Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
شه‌ممه ۱۶ ی خاکه‌لێوه‌ی‌ ۱۳۹۹ | 04/04/2020 | کاتژمێر:
سیاسی

کۆمەڵگەیەک بە خەم و ویستی هاوبەشەوە

19/03/2020 | 19:34:12
+A
-A
عەلی لەیلاخ

زیاتر لە دوو مانگە بڵاوبوونەوەی  پەتای کۆرۆنا لە چەند ڕەهەندەوە دنیای بە خۆیەوە سەرقاڵ کردوە.

لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی کۆرۆنادا باس لە ململانێی مێژوویی  نێوان زلهێزان کرا بە تایبەتی “ئەژدیهای زەرد”ی چین و هەڵۆی باڵ کراوەی ئامریکای کە بەپێی کتێبەکەی “چین” کە کیسنجێر نووسییەتی ئەو کێشمەکێشە تا ئاستی یەکتر بەزاندن بەردەوامە و  سەرهەڵدانی ئەو نەخۆشییەش لە وڵاتی چین بۆ ماوەیەک ململانێیە کلاسیکەکانی بەرجەستە کرد.

ئەو نەخۆشییە بەخێراییەکی زۆرەوە گەیشتە ئێران و دواتر کوردستانیشی گرتەوە، بەڵام بەهۆی نەبوونی بەڕێوەبەریی قەیران لەو وڵاتە و لە کاتێکدا کە دەبوا ڕێوشوێنی گشتیگیر بگرنە بەر، کەچی لەبەر بەشداریی خەڵک بۆنەی ٢٢ی ڕێبەندان و هەروەها هەڵبژاردنەکانی مەجلیس بێدەنگەی لێکرا. لە لایەکی دیکەش  کۆمپانیای فڕۆکەوانیی “ماهان ئەیر” کە سەربە سپای پاسدارانە بەبێ ڕەچاوکردنی پروتۆکۆلەکان و بۆ هەلپەرستیی ئابووری و بە بەردەوامیی گەشتەکانی خۆی پەرەی بە بڵاوبوونەوەی ئەم پەتایە دا.

دواتریش نەبوونی “مودیرییەتی قەیران” و خۆبواردنی بەرپرسان لە باسیکردنی ڕاستییەکان و لە هەموو گرینگتر بۆشایی متمانە لەنێوان خەڵک و حکوومەت وایکرد کە ئێران دوای وڵاتی چین زیاترین تۆشبووی هەبێ.

پاش تەشەنەسەندنی نەخۆشی کۆڕۆنا لە ئێران و گەیشتنی بە کوردستان ئاستی ئەو کارەساتە بەربڵاوتر دەرکەوت، ئەویش لەبەر جیاوازیی شێوەی مودیرییەت لە کوردستان لەچاو ناوچەکانی دیکەی ئێرانە. زۆر زووش لە میدیاکاندا ئەو باسە ورووژا کە ئەولەوییەتی دەوڵەت پێشگرتن لە تەشەنەسەندنی ئەم پەتایە لە تارانە و ناوچەکانی دیکەی ئێران خراوەتە لاوە.

ئەمە یەکەم جار نەبوو کە خەڵکی کوردستان هەست بکەن لە نەهامەتی و قەیرانەکاندا تەنیان. خەڵک بوومەلەرزەکەی کرماشان و لافاوی لۆڕستانیان لەبیر مابوو. هەر بۆیە بەپێی ئەو ئەزموونە کە لایەنێکی خەمساردیی دەسەڵات و لایەنەکەی دیکەی خۆ ڕێکخستن و خۆبەڕێوەبەریی خەڵکییە، ئەمجارەش لە بەرانبەر قەیرانی کۆڕۆنادا بەجوانی دەرکەوتن.

هەر لە یەکەم ڕۆژانی تەشەنەسەندنی پەتای کۆڕۆنا لە کوردستان  دیسانەکە ئەمە ڕێکخراوەکان و چالاکانی مەدەنیی کورد بوون کە بە هەستکردن بە قووڵایی ئەم قەیرانە و لە نەبوونی دەسەڵاتێکی بەمشوور،  بە خۆڕێکخستنی خۆیان توانییان ببنە ناوەندێکی جێگەی متمانە و، هەروەها بەشی زۆری دۆخەکە کونتڕۆڵ بکەن.

ئەم ئەزموونەی خەڵکی کوردستان لە خۆبەڕێوەبردن و ئیدارەی خۆیان وایکرد ئەم قەیرانەش ببێ بە دەرفەتێک بۆ سەلماندنی ئەوەی شیاوی ژیانێکی شارستانین و مافی خۆیانە چارەنووسی خۆیان و بەرێوەبەریی نیشتمانەکەیان لەدەست خۆیاندا بێ.

یەکێک لە دیوەکانی دیکەی  قەیرانی کۆڕۆنا زانست‌تەوەری دژی خورافە و ئایدۆلۆژیای دوگمە کە بەخۆشییەوە خەڵکی کورد بەهۆی  هەبوونی ڕێکخراو و ئەحزابی سیاسی، لەو بارەشەوە چەند هەنگاوێک لە پێشەوەی ناوچەکانی دیکەی ئێرانن کە لەژێر سیاسەتی “ئەریستو کراسیی مەزهەبی”دا، هزر و زەینییان داخراوە.

