کەسایەتیی نیشتمانپەروەرو خۆشناوی ناوچەی سەردەشت “خدر کاوە” کۆچی دوایی کرد.
ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٩ی ڕەشەمەی ١٣٩٨ی هەتاوی، “خدر کاوە” خەڵکی گوندی “پاراستان”ی ناوچەی سەردەشت دوای ماوەیەک بەربەرەکانی لەگەڵ نەخۆشی کۆچی دوایی کرد.
مام خدر کەسێکی نیشتمانپەروەرو و خۆشناو، خەمخۆر و دڵسۆزی ناوچەی سەردەشت بوو و بەردەوام لە خۆشی و ناوخۆشییەکانی خەڵکدا بەشدار بوو، هەر بەم بۆنەوە خەڵکی گوندی پاراستان زۆر ڕێزیان لێی دەگرت و خۆشەویستی خەڵکی گوندەکەی بوو.
ناوبراو کەسێکی سادق و قسە خۆش بوو کە دەرگای ماڵی هەموو کات بە ڕووی میوان و پیشمەرگەدا کراوە بوو و خزمەتێکی زۆریشیان بە پێشمەرگە کردوە.
مام خدر کەسێکی خاوەن هەستی کوردایەتی و باوکی “شەهلاو لاوێن کاوە” بوو کە خاتوو شەهلا ماوەی چەند ساڵێکە لە ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتدا تێدەکۆشێ .
لە لایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە بەم بۆنەوە سەرەخۆشی خۆمان لە بنەماڵەی مام خدر کاوە و هەر دوو کچەکەکانی خاتوو شەهلاو خاتوو لاوێن و هەموو خزم و کەسوکار و دۆست و هاوڕێیانیان دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.