ڤایرۆسی کۆڕۆنا تا ئێستاش زۆر بە خێرایی بە جیهاندا بڵاو دەبێتەوە و گیانی سەدان هەزارکەسی خستۆتە مەترسییەوە و خەڵکێکی زۆری جیهان قەرەنتینە کراوە.
ڤایرۆسی کۆڕۆنا کە لە ساڵی ڕابردوودا بۆتە بەڵای گیانی ئینسانەکان، تا ئێستاش زۆر بەخێرایی بە وڵاتانی جیهاندا بڵاودەبێتەوە و جارێ چارەسەرێکی بۆ نەدۆزراوەتەوە.
لەگەڵ ئەوەی زۆر جار لە ڕاگەیاندنەکاندا باس لە دۆزینەوەی واکسێنی دژ بە کۆڕۆنا دەکرێ بەڵام جارێ هیچکام لە تاقیکردنەوەکان سەرکەوتوو نەبوون.
ڕێکخراوی تەندروستی جیهانیی ڕایگەیاند کە تا ئێستا ٢٦٠ هەزار کەس تووشی ئەم ڤایرۆسە بوون و زیاتر لە ١١ هەزار کەس گیانیان لەدەست داوە. هەر لە هەمان کاتدا ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی هۆشداریی داوەتە لاوەکان و ڕایگەیاندووە کە لاوەکانیش دوور نین لە تووشبوون بەم ڤایرۆسە. لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتوە کە لاوەکان نابێ لەو بارەوە کەمتەرخەم بن و تا ئێستا بەشێکی بەرچاوی نەخۆشەکان لە نەخۆشخانەکان کەسانی ژێر تەمەنی پەنجا ساڵین و، ئەو ڕێکخراوە لە ڕێنماییەکانی خۆیدا باس لەوە دەکا کە لاوەکان بە هاتوچۆکانیان بۆ لای دۆست و خزم و کەسوکاریان ڤایرۆسەکە دەگوازنەوە بۆ خەڵکانی تر و گیانی خۆشیان لە مەتەرسی دەخەن.
بەهۆی ڤایرۆسی کۆڕۆناوە لە ئێران تا ڕۆژی شەممە زیاتر لە ٢٠ هەزار کەس نەخۆش کەوتوون و ١٥٥٦ کەس گیانیان لەدەست داوە. دوو شاری گەورەی تاران و ئیسفەهان لەو شارانەن کە لەم چەند ڕۆژەدا زۆرترین خەڵک تووشی کۆڕۆنا بوون.
بڵاوکردنەوەی ئەو ئامارەی وەزارەتی تەندروستیی ئێران لە کاتێکدایە کە حەوتووی ڕابردوو ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بەوەدابوو کە ئاماری وەزارەتی تەندروستیی ئێران یەک لەسەر پێنجی ئەو کەسانەیە کە بەو ڤایرۆسە گیانیان لەدەستداوە یا تووشی ڤایرۆسەکە بوون.
ڕۆژی شەممە ٢ی خاکەلێوەی ٩٩ی هەتاوی بە فەرمانی دەوڵەتی ئەمریکا لە سێ ئەیالەتی ئەو وڵاتە بە میلیۆنان کەس لە ماڵەکانیاندا قەرەنتینە کراون و ئەو هەوڵەش بۆ قەرەنتینەکردنی خەڵکی ئەیالەتەکانی دیکە بەردەوام دەبێ.
لە وڵاتی ئیتالیا تا ڕۆژی شەممە نزیک بە ٥٤ هەزار کەس تووشی کۆڕۆنا بوون کە ٤ هەزارو ٨٥٢ کەس گیانیان لەدەست داوە و تەنیا لە یەک ڕۆژدا ٨٠٠ کەس بە ئاماری قوربانییەکانەوە زیاد بوو.
لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەچەند شارێک ئەم ڤایرۆسە پەرەی سەندووە و خەڵکێکی زۆر نەخۆش کەوتوون. لەگەڵ ئەوەی کە کۆماری ئیسلامیی لەباری پێڕاگەیشتنەوە قەت گرینگیی بە کوردستان نەداوە، بەڵام خەڵکی نیشتمانپەروەری کوردستان، ژینگەپارێزان و خەمخۆرانی نیشتمان هەردەم بەوپەڕی هەست بە بەرپرسایەتی کردن لە خەمی وڵاتدا بوون. ئێستاش لە بەشێکی زۆری شارەکانی کوردستان ئەوە دڵسۆزانی کوردن کە خەڵک و وڵات دەپارێزن و لەهەر ڕێگەیەکەوە کە بۆیان بلوێ دەبنە سپەری بەڵاکانی سەر خەڵکی کورد و بەوپەڕی دڵسۆزیەوە دەبنە سپەری بەڵای خەڵک و خاکی کوردستان.