ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی لە ڕاگەیەندراوێکدا کە بڵاوی کردۆتەوە ڕەخنەی لە چۆنییەتی پێدانی مەرەخەسی بە زیندانیان گرتوە.
“فیلیپ لوتر”، بەرپرسی لێکۆڵینەو و کاروباری یاسایی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقا گوتی: جێگای شەرمە کە بەشێک لە زیندانییانی سیاسی وعەقیدەتی بۆ نموونە چالاکانی پشتیوانی لە مافی مرۆڤ و بەشێکی تر لەو زیندانییانەی کە لە خۆپێشاندانەکانی مانگی خەزەڵوەردا دەسبەسەر کراون تا ئێستا لە بەندیخانەدان، لە کاتێکدا دەگوترێ ڤایرۆسی کۆرۆنا بە شێوەیەکی بەربڵاو لە هەموو زیندانەکاندا بڵاوبۆتەوە.
جێی ئاماژەیە، ڕۆژی چوارشەممە ٢٨ی ڕەشەمەی ٩٨، ” غولام موحسین ئیسماعیلی” وتەبێژی دەزگای قەزایی ئێران ڕایگەیەندا ” دوو لەسەر سێی ئەو زیندانییانەیان ئازاد کردوە کە بڕیاری لێبووردنی ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران دەیانگرێتەوە” .
لەم پێوەندییەداو لە وڵامدانەوە بە بڕیارەکەی دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامیی ئێران لێبوردنی نێونەتەوەیی داوای لە ڕێبەرانی ئەم وڵاتە کرد کە بێ قەید و مەرج هەموو زیندانییان ئازاد بکەن.
شایانی باسە بەپێی ڕاگەیەندراوێک کە لە لایەن دەفتەری”ڕەئیسی” سەرۆکی دەزگای دادی کۆماری ئیسلامییەوە دەرچووبوو، بە ئاماژە بە مەترسی ڤایرۆسی کۆرۆنا و هەروەها ڕۆژە تایبەتە مەزهەبییەکان، داوا لە بەرپرسانی بەندیخانەکان و بەرپرسانی دادگاکانی کۆماری ئیسلامی کرا کە بەشێکی دیاریکراو لە بەساڵاچوان و ئەوانەی نەخۆشی مەترسیداریان هەیە و ئەوانەی تاوانەکانیان زیاتر ماڵی و داراییە دەتوانن بە دانانی بارمتە مەرەخەسیان پێ بدرێ.
لەم ڕاگەیەندراوەدا هاتبوو کە زیندانیانی سیاسی و ئەو تاوانبارانەی کە کۆماری ئیسلامی بە دژی ئاسایشی وڵات ناویان دەبا ئەم بڕیارە نایانگرێتەوە و گیانی ئەو کەسانەی کە داوای مافەکانیان کردوە بۆ کۆماری ئیسلامی گرینگ نییە.