Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
پێنجشه‌ممه ۱۶ ی گه‌لاوێژی ۱۳۹۹ | 06/08/2020 | کاتژمێر:
سیاسی

ده‌سڕاگه‌یشتنی ئازاد به‌ زانیاری و قه‌یرانی متمانه‌

19/03/2020 | 19:30:27
+A
-A
ڕەحمان سەلیمی

یه‌كێك له‌ تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی كۆمه‌ڵگە گه‌شه‌سه‌ندووه‌كان له‌ سه‌رده‌می گه‌شه‌كردنی ئامرازه‌كانی په‌یوه‌ندیدا، جه‌ریانی ئازادی زانیارییه‌كانه‌ له‌نێو هاووڵاتیاندا. به‌ جۆرێك كه‌ گه‌یاندنی زانیارییه‌كان به‌ سه‌رجه‌م هاووڵاتیان، به‌ یه‌ك له‌ پێوه‌ره‌كانی ڕێژێمه‌ سیاسییه‌ دیمۆكراتیكه‌كان داده‌نرێ. به‌ واتایه‌كی دیكه‌ ده‌ستڕاگه‌یشتنی ئازاد و بێسنوور به‌ زانیارییه‌كان كه‌ ڕاسته‌وخۆ په‌یوه‌ندی هه‌یه‌ به‌ وڵامده‌ربوونی ده‌وڵه‌تان، یه‌كێكه‌ له‌ پایه‌ گرینگه‌كانی دێمۆكراسی و گه‌ل‌سالاری. تا ئه‌و كاته‌ی زانیاریی دروست و پێویست له‌ كاركردی ده‌وڵه‌ت و ده‌ره‌نجامی سیاسه‌ته‌كانی نه‌كه‌ونه‌ به‌رده‌ست هه‌موو هاووڵاتیان، نه‌ به‌رپرسانی ده‌وڵه‌ت وڵامده‌ر ده‌كرێن و نه‌ هاووڵاتیان ده‌توانن نوێنه‌رانی ڕاسته‌قینه‌ی خۆیان به‌پێی پێوه‌ری دروست هه‌ڵبژێرن. واته‌ سه‌ره‌تای وڵامده‌ربوونی ده‌وڵه‌ت له‌ بوونی زانیاریی هاووڵاتیان له‌ كو‌ن و كه‌له‌به‌ری هه‌ڵسوكه‌وتی داموده‌زگاكانی ده‌وڵه‌ت و سیاسه‌ته‌ په‌یڕه‌وكراوه‌كانی ده‌وڵه‌ته‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێ. هه‌ر بۆیه‌ ئاگاداربوونی خه‌ڵك له‌ كاركرد و سیاسه‌ته‌كانی ده‌وڵه‌ت، چه‌كی به‌هێزی هاووڵاتین بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵیی ئیداری و سیاسی و هتد.

مافی بڵاوكردنه‌وه‌ی زانیاری و مافی ده‌ستڕاگه‌یشتنی ئازاد به‌ زانیاری، دوو روكنی سه‌ره‌كیی ده‌وڵه‌تی وڵامده‌ر و شه‌فافن كه‌ له‌ به‌ڵگه‌نامه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كاندا وه‌ك پایه‌یه‌ك له‌ مافه‌كانی مرۆڤ ئاماژه‌یان پێكراوه‌. له‌ جاڕنامه‌ی جیهانیی مافه‌كانی مرۆڤ و هه‌روه‌ها له‌ په‌یماننامه‌ی مافه‌ مه‌ده‌نی و سیاسییه‌كان، مافی ده‌سڕاگه‌یشتن به‌ زانیارییه‌كان جێی كراوه‌ته‌وه‌. بۆ نموونه‌ له‌ بڕگه‌ی (2)ی په‌یماننامه‌ی مافه‌ مه‌ده‌نی و سیاسییه‌كاندا هاتوه‌: “هه‌موو تاكه‌كان مافی ئازادیی ڕاده‌ربڕینیان هه‌یه‌. ئه‌و مافه‌ بریتیه‌ له‌ ئازادیی به‌دواداچوون، به‌ده‌ستهێنان و بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌ر چه‌شنه‌ زانیاری و بیروڕایه‌ك به‌بێ هیچ سنوورێك چ به‌ شێوه‌ی نووسراو یان نه‌نووسراو یان له‌ ڕێگه‌ی هونه‌ری یان هه‌ر ڕێگه‌یه‌كی دیکە.”

