Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
شه‌ممه ۱۶ ی خاکه‌لێوه‌ی‌ ۱۳۹۹ | 04/04/2020 | کاتژمێر:
ژنان

ژنان لە ئێران و ئاسۆی خەباتی مافخوازییان

19/03/2020 | 19:18:58
+A
-A
دیمانە: بەیان ئازەرەی

پرسی ژنان لە ئێران دوای هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامی هەمیشە یەک لەو بابەتە گرینگ و هەستیارانە بووە کە هەم کۆمەڵگەی ئێران و هەم ناوەندەکانی سیاسی و مافی مرۆڤی مرۆڤ لە دەرەوەی وڵاتیشی بەخۆیەوە سەرقاڵ کردوە. لەگەڵ کۆتایی هاتنی ساڵی ٩٨ لەسەر سێ تەوەر ڕاوسەرنجی چەند نووسەر و چالاکی بواری مافەکانی ژنانمان وەرگرتوە.

***

 

ژنان لە ئێران یەک ساڵی رابردوویان چۆن بەڕێ کرد. ڕەوتی مافخوازیی ژنانی ئێران لە ساڵی رابردوو چۆن بوو، و چ قۆناغگەلێکی پێوا؟

 

قادر وریا

ژنانی ئێران، نەک هەر لە یەک ساڵی تێپەڕبوودا، بەڵکوو لە ساڵانی ڕابردووشدا، بەشێکی سەرەکی و پێشەنگی ناڕەزایەتیدەربڕین و خۆپێشاندان و جموجۆڵی ئیعترازیی دژ بە کۆماری ئیسلامی بوون. لە دیارترینی ئەو جموجۆڵانە، دەتوانین ئاماژە بە خەبات و پێداگریی ئەوان بۆ وەدەستهێنانی مافی چوون بۆ ستادیۆمە وەرزشییەکان و هەر وەها حەرەکەتی سەمبۆلیکی هەڵگرتنی لەچکەکانیان لە شوێنە گشتییەکاندا بکەین. هەر دووی ئەم حەرەکەتانە، کە دەنگهەڵبڕین بوون دژی ڕێوشوێنە داسەپاو و تێکەڵ بە هەڵاواردنەکانی کۆماری ئیسلامی، لەگەڵ پێشوازی و پشتیوانیی ژنان و پیاوانی ئازادیخواز و یەکسانیخواز لە نێوخۆ بەرەوڕوو بوون. ئەم جموجۆڵانە کە بوونە جێگەی سەرنجی میدیاکانی جیهان و ناوەندەکانی بەرگری لە ماف و ئازادییە مرۆییەکان، لە نێوخۆ و دەرەوەڕا کۆماری ئیسلامییان بەرەوڕووی گوشار و پالەپەستۆی سیاسی و حقووقی کردەوە.

ساڵی ١٣٩٨، بۆ کۆماری ئیسلامی و بۆ خەڵکی ئێرانیش ساڵێکی پڕ ڕووداو بوو. ژنانی ئێران لە ڕووداوەکانی ئەم ساڵەدا، بە تایبەتی ئەو ڕووداو و جموجۆڵ و بزووتنەوانە کە نێوەرۆکێکی خەباتگێڕانە و دژ بە کۆماری ئیسلامییان هەبوو، نەک هەر بەشدار بوون بەڵکوو لە ڕیزی پێشەوەدا بوون. یەک لەو هەنگاوە گرنگانە، داوای هاوبەش و بە کۆمەڵی نزیکەی ١٠٠ کەس لە کەسایەتییەکان و چالاکانی ئێران بوو کە داواکاری دەست لە کارکێشانەوەی خامەنەیی و گۆڕینی یاسای بنەرەتیی ئێران بوون. لە نێو هەڵگرانی ئەم هەنگاوە بوێرانە و ڕچەشکێنانەدا کە بەداخەوە هەمووشیان دەستبەسەر کراون، ١٤ ژن بەدی دەکرێن.

