Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
شه‌ممه ۱۶ ی خاکه‌لێوه‌ی‌ ۱۳۹۹ | 04/04/2020 | کاتژمێر:
روانینی دەرەکی

کرۆنا، ویرووسی تاج‌لەسەر

19/03/2020 | 19:32:12
+A
-A
سام یارسان

لەم ڕۆژانەدا کە ڤیرووسی کرۆنا بووەتە سەردێڕی هەموو هەواڵەکانی دنیا؛ بەدەر لەوەی کە بڵاوبوونەوەی ئەم نەخۆشییە تاڵی و ترس و کێشە و ئارێشەی هێناوەتە سەر ڕێی خەڵک، بەڵام لە هەمان کاتدا ئەزموونێکی نوێیە بۆ ئەوان. هەرچەندە پێشتریش لەگەڵ ئەزموونی لەم چەشنە و بە شێوەی تاق و لۆق بەرەوڕوو ببوونەوە، بەڵام لەوانەیە ئەم بارستاییە لە گرینگی پێنەدان و کەمتەرخەمیی بەرپرسانی حکوومەتی و نەزان‌کارییەکانیان و جیاکردنەوەی خۆیی و ناخۆیی لەم پێوەندییەدا، هیچ کات لە لایەن دەسەڵاتەوە بەم ڕوونییە ڕووی نەدابێ.

کەوتنە سەر یەکی ئەم دۆخە لەگەڵ هەلومەرجی ئاڵۆزی وەک درۆ و فریو و گەندەڵیی سیستماتیک و سەرکوتی خەڵک و هەرەسهێنانی ئابووری و هەروەها قەیرانی ڕەوایی ڕێژیم، بووەتە مایەی دڵەڕاوکێی دوو قاتەی خەڵک و هەست بە تەریک‌کەوتنێک دەکەن، کە پێشتر شتی لەم چەشنە نەبینراوە و لەگەڵ هیچ کاتێکدا بەراورد ناکرێ. ڕاستییە تاڵەکە لێرەدایە کە ئەم دڵەڕاوکێ و تەنیاییەی کە باس کرا بووەتە تاقە سیمای شوناسی گشتیی ئێمە و هەمووان خۆیان لە دەوری بازنەی ئەم بەستێنە کۆمەڵایەتییەدا کە پێک هاتوە دەبیننەوە (یان لانی‌کەم ئێمە وەک ناخۆیی وا بیر دەکەینەوە.)

خەڵک، نەزانی و کەمتەرخەمیی بەرپرسان لە بیر ناکەن کە پێشتر بە پاساوی دوژمن تۆقێنانەوە ڕێگە چارەی کێشەکانیان حەواڵەی ئەو دیوی سنوورەکان دەکرد و؛ لە پێوەندی لەگەڵ ئەم نەخۆشییەشدا مودیرییەت و کۆنترۆڵیان هەتا چ ڕادەیەک بوو. ئەوە لە بیر ناکەن کاتێک کە شپڕێویی دۆخەکەیان بۆ دەرکەوت چۆن پێداویستیی تەندروستییان دابەش و بڵاو کردەوە و، زۆر بەئاسانی فەرمانی داخستنی شوێنی کۆبوونەوە فۆرمالیتەکانی خۆیان دەرکرد و، لەم لاشەوە دۆخی کاسبکار و کرێکار و قوتابی و مامۆستا و سەربازی داماویان ئاسایی ڕاگەیاند و؛ ژیان و گیانی ناخۆییەکانیان بەو پەڕی بێ‌شەرمییەوە خستە بەر مەترسی.