له‌ ئێراندا له‌ ساڵی 1387ی هه‌تاوی یاسای بڵاوكردنه‌وه‌و ده‌ستڕاگه‌یشتنی ئازاد به‌ زانیارییه‌كان له‌ لایه‌ن مەجلیسی شووڕای ئیسلامییه‌وه‌ په‌سند كرا و له‌ ساڵی 1393 ئاییننامه‌ی جێبه‌جێ‌كردنی ئه‌و یاسایه‌ له‌ لایه‌ن ده‌وڵه‌ته‌وه‌ ده‌رچوو و خرایه‌ بواری جێبه‌جێ كردنه‌وه‌. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی مافی ده‌ستڕاگه‌یشتن به‌ زانیاری به‌پێی ئه‌و یاسایه‌ سنووردار كراوه‌، به‌و حاڵه‌ش بڕگه‌كانی ئه‌و یاسایه‌ش هه‌رگیز جێبه‌جێ نه‌كران. له‌ ئێراندا هه‌موو داموده‌زگاكانی گه‌یاندنی زانیاری له‌ پاوانی ده‌وڵه‌ت دان و ته‌نیا ئه‌و زانیاریانه‌یان تێدا بڵاو ده‌كرێته‌وه‌ كه‌ به‌ فیلته‌ری ده‌زگا ئیداری و ئه‌منیه‌كاندا تێپه‌ڕ ده‌بن و زامنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی تاقمی ده‌سه‌ڵاتدارن.

وڵامده‌ر نه‌بوون و ناشه‌فاف بوونی ده‌سه‌ڵاتداران له‌ ئه‌نجامی پێدانی زانیاری و داتای ناڕاست به‌ هاووڵاتیان وا ده‌كا‌ كه‌لێنی گه‌وره‌ بكه‌وێته‌ نێوان خه‌ڵك و حاكمیه‌ته‌وه‌. به‌ جۆرێك كه‌ خه‌ڵك بڕوا ناكه‌ن به‌و زانیارییانه‌ی له‌ ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندنی نێوخۆوه‌ بڵاو ده‌بنه‌وه‌‌ یان لانیكه‌م گومانیان له‌ دروستبوونی زانیارییه‌كان ده‌بێ. ئه‌و بێ‌متمانه‌ییه‌ زۆرجار له‌ كۆمه‌ڵگەدا قه‌یرانی لێ ده‌كه‌وێته‌وه‌ و كێشه‌كان زۆر له‌ قه‌باره‌ی خۆیان قووڵتر و مه‌ترسیدارتر ده‌كا. له‌ لایه‌كی دیکەوە‌ ئه‌و بێ‌متمانه‌ییه‌ وا ده‌كا هاووڵاتیان په‌نا به‌رنه‌ به‌ر سه‌رچاوه‌كانی گه‌یاندنی زانیاری ناڕەسمی كه‌ زۆرجار له‌‌ ده‌ره‌وه‌ به‌ڕێوه‌ ده‌برێن، كه‌ ئه‌وانیش زۆرجار به‌هۆی نه‌بوونی په‌یامنێر و سه‌رچاوه‌ی باوه‌ڕپێكراو جێی متمانه‌ نین. ئه‌و شڵه‌ژاوی و ئاڵۆزییه‌ی له‌ ئه‌نجامی ئه‌و دۆخه‌وه‌ دروست ده‌بێ، ئاسایشی ده‌روونی و كۆمه‌ڵایه‌تیی كۆمه‌ڵگە ده‌خاته‌ مه‌ترسیه‌وه‌ و له‌ هه‌مان كاتدا مه‌شڕووعیه‌تی ڕیژێمی سیاسی به‌تاڵ ده‌كاته‌وه‌. به‌ پێچه‌وانه‌ی سه‌رده‌می پێش مۆدێڕن كه‌ ئامرازه‌كانی ڕاگه‌یاندن و ئاگاداركردنه‌وه‌ ته‌نیا له‌ ده‌ست ده‌وڵه‌تدا بوون و به‌ئاسانی ده‌توانرا زانیارییه‌كان به‌و شێوه‌یه‌ی ده‌وڵه‌ت ده‌یه‌ویست به‌ كۆمه‌ڵگە بگا، به‌ڵام له‌ ئێستادا ده‌وڵه‌ت ئه‌و توانایه‌ی نییه‌ و گه‌یاندنی زانیارییه‌كان به‌ هاووڵاتیان فره‌ سه‌رچاوه‌یه‌. لێره‌دایه‌ سیستمه‌ ته‌واوخوازه‌كانیش ناتوانن ببنه‌ به‌ربه‌ست له‌ نێوان خه‌ڵك و ڕووداوه‌كاندا.