لە خۆپێشاندانە بەرینەکانی خەڵک لە مانگی خەزەڵوەردا کە زیاتر لە ١٠٠ شاری ئێرانیان گرتەوە، ژنان و کچان شانبەشانی پیاوان و کوڕان، هاتنە سەر شەقام و داواکاری نەمانی کۆماری ئیسلامی بوون. ژمارەیەکی بەرچاو لە کچان و ژنانی خۆپێشاندەر بوون بە ئامانجی تەقەلێکران و توند و تیژیی بێبەزەییانەی هێزە سەرکوتکەرەکان و شەهید و بریندار بوون. ڕێژەیەکی یەکجار زیاتریش گیران و کەوتنە ژێر ئەشکەنجە.

لەو خۆپێشاندانانەشدا کە بە دوای بەردرانەوەی فڕۆکە ئۆکڕایینییەکە لە ئێران بەڕێوە چوون، هەر وەها لە ڕێورەسمەکانی بە خاکسپاردنی قوربانییەکانی ئەم تاوانە گەورەیەی ڕێژیمی ئێران، ژنان و کچان بە تایبەتی توێژی خوێندکار، بە شێوەیەکی دیار و پڕ ڕەنگ لە نێو جموجۆڵی ناڕەزایەتیدەربڕین‌دا هەبوون. کاتێکیش شەپۆلی بایکۆتکردنی جەشنوارەی فەجر وەڕێ کەوت، ژنانی فیلمساز و چالاکانی ژنی بواری فیلم و سینەما، لە پیاوان بە جێ نەمان و وێڕای ئەوان، هاندەر و پشتیوانی بایکۆتی ئەم مراسمە دەوڵەتی و حکوومەتییەی ئێران بوون.

دەتوانم بە یەک ڕستە بڵێم ساڵی تێپەڕبوو، ساڵی پتر هاتنەمەیدان و ڕاشکاوتر و بەرینتر بوونەوەی بەشداریی  ژنانی ئێران لە خەبات بە دژی دەسەڵاتی کۆنەپەرستانە و دژی ئینسانیی کۆماری ئیسلامی بوو.

 

ئارەزوو نستانی

بزووتنه‌وه‌ی مافخوازیی ژنان به‌شێكه‌ له‌و بزووتنه‌وه‌ ئازادیخوازییه‌ به‌رفراوانه‌ی كه‌ هه‌موو پێكهاته‌و چین و توێژه‌كانی كۆمه‌ڵگای ئێرانی تێدا جێ ده‌گرێ. خه‌باتی ژنان خاوه‌ن ئامانجی هاوبه‌شی زۆره‌و له‌ زۆربه‌ی وڵاتان و له‌ نێویاندا ئێران ئه‌و خه‌باته‌ ئاراسته‌یه‌كی ویسته‌كیانه‌ و به‌ره‌نگاری به‌ خۆوه‌ ده‌گرێ. به‌و واتایه‌ كه‌ ژنان داواكارییه‌كانیان ڕووبه‌ڕووی كۆمه‌ڵگە، ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و نه‌ریته‌ جێكه‌وتووه‌كان ده‌كه‌نه‌وه‌ و بۆ به‌دیهێنانی كۆمه‌ڵگایه‌كی ئازاد و دادپه‌روه‌ر هه‌نگاو ده‌نێن. له‌ وڵاتانی دیكتاتۆڕو گه‌شه‌نه‌سه‌ندووی وه‌ك ئێراندا بزووتنه‌وه‌ی ژنان جگه‌ له‌وه‌ی له‌ پێناو یه‌كسانیی ڕه‌گه‌زیدا تێده‌كۆشێ، له‌ هه‌مان كاتدا بزووتنه‌وه‌یه‌كی ئازادیخواز و دێمۆكراسیخوازه‌ وه‌ك تاكێك له‌ كۆمه‌ڵگە نه‌ك وه‌ك ژن.