خەڵک ئەم ڕاستییە لە بیر ناکەن کاتێک کە دەسەڵات شانازیی بە تێکنۆلۆژیی ناوکی و بەرهەمهێنانی مووشەکی دوورمەودا و ناردنی ماهوارە بۆ فەزا دەکرد، بەڵام لە هەمان کاتدا نەیتوانی یان بڵێین نەیویست دەمامکی پەڕۆیی بۆ خەڵکی وڵاتەکەی دابین بکا. لە بیر ناچێتەوە کە تەنانەت کادرە دەرمانییەکان کە لە سەنگەری یەکەمی خەبات بەدژی ئەم نەخۆشییەدا بوون، لە پێداویستیی پێویست و سەرەتایی خۆپاراستن بێبەش بوون، بەڵام خۆییەکان لە شوێنی ئەمن و سڵامەتەوە و لە ڕێگەی دوورەوە ئامۆژگاریی خەڵکیان دەکرد و پێشنیاری ئەوەیان بەوان دەدا کە داوای شیفا لە “گۆڕە پیرۆزەکان” بکەن. لە دوای پشتڕاست‌بوونەوەی هەواڵی کرۆنا مەودای ڕێبەری دوورەپەرێزی کۆماری ئیسلامی لە کاتی قسەکردن تەنانەت لەگەڵ خۆییەکان چەند ئەوەندەی پێشووتر زیادی کرد؛ ئەمانە هیچ کام لە بیری خەڵک ناچنەوە.

گاڵتەجاڕی پێشنیاری کەلکوەرگرتن لە ڕۆنی وەنەوشە و بەکارهێنانی عەنبەرنیسا و بەرگژەی لستنەوەی دار و دیواری “شوێنە پیرۆزەکان”، ئەوەندە تاڵ و ڕەش بوو تەنانەت بڕوادارانیش لەو ڕادەیە لە بڵاوبوونەوە و پەرەگرتنی خورافات و خەڵک گەوجاندنە سەریان سووڕ مابوو و هەستیان بە شەرم دەکرد. خەڵک ئەوە لە بیر ناکەن کاتێک کە دەسەڵاتداران دیتیان ئەم ڤیرووسە خۆیی و ناخۆیی لێک جیا ناکاتەوە، لە چاوترووکانێکدا فتوای خاوێنیی ئەلکولیان دا و بڵاوەیان بە نوێژی بەکۆمەڵیش بە مەبەستی خۆپاراستنیان کرد.

باسی هەموو ئەو شتانەی وا لەم ماوەیەدا بەسەر خەڵکدا هاتوە، لێرە جێبەجێ نابێ و، هەر کام لە ئێمە بێجگە لە ئەزموونە گشتییەکان بەش بەحاڵی خۆمان هەستمان بە کەموکووڕییەکان کردوە و، دووبارە کردنەوەیان ڕەنگە کەلکێکی ئەوتۆی نەبێ؛ بەڵام ئەوەی لێرەدا گرینگە باسی لێ بکرێ ئەوەیە کە ئەم جار ئێمەی کورد، لوڕ، فارس، عەرەب، بەلووچ، تورکەمەن، گیلەکی و مازەنی و … ئەزموونێکی هاوبەشمان هەیە و، یەکەم بەکورتی گشتمان ناخۆیی دێینە ئەژمار و، دووەم ئەوەی ‌کە ئەم جار ناونیشانی دەرەوەی سنوور و دوژمنیی ئیستعمار و ئیستکباری جیهانی و خۆڕانان بە تۆڵەی بە زەبر و مووشەک و وزەی ناوکی نایخوا و؛ هەمووان بینیمان ناکارامەیی و نەزانیی ڕێژیم هەتا چ ڕادەیەک قووڵ و بەرهەستە.

ئەمە ڕەنگە یەکەم جار بێ کە خەڵک لە ئاستێکی گشتیدا چیی دیکە چاوەڕوانییەکیان لە دەسەڵات نییە و کەس گوێ بۆ ئەمر و ئامۆژگارییان ڕاناگرێ. هەر کەسە و بە پێی تێگەیشتن و ئەقڵیەتی خۆی و بە شێوەیەکی خۆڕسک ئەوەی لە دەستی هات کردی، کە دەتوانین دەرکەوتەکەی لە داخستنی قوتابخانەکان و ناوەندە فێرکارییەکان هەتا مانەوە لە ماڵەکان ببینین. ئەمە خەڵک بوون کە بە نەناردنەوەی مناڵەکانیان بۆ قوتابخانەکان و خۆپاراستن لە دیدار و چاوپێکەوتنی ناپێویست شەقام و کۆڵانەکانیان چۆڵ کرد و دەوڵەتیان ناچار بە داخستنی شوێنە گشتییەکان کرد.

