وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەڵێ: ئێمە شەو و ڕۆژ خەریکین چارەسەری کۆرۆنا بدۆزینەوە و خامنەییش شەو و ڕۆژ خەریکی ڕستن و چنینی تۆمەتی بێبنەمایە.
مایک پۆمپێئۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە وڵامی خامنەییدا کە ئەمریکای بەوە تۆمەتبارکردبوو گوایە ڤایرۆسی کۆرۆنا سازکراوی ئەمریکایە، وتی: “خامنەیی و ڕێژیمی ئێران پاش بڵاوبوونەوەی هەواڵی تەشەنەسەندنی ڤایرۆسەکە لە چیندا یەک مانگ ڕێگرییان لە فڕۆکەوانی تێرۆریستان واتە فڕۆکەوانیی ماهان نەکرد کە گەشت بۆ چین نەکا. سەرەڕای هۆشداریی وەزیری تەندروستی وڵاتەکەی خۆیان گیانی خەڵکی ئێرانیان بەلاوە گرینگ نەبوو و پاشتریش ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێرانەوە لانیکەم بۆ پێنج وڵات گوازرایەوە”.
پۆمپێئۆ لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بە یارمەتی دەرمانی ئەمریکا بۆ وڵاتانی جیهان و ئێرانیش کرد و ڕایگەیاند، ئێمە ئاگادارین کۆماری ئیسلامی ٩ ڕۆژ بڵاوبوونەوەی ئەم ڤایرۆسە کوشندەیەی لە ئێراندا شاردۆتەوە و ئێستاشی لەگەڵ بێ لە گەڵ خەڵکی خۆیدا درۆ دەکا و ئاماری ڕاست بڵاو ناکاتەوە.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا گوتی: “تۆمەتە هەڵبەستراوەکانی خامنەیی بۆ خەڵکی جیهان و ئێرانیش مەترسیدارن”.