ئه‌وه‌ی لێره‌دا ده‌توانرێ وه‌ك تایبه‌تمه‌ندیی بزووتنه‌وه‌ی ژنان له‌ ئێران و خاڵه‌ جیاكه‌ره‌وه‌كانی ئه‌و بزاڤه‌ له‌گه‌ڵ بزاڤه‌ هاوشێوه‌كانی له‌ وڵاتانی دیكه‌ باسیان لێوه‌ بكرێ بریتین له‌:

یه‌كه‌م، پێشینه‌ی ئایینی و سوونه‌تیی زاڵ به‌ سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان له‌ ئێراندا كه‌ ڕیشه‌یان له‌ کو‌لتوورێك دایه‌ به‌ مێژوویه‌كی سه‌دان ساڵه‌وه‌، به‌ربه‌ستێكی جیددیه‌ له‌ به‌رده‌م وه‌رگرتنی ئه‌ندێشه‌كانی مۆدێڕنیته‌. ئه‌و به‌كگراونده‌ كولتوورییه‌ به‌ هه‌موو جومگه‌كانی ژیانی كۆمه‌ڵگاوه‌ ده‌بینرێ.

دووهه‌م، سیسته‌می سیاسی له‌ ئێراندا به‌ تایبه‌ت له‌ سه‌رده‌می كۆماری ئیسلامیدا به‌ شێوه‌یه‌كی جه‌وهه‌ری دژایه‌تیی پرسی ژن ده‌كاو ئه‌وه‌ش بۆته‌ واقعێكی كۆمه‌ڵایه‌تی. پڕوپاگه‌ندای ڕێژیم له‌ سه‌ر جێ خستنی باوه‌ڕه‌ دواكه‌وتووه‌كان تا ڕاده‌یه‌ك كاریگه‌ری كردۆته‌ سه‌ر ژنان و لانیكه‌م لای به‌شێك له‌ ژنان بوونه‌ته‌ به‌های په‌سندكراو.

به‌و پێیه‌ ژنان له‌ ئێران له‌ دوو مه‌یدان دا خه‌بات ده‌كه‌ن، له‌ لایه‌ک تێكه‌ڵ به‌ بزووتنه‌وه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی دیکە ده‌بن وه‌ك به‌شێك له‌ خه‌بات دژی دواكه‌وتوویی سیسته‌می سیاسی و له‌ لایه‌كی دیکەوە‌ په‌یوه‌ندییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تی و خێزانییه‌ چه‌سپاوه‌كان به‌ چالش ده‌كێشن. بۆیه‌ ده‌توانین بڵێین ڕێگایه‌كی ناهه‌موارتریان هه‌یه‌ ‌ له‌و ژنانه‌ی له‌ وڵاتانی خاوه‌ن سیسته‌می سیاسیی نۆڕماڵدا ده‌ژین.

شلێر باپیری

ژنانی ئێران ساڵی ڕابردوویان وەک ھەر ساڵێک لە ساڵەکانی دیکە و لە دوای ڕاپەڕینی ژنان بە دژی قانونی حیجاب له ڕەشەمەی ١٣٥٧تەوە بە خەبات بۆ مافەکانیان و ھاوکات ڕووبەڕووبونەوەکان لەگەڵ دەسەڵاتداری دژ بە ژنان تێپەڕ کرد.

لێرە پێم خۆشە ئاماژە بە دوو خاڵ بکەم کە لە ساڵی ڕابردوودا بەرچاو بوون. ئەویش خۆپێشاندانەکانی مانگی خەزەڵوەر و یەکسانیکردنی دیەی ژن و پیاوه.

لە خۆپیشاندانەکانی خەزەڵوەردا لەگەڵ ئەوەی رێژەیەکی بەرچاو لە خۆپیشاندەرانی خۆپێشاندانەکانی ئەمساڵ ژنان بوون، بەڵام بەڕوونی درووشمێک پێوەندیدار بە مافی ژنان نەدرا و هۆکاریشی دەگەرێتەوە بۆ ئەوەی کە ئەو ناڕەزایەتییانە دژ بە دۆخی خراپی ئابووریی وڵات بوو.  هەڵبەت سەرەڕایی ئەوەی کە قەیرانی ئابووری قەیرانێکی ئینسانییە و هەموو کۆمەڵگە بەتایبەتی ژنان لەو قەیرانەدا تووشی هەڕەشە دەبنەوە، هۆکارگەلی دیکەش دەکرێ ئەوە بێ کە چالاکانی ژنان لە ئێران گوشارێکی زۆریان لەسەرە و بەشێکیشیان لە گرتوخانەدان، ئەوەش دەرفەتی بەشداریی ژنان بە کەمپەینی ناڕەزایەتیی بەرفراوانی بەرتەسک کردوەتەوە.