کە سەرنجی ڕەفتاری کۆمەڵایەتیی ئەم دواییانەی خەڵکی کورد دەدەین واتە لە بوومەلەرزەکەی کوتۆڵ لە پارێزگای ورمێ تا بڵاوبوونەوەی پەتای کوشندەی کۆرۆنا ئەوەی جێگای وردبوونەوەیە ئامادەیی خەڵکە بۆ کۆنترۆڵی قەیرانەکە و ئیدارەی شوێنی ژیانیان. لە هەمووی گرینگتر کاتێک کەمپەینی “پارێزەرانی ژیان” لە شاری جوانرو دوای ئەوەی شار و ناوچەی خۆیانیان پاک و خاوێن کردەوە ڕایانگەیاند کە ئامادەن بە هانای خەڵکی پارێزگای گیلان بکەون،  ئەمەش جیا لەوەی ئەو پەڕی مرۆڤایەتییە، ڕێک بە پێچەوانەی ویستی ناوەند بوو کە هەموو کات هەوڵی‌ داوە ڕۆخساری تاک و کۆمەڵگەی کورد ناشیرین نیشان بدا.

ئەمە چالاکانی مەدەنی و خەڵکی خۆبەخشی شارەکانی پیرانشار، شنۆ و نەغەدە بوون کە لەژێر ناوی “ژیان بەردەوامە”، لە ڕێزی پێشەوەی گیانفیداییدا لە شەقام و کۆڵانەکانی شار مانەوە هەتا خەڵک لە ماڵەوە سڵامەت بن لە دەرد و بەڵا.

هەر لە یەکەم ڕۆژانی گەیشتنی کۆرۆنا بە شارەکانی کوردستان  بەتایبەتی لە شارەکانی سەقز و بۆکان چەندین گرووپ و کەمپەین لە تۆڕە کۆمەڵیەتییەکان دەستیان کرد بە چالاکی و وشیارکردنەوەی خەڵک. لە لایەکی دیکەش شوڕای رێکخراوە مەدەنییەکان بە ئەزموونی هەروەز و هاوکاری کۆکردنەوە بۆ خەڵکی لافاولێدراوی  لۆڕستان، ئەمساڵیش توانییان ببنە پردێکی هاوکاری لەنێوان چالاکان و خەڵکانی خەمخۆر لە چەندین شاری کوردستان.

هەوڵدان بۆ کۆنتڕۆڵی قەیرانی کۆرۆنا کە لە واقعدا هەم ئەرکی دەوڵەتە و هەم بەپێی ئیمکانات لە توانای ئەو‌دایە، دەبینین لە کوردستان بووەتە ئەرکێکی نیشتمانی و هەموو چین‌ و توێژەکان  هەرکامە و بە جۆرێک خۆیان لەو بارەوە بە بەرپرس دەزانن.

بێگومان لە “پساکۆرۆنا”دا ناسیونالیزمی کوردی شکڵی کۆمەڵایەتی و ژێرخانیی دیکە بەخۆیەوە دەبینێ، چونکە لە سەردەمی بێدەسەڵاتیدا  ئەمە تاک بە تاکی خەڵکی کوردستان بوونکە بۆ پاراستنی نیشتمان هەوڵی پاراستنی خەڵکی خۆیانیان‌ دا.

فەرامۆش ناکرێ کە بەشێک لە مامۆستایانی ئایینی بە زانست و مشوورەوە وتاری خۆیانیان بۆ وشیاریی خەڵک پێشکەش کرد و بەدژی هەر جۆرە خورافە و دڵساردکردنەوەی خەڵک هەڵوێستیان گرت. کەم نەبوون و پزیشک و پەرەستارە بەویژدان و شەریفانەی کە تاکاتی نووسینی ئەم دەقەش زۆرترین مەترسییان بۆ تۆشبوون لە سەرە، بەڵام کۆڵ نادەن و دەبێ وەکوو فریشتەکانی سڵامەتی سەیریان بکرێ.

گەر بمانهەوێ هەموو ئەم ڕووداوانە وەکوو ئاڵقەی زەنجیر سەیر بکەین, هەرکامەوە لەسەری ئەوی دیکە کاریگەریی هەبووە. بە  واتایەکی دی چالاکیی مەدەنی و چالاکانی نێوخۆ لە کوردستان پێگە و جێگەی خۆی دۆزیوەتەوە و نەبوونی متمانە بە دەسەڵاتدا و خەڵکی کوردستان متمانەیان بە لاوان و مشوورخۆرەکانی خۆیانە و نیشتماندۆستی و کاری خۆبەخشانە بۆتە نەریتێکی پیرۆز و گشتگیر.

بێگومان کارەساتەکان ئینسانەکان لە یەکتر نزیکتر و لەگەڵ یەکتر مێهرەبانتر دەکەنەوە، هەربۆیە  بە دڵنیاییەوە پاش کۆرۆنا هەرەوەز و تێکۆشانی خەڵک بەتایبەتی کەسانی چالاک دەبێتە “بیرەوەری هاوبەش” مان کە کەناری (خاک و زمان و جوغرافیای هاوبەش)  خاڵێکی گرینگە لە بنیاتنانی دەوڵەتەکان و هەودایەکی نادیار و بەهێزە لە نەتەوەخوازی و مرۆڤدۆستی.