لێرەدا خەڵک ناکارامەیی دەسەڵات و کاریگەریی بوونی خۆیان ئەزموون کرد و وێ‌ناچێ هەروا بە ئاسانی بگەڕێنەوە بۆ دۆخی پێشتری خۆیان و ئەمە بەرگژەیەکی بنەڕەتییە لەسەر ڕێی کۆماری ئیسلامیدا لە داهاتوویەکی نزیکدا.

بە دڵنیاییەوە بەو جۆرەی کە ئێمە دەسەڵاتمان ناسیوە و ئاگاداری نەزان‌کارییەکانی هەین، تەنیا ڕێگە چارەیان بۆ دەربازبوون لە قەیران، خولقاندنی قەیرانێکی نوێتر و گەورەترە. ئەمەش بە مەبەستی سەرقاڵ کردنی خەڵک بەکار دەهێنرێ و ئێمە پێویستە لە سەرمان، هەڵسوکەوتی کۆماری ئیسلامی لە چەند مانگی داهاتوودا بە وردی بخەینە ژێر چاودێرییەوە؛ کە بێ‌گومان یەکێک لە باشترین بژاردەکانی بەردەمیان هەڵگیرسانی شەڕە لەم بارودۆخەدا. لەم پێوەندییەدا ئێمە لەسەرمانە خەڵک و هەموو دنیا لە لێکەوتە و تێچووی گرانی وەها مەبەستێک ئاگادار بکەینەوە.

لە بەرامبەریشدا ئەگەر ڕێژیم نەیهەوێ کارێک بکا و لەم بارەوە پەسیڤ بێ _کە دوور لە چاوەڕوانی نییە_ و بەندە بە ئاڵۆزی و درێژبوونەوەی ماوەی دۆخەکە؛ لە وەها حاڵەتێکدا ئێمە چۆن دەتوانین لە دۆخی ئارایی کەلک وەر بگرین؟

بەر لەمەش پێکهاتەی ئابووری و سیستمی دارایی دەسەڵات هەتا لێوارەکانی لێک‌هەڵوەشان ڕۆشتووە و، ئەمڕۆکە بەم زەبرانەی ئەم نەخۆشییە لە پاشماوەی ستراکتۆرەکەی دەدا، زۆر بەربڵاوتر و بەرینتر بووەتەوە و؛ بەداخەوە چینی هەژار و دەسکورتی کۆمەڵگەشن کە زۆرترین خەساریان بەرکەوتوە و بەردەکەوێ. لە دوای تێپەڕبوون بەسەر ئەم دۆخەدا _کە هیوادارم لەمە زیاتر کارەسات بەدوای خۆیدا نەهێنێ_ لە جیات ئارامش و ئاسایش بەرەوڕووی شەپۆلێکی بەرین لە کێشە دەبینەوە.

لە ئەمڕۆوە دەبێ بیر لەوە بکەینەوە لە دوای کۆتایی ئەم پەتایە بزووتنەوەی جەماوەری بەبێ ئەملاولا شکڵ دەگرێ و لە ئەگەری نائامادەیی ئێمەدا دەتوانێ سەرچاوەی زۆربەی کێشەکانی دواڕۆژمان بێ. هەر بۆیە هەر وەکوو چۆن یەکە یەکەی ئێمە لەمڕۆدا بیر لە بەرەوڕووبوونەوەی کرۆنا دەکەینەوە، دەبێ لەم ڕۆژانەدا کە لە ماڵەوە دانیشتووین بیر لە داهاتووی وڵات بە مەبەستی بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ ڤیرووسە سیاسییەکانی پاشەڕۆژ بکەینەوە و؛ ئیتر ڕێگە نەدەین کەسانی هەلپەرست بە ناوی تیمارکەر ببنە هۆی نەخۆشیی پیستر و کوشندەتر.

لەمڕۆدا چۆن بۆ کۆنترۆڵی نەخۆشییەکە لە هەموو توانای خۆمان کەلک وەردەگرین هەر واش دەبێ، لە ئاگادارکردنەوەی خەڵکدا هەموو توانایی و مێشک و تێگەیشتنی خۆمان بەکار بێنین بۆ دواڕۆژێکی ئاوەدان. ڕاستە ئەم نەخۆشییە هەتا ئێستاش خەساری زۆری پێ‌گەیاندووین بەڵام وانەی باشیشی فێر کردووین.