دێمە سەر بەشی دووەمی باسەکە. دییەی ژن کە لە یاسای کۆماری ئیسلامیدا نیوەی دیەی پیاو بوو، لە ساڵی ڕابردوودا یەکسان کرا کە ئەویش دەکرێ وەک دەستکەوتێک سەیر بکرێ.  دەستکەوتە چون ھەر لەسەرەتای دامەزراندنی کۆماری ئیسلامییەوە تا ئێستا قانوونەکان لە دژی ماف و بەرژەوەندیی ژنانن. ھەر لە حیجابی زۆرەملێ تا دەگاتە ھەڵاواردنی رەگەزی و پێنەدانی مافی تەلاق به ژنان و ڕێگەنەدان به بەشداریی ژنان لە پلەبەرزەکانی حکوومەت؛ جا لە کاتی وادا لاچوونی قانوونێکی دژەژن دەبێ وەک دەسکەوت سەیری بکەن. بەڵام بە قەوارەی ئەو هەموو زیندان و کێشە و قوربانیدانی ژنان ئەو دەسکەوتە زۆر نییە.

ئەگەر کورتی بکەمەوە کۆمەڵگەی ژنان لە ئێراندا ڕێگەیەکی سەختی لەپێشە کە پێویستی بە ڕێگەچارەی ستراتیژیک ھەیە کە دەنگی ژنان لە بزووتنەوە کۆمەڵاتییەکاندا پتر ڕەنگ بداتەوە.

فەریبا ڕەشیدی

ئەمن باسی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان دەکەم. ئێمە دەزانین كە لەگەڵ ئەوەدا كە ڕێژیمی سیاسی لە ڕەهەندی جۆراوجۆرەوە ژنانی سەرکوت کردوە و لە مافەکانی بێبەش کردوون، بەڵام جموجوڵی ژنان بۆ فراوانكردنی مەودای شۆڕشی ڕزگارییان زیاتر بووە. یەكێك لەو پارامێترانەی كە جێگای ئاماژەیە، هەڵكشانی بوێریی ژنانە بۆ بەشداری كردن لە کایەکانی كۆمەڵگە و هاتنەوە دەرەوە لە كۆیلەتیی لەماڵدا مانەوەیە. واتا ژنان ئێستا وەك جاران تەنیا فەرمانبەری یاسا و دەوڵەتی دژەژن یان فەرهەنگ و نەریتی دژەژنی كۆمەڵگە نین. بە ئاسانی دەتوانین ببینین كە جموجۆڵی ژنان بەرەوە هەڵكشانە هەتا ئاستێك كە تەنانەت لە ڕاپەڕینی خەزەڵوەر و زۆر مەیدانداریی دیكه توانیان تابڵۆیەکی دی لە مافخوازیی خۆیان پیشان بدەن. لە هەمان كاتدا لە توێیەكانی ژێرەوەی كۆمەڵگەدا دەنگی دلێری ژن بۆ نەفی كردنی دۆخی سەپێندراوی داگیركەر لە وڵاتی ئێمە بەئاسانی و بەڕەوانی دەبیسترا. ئەوانە نیشانەی ئەوەن كە دیاردەی ستەمخوازیی ژنانە لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان لە كاڵبوونەوەدایە. ئەوە یارمەتی دەكا كە ژنان خۆیان لەو ڕێژیمە سایكۆلۆژیكەی داگیركەر ئاسانتر دەرباز بكەن كە تووشی ناسازیگەلی وەك “نەیارشەیدایی”  و “داماویی خۆفێركرد”  و ناسازی” كەسێتیی خۆسنوور”ی کردوون. ئەمە بەو واتایەیە كە ئەو ناسازییانە كە دەبن بەهۆی ستەمخوازی ژنان ڕوو بە كاڵبوونەوە دەڕۆن و ژنان لە بەرامبەر بە ئەندێشە و سیستەمی نێرسەروەر یاغیتر و شۆڕشگێڕتر دەبن. ئەوە ئیتر سنوورەكانی مافخوازی تێدەپەڕێنێ و شۆڕشی ژنان دەكا بە شۆڕشێكی پێشڕەو و ئافرێنەر كە ئەوە دەبێ ئامانجی سەرەكی هەر ژنێكی شۆڕشگێڕ بێ.

