بە بڕیاری فەرماندار و بەرپرسی نەخۆشخانەی شنۆ خانەی مامۆستایانی ئەم شارە کراوە بە شوێنی قەرەنتینەکردنی نەخۆشانی تووشبوو بە ڤایرۆسی کۆرۆنا.
جێی ئاماژەیە ئەم بڕیارە بووەتە هۆی ناڕەزایەتی خەڵکی ناوچەی بارزان ئاوا لە شنۆ کە یەکێکە لە ناوچە هەژار نیشینەکانی ئەو شارە.
بە پێی سەرچاوەکانی هەواڵ، نەخۆشانی تووشبوو بە ڤایرۆسی کۆرۆنا کاتێک لە نەخۆشخانە دەردەچن لەو شوێنەدا قەرەنتینە دەکرێن و ئەو بڕیارەش دەبێتە هۆکاری تووشبوونی کەسانی تر بەم ڤایرۆسە .
دانیشتوانی ئەم ناوچەیە دەڵێن: “شوێنی قەرەنتینە کردنی نەخۆشانی تووشبوو بە کۆرۆنا پێویستە لە ناوچەیەکی چۆل و دوور لە شار و خەڵک بێت، بۆ ئەوەی کەسانی تر تووشی ڤایرۆسەکە نەبن”.
شایانی باسە، لەگەڵ بڵابوونەوەی ڤایرۆسەکە بە شێوەیەکی بەربڵاو بە شارەکانی ئێران و کوردستاندا، وڵاتی ئێران لەگەڵ کەمی کەلوپەلەکانی تەندروستی و ناوەندە دەرمانییەکان و شوێنی مانەوەی نەخۆشەکان بەرەوڕووبۆتەوە و ئەوەش نیگەرانی لای خەڵک دروست کردووە و متمانەیان بەم حکومەتە نەماوە کە بتوانێ پارێزەری گیانی خەڵکەکەی بێت.