هاوکاری جۆراوجۆری خەڵک لەبیری پاراستنی شار و گوندەکانی کوردستاندان.