 

 

 

گوڵاڵە شەرەفکەندی

گرینگ ئەوەیە ژنانی ئێران سەرەڕای بەردەوامیی گوشار و سەرکوت لە ساڵی ڕابردوودا بەڵام دیارتر و بەرچاوتر بوون. ژنان پاشەکشەیان لە داخوازییەکانی خۆیان نەکردوە، ئەگەرچی لە ئێران ‌ڕاوەستانی مەزهەب لە بەرامبەر زانست و بنەما نێونەتەوەییەکان و مافی مرۆڤ هەلومەرجی موبارێزاتیی ژنانی نێوخۆی وڵاتی سەختتر کردووە و قیمەتێک کە دەبێ بۆی بدەن لەسەرترە. بەڵام وەک گوتم ئەمساڵ حوزووری ژنان لە خیابانەکان بەرچاوتر بوو و سیاسەتی سەرکوت ژنانی نەترساندوە، ڕێژیمیش ئەوە دەزانێ؛ بۆیە بەجێی ئەوەی دان بەوەدا بنێ کە ژنان جەسوورانە و بوێرانە وەدووی مافەکانیان کەوتوون، دێ گاڵتەیان پێدەکا و ئەمە بە نیشانی کەم ئەقڵیی ژنانی دادەنێ. ڕێژیم لەو ڕێگەیەوە هەوڵی داوە ئەم هاتنەمەیدانەی ژنان کەم‌بایەخ نیشان بدا و تەنانەت بەلاڕێیدا ببا. بەڵام ڕاستیدا ئەوە هەمووی نیشانەی ترسی ڕێژیمە لە حزووری ژنان و لە شکانی ترسی ژنان، لە پەرەسەندنی مافویستیی ژنان و لە ئامادەیی ژنان بۆ قوربانیدانی زیاتر لە پێناو دەستەبەری دەسکەوتی زیاتردا.

 

باسێکی دیکەی پێوەندیدار بەو بابەتە بەشداریی ژنان لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی سەرشەقام بووە کە لەچاو ساڵانی پێشوو دیار و بەرچاوتر بوو، بەو پێیە سەرکوتی ژنانیش زیاتر بوو؛ هۆکاری ئەمە بۆ چی دەگەڕێتەوە؟

 

گوڵاڵە شەرەفکەندی

ئەوەیکە ڕێژیمی ئێران لە حاڵی حازردا لە هەموو وەختێکی ناسەقامگیرتر و زەعیفترە بە سەرنجدان بە هەموو ئەو تەحریمە ئابوورییەی لە سەریەتی و بارودۆخی سیاسیی وڵات، ئەوانە بەستێنێک دروست دەکا کە ژنان هەست بکەن حوزووریان لە ناڕەزایەتییەکاندا پێویستترە! بەڵام هاوکات پاشنە ئاشیلی ئەو ڕێژیمەش لە بەرچاونەگرتنی مافی ژنان و مافی یەکسانی و بەرابەرییە، بۆیە ئامادە نییە بە ئاسانی ئەو مەیدانە چۆڵ بکا. ئەگەر لەبیرمان بێ دوای ئینقلاب دەسبەجێ حیجاب ئێجباری کرا. لەو کاتدا ژنان هاتن گوتیان ئێمە ئێنقلابمان نەکردوە کە بگەڕێێنەوە دوایە، بەڵام دیمان کە سەرکوت کران. بەدرێژایی مێژووی کۆماری ئیسلامی ژنان نەچوونە ژێر باری ئەوەی کە شوێنی ئەوان ماڵێیە، بۆیە بەردەوام قسەی خۆیان بووە و خەباتی خۆیان کردوە. هەر کاتێکیش خەباتی ژنان دیارتر بووە، ڕێژیم توندتری سەرکوت کردوە، چونکی نایەوێ ئەم هاوکێشەیە بگۆڕدرێ و ژنان لە بوارەکانی دیکەی کۆمەلگەدا دیار و شوێندانەر بن.