له‌ چه‌ند مانگی ڕابردوودا چه‌ند ڕووداوی گرینگ له‌ ئێراندا ڕوویان دا كه‌ هه‌ر كام به‌ نۆره‌ی خۆیان ئه‌و ڕاستییه‌یان سه‌لماند كه‌ ئه‌وه‌ی بۆ كۆماری ئیسلامی گرینگ نییه‌ مافی ده‌ستڕاگه‌یشتنی ئازادی هاووڵاتیانه‌ به‌ زانیارییه‌كان. به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ له‌ ڕوانگه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێرانه‌وه‌ پێویسته‌ خه‌ڵك ته‌نیا له‌و ده‌ربیجه‌یه‌وه‌ له‌ ڕووداوه‌كان بڕوانن و ئه‌و ڕووه‌ی ڕووداوه‌كان ببینن كه‌ ئه‌وان دیاری ده‌كه‌ن. له‌ڕاستیدا كاتێك ده‌وڵه‌ت وڵامده‌ری ویست و داخوازییه‌كانی هاووڵاتی نییه ‌و ده‌سه‌ڵات ته‌نیا له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی گروپ و تاقمێكی دیاریكراو به‌كار دێنێ، ئه‌وا لۆژیكیه‌ پێش بە بڵاوبوونه‌وه‌ی ڕاستیه‌كان بگرێ تا بتوانێ له‌ سیاسه‌ت و كاركردی خۆی به‌رده‌وام بێ. له‌ وه‌ها دۆخێكدا زانیاریی درۆ و پڕوپاگه‌ندای ده‌سه‌ڵات بۆ شێواندنی ڕووداوه‌كان و قه‌ناعه‌ت‌هێنان به‌ گه‌ل بۆ بڕواهێنان به‌ درۆكان، ده‌بێته‌ ئامرازێكی گرینگ و به‌رده‌وام له‌ ده‌ست حاكمیه‌تدا. به‌ڵام له‌ سه‌رده‌می ئینترنێت و سۆشیال میدیا و سه‌رچاوه‌ی جۆراوجۆری گه‌یاندنی زانیاریدا، ده‌وڵه‌تی وڵامنه‌ده‌ر به‌ ئاسانی ناتوانێ ڕای گشتی به‌ میدیای تاك‌لایه‌نه‌ی خۆی ئاراسته‌ بكا.

له‌ چوار ڕووداوی دیاریكراوی، خۆپێشاندانه‌كانی خه‌زه‌ڵوه‌ر و كوشتاری خۆپێشانده‌ران، خستنه‌ خواره‌وه‌ی فڕۆكه‌ی ئۆكڕاینی له‌ لایه‌ن سپای پاستاڕان و ئینكاری لێدان به‌ مووشه‌ك‌، هه‌ڵبژاردنه‌كانی مه‌جلیسی شووڕای ئیسلامی و بڵاوكردنه‌وه‌ی ئاماری ناڕاست له‌ به‌شداریی خه‌ڵك و هه‌روه‌ها بڵاوبوونه‌وه‌ی ویروسی كڕۆنا له‌ شاری قوم و دواتر به‌ شاره‌كانی دیکەدا؛ ده‌سه‌ڵاتدارانی كۆماری ئیسلامی هه‌موو توانای خۆیان به‌كار هێنا بۆ ئه‌وه‌ی زانیارییه‌كان به‌و جۆره‌ی بۆخۆیان ده‌یانهه‌وێ به‌ ڕای گشتی بگه‌یه‌نن. به‌ جۆرێك كه‌ دوای تێپه‌ڕ بوونی چه‌ند مانگ و تا ئێستاش زۆر لایه‌نی ئه‌و ڕووداوانه‌ ناڕوونن، ئه‌وه‌ی كه‌ ڕوونه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ڕاگه‌یاندنی ڕێژیم درۆ ده‌كا و كه‌متر كه‌س هه‌یه‌ بڕوای پێ بكا. ئاكامی ئه‌و درۆیانه‌ی به‌رپرسان و میدیاكانی كۆماری ئیسلامی، له‌ده‌ستدانی متمانه‌ی هاووڵاتیان بوو به‌ شێوه‌یه‌كی بێوێنه،‌ به‌ هه‌موو ئه‌و زانیاریانه‌ی كه‌ له‌ لایه‌ن داموده‌زگا ڕه‌سمیه‌كانه‌وه‌ بڵاو ده‌كرانه‌وه‌.

