لە شاری پیرانشار لە لایەن بەشێک لە سەرمایەداران و کەسانی دەستڕۆیشتوو کەمپەینێکی کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ بنەماڵەی کەم دەرامەت و هەژارەکانی ئەو شارە ڕاگەیەندرا.
لە بەشێکی ڕاگەیەندراوی ئەم کەمپەینەدا هاتووە:
هاوشارییانی خێرخوازی پیرانشار هەر وەک ئاگادارن بە هۆی هەڕەشەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا بۆ سەر هەموو خەڵکی جیهان و بە تایبەت ژینگەی ئێمە، لە ئێستادا ڕاوەستانی زۆربەی کەسب و کارەکانی لێکەوتۆتەوە و داهاتی هێندێک لە هاوشاریان بە تەواوی وەستاوە و تووشی کێشەی ماڵی هاتون و ڕەنگە تا ماوەیەکیش نەتوانن بچنەوە سەر کارەکانیان، هەر بۆیە ئێمە وەکوو بەڕێوەبەرانی ئەو کەمپەینە داوا لە خەڵکانی نیشتمان دۆست و خێرخواز دەکەین یاریدەدەری هاووڵاتیانی دەستکورتی خۆیان بن.
جێی ئاماژەیە لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوو لە شارەکانی بانە، مەهاباد، سەردەشت و شارەکانی تری کوردستان کەمپەینی کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ بنەماڵە هەژار و کەم دەرامەتەکان دەستی پێکردووە.
شایانی باسە لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا لە کوردستان چەندین ڕێوشوێن بۆ پێشگیری لەو ڤایرۆسە گیراونەتەبەرو بە هەوڵ و ماندووبوونی چالاکانی مەدەنی و خەڵکی خێرخواز و مرۆڤدۆست چەندین کاری وەک بڵاوکردنەوەی دژە گەنکردن لە شارو ئاواییەکان، دوورینی دەمامک و دابینکردنی پێداویستییەکانی پێشگیری لەو ڤایرۆسە بێ بەرامبەرو هەروەها کۆکردنەوەی کۆمەک و هاوکاری ماددی و خۆراکی بەڕێوەچوون و بەردەوامن.