لە زیندانی ناوەندیی شاری ورمێ گیانی هەموو زیندانیانی سیاسی لە مەترسیدایە.
بە پێی سەرچاوەکانی هەواڵ، یەکێک لە کارمەندەکانی کارگێڕی لە زیندانی ناوەندیی ورمێ بە ناوی ” کیا مەزاهری”، ڕۆژی سێشەممە ٥ی خاکەلێوە بە هۆکاری هەبوونی نیشانەکانی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆناوە بۆ دەرەوەی زیندان گوازراوەتەوە.
ناوبراو تەمەن ٤٩ ساڵ و بەرپرسی فرۆشگای بەندی سیاسی زیندانی ناوەندیی ورمێ بووە کە هەموو زیندانییەکان ڕۆژانە لەگەڵ ئەو کەسە پەیوەندی ڕاستەوخۆیان هەبووە و پێداویستییەکانیان کڕیوە.
لە لایەکی تریشەوە یەکێک لە زیندانییەکانی تر بە ناوی “عەبدولسەلام مەردان ڕەزگە” لە بەندی سیاسی ناوەندیی ورمێ ڕۆژی شەممە ٢ی خاکەلێوەی ٩٩ی هەتاوی بەهۆی دۆخی خراپی جەستەیی و لە هەمان کاتدا دوای چلەهەمین ڕۆژی مانگرتنی بۆ ناوەندیی دەرمانی دەرەوەی زیندان ڕاگوێزراوەو دوای وەرگرتنی تێست دەرکەوتووە کە تووشبووی ڤایرۆسی کۆرۆنایە.
بەم هۆکارەوە هەموو زیندانیانی ئەم زیندانە لە ژێر هەڕەشەی ئەو ڤایرۆسەدان و مەترسی تووشبوون بەو نەخۆشیەیان لەسەرە.
جێی ئاماژەیە چەند ڕۆژ پێش، ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی ڕەخنەی لە چۆنییەتی پێدانی مەرەخەسی بە زیندانیان گرت و داوای ئازاد کردنی بێ مەرجی زیندانیانی کرد، سەبارەت بەو بڕیارەی دەزگای دادی کۆماری ئیسلامیی ئێران کە پێدانی مەرەخەسی زیندانیانی سیاسی و ئەو زیندانیانەی بە دژی ئاسایشی وڵات ناویان دەبا ئەم بڕیارە نایانگرێتەوە.