ئه‌نجومه‌نی باڵای ئابووریی ئێران كاتێك بڕیاری گرانكردنی نرخی بێنزینی دا، ده‌نگ‌وڕه‌نگی كۆماری ئیسلامیی ڕاسپارد كه‌ زه‌مینه‌ی جێبه‌جێكردنی بڕیاره‌كه‌ ئاماده‌ بكا و خه‌ڵك به‌و قه‌ناعه‌ته‌ بگه‌یه‌نێ كه‌ ئه‌و بڕیاره‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی ئه‌وان دایه ‌و له‌ ڕێگه‌یه‌كی دیکەوە جیاوازیی نرخه‌كه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ گیرفانی خه‌ڵكی كه‌م داهات. كاتێك ناڕه‌زایه‌تییه‌كان به‌و بڕیاره‌ زۆربه‌ی شاره‌كانی گرته‌وه‌، دیسان ده‌زگای پڕوپاگه‌ندای كۆماری ئیسلامی به‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی وێنه‌ی دستنیشانكراو له‌ شاره‌كان وای ده‌نواند كه‌ دۆخه‌كه‌ ئارامه‌ و هیچ له‌ گۆڕێدا نییه‌ و ده‌ستی ده‌ره‌كی بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی دوژمنانی گه‌لی ئێران! له‌ پشت ئه‌و ناڕه‌زایه‌تییانه‌وه‌یه‌. ئه‌و ڕێچكه‌یه‌ هه‌روه‌ها له‌ شاردنه‌وه‌و ڕانه‌گه‌یاندنی ژماره‌ی قوربانیانی ئه‌و ناڕه‌زایه‌تییانه‌، له‌ ئینكاری خستنه‌ خواره‌وه‌ی فڕۆكه‌كه‌ و سه‌ره‌نجام له‌ شاردنه‌وه‌ی بڵاوبوونه‌وه‌ی كڕۆنا له‌ ئێران بۆ ماوه‌ی نزیك ده‌ ڕۆژ و دواتر قه‌باره‌ی بڵاوبوونه‌وه‌ی ویرووسه‌كه‌ په‌یڕه‌و كرا. به‌ جۆرێك كه‌ ئێستا مه‌ودای نێوان خه‌ڵك و ده‌سه‌ڵات به‌ ڕاده‌یه‌ك فراوان بووه‌ كه‌ خه‌ڵك به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك ناتوانن بڕوا به‌و ئامارانه‌ بێنن كه‌ ده‌وڵه‌ت له‌ سه‌ر ژماره‌ی تووشبووان و قوربانیانی كڕۆنا بڵاوی ده‌كاته‌وه‌.

په‌تای ده‌وڵه‌تی نابه‌رپرس و وڵامنه‌ده‌ر كه‌ ته‌نیا نوێنه‌رایه‌تیی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی گرووپێكی دیاریكراوی ناو كۆمه‌ڵگە ده‌كا مه‌ترسیدارتره‌ له‌ په‌تای كڕۆنا كه‌ به‌پێی زۆربه‌ی پێشبینییه‌كان بۆ ماوه‌یه‌ك ده‌مێنێته‌وه‌ و كۆتایی پێ دێ. به‌و هۆیه‌وه‌یه‌ له‌ ئێراندا شه‌ڕ دژی كڕۆنا له‌ لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانه‌وه‌ به‌ شه‌ڕ دژی كۆماری ئیسلامی داده‌نرێ.