 

فەریبا رەشیدی

ژنان بە ڕووحێكی دیكەوە خەریكن دێنە نێو مەیدانی شۆڕش. ئەو ڕاپەڕینەی خەزەڵوەر ڕەنگە بۆ كۆمەڵێك كەس ناڕەزایەتی و بۆ كۆمەڵێكی دیكە ڕاپەڕین بووبێ، بەڵام بۆ ژنان شۆڕشێك بوو كە لە بەرامبەر هەرچی سیستەم و یاسا و ئەندێشەی نێرسەروەرانە بوو یاغی ببوون. ئەوان نەهاتنە مەیدان كە هەر داوای ماف بكەن، نەهاتن بڵێن كە هەر ناڕازین و داوای گۆڕانكاری بكەن؛ ئەوان لەڕاستیدا هاتبوون ئەم ئەندێشە و سیستەم و دامودەزگایە لە ڕەگ و ڕیشەوە هەڵتەكێنن. ژنان خەریکە لە خەوێكی قووڵ ڕادەپەڕن و ئامادە نین مل بدەن بە ئۆبژەكردنیان لە سیستێمێكدا كە خۆشەیدایانی نێرسەروەری یاسای ژیان دەنووسنەوه. ئەوان هاتن نیشان بدەن كە ژیان گۆرانییەكە كە دەبێ بە ئەوینەوە بیچڕین. ئەوە پەیامی ژنانی شۆڕشگێڕ بوو لە شۆڕشی ساڵی ڕابردوودا و ئەوەش سەرەتای ڕاچڵەكینێی نوێیە كە ئیتر ئێمە هەرگیز ژنان وەكوو پێشوو نابینینەوە. ئەو پەیامەش بۆ ڕێژیم هەرس ناکرێ، بۆیە دەیەوێ بەتوندی سەرکوتی بکا.

 

شلیر باپیری

بزووتنەوەی ژنان لە ئێراندا کە چرای خەباتەکەی لەسەردەمی دەسەڵاتی خاتەمیدا بەکزی ھەڵکرا، ڕێخۆشکەر بوو کە چالاکیە مەدەنییەکان و بڵاوکراوەکانی تایبەت بە پرسی ژن  دروست ببن کە ئەوەش کاریگەری لەسەری ڕەوتی بزووتنەوەکەی ئەم ساڵانەی دواییش ھەبوو. یەکێک لەوانەش وشیاربوونی توێژی ژنان بوو. وشیاربونەکەش بووە دەریچەیەک کە ژنان خۆیان وەک بەشێکی پێکھێنەری کۆمەڵگە پێناسە بکەنەوە و لە نارەزایەتیەکاندا و بەتایبەت لە ساڵی رابڕدوودا کە دیتمان، بەشدار بن. لێرەدا دەردەکەوێ کە ھەڵاوردن و پارادۆکسێک ھەیە.

ھەڵاواردنە یاساییەکە لە زەمینەی ناڕەزایەتی و خەبات بۆ مافی ژنان نەیتوانیوە زۆر سەرکەوتوو بێ و لەلایەکی کەوە پارادۆکسێک لە نێوان مێنتاڵیتێتی مەزھەبی دەسەڵاتدارانی ئێران و ھۆشیاری مێنتاڵیتێیی ژن وەک تاکی کۆمەڵگە وای کردوە کە ژنان کەمتر لە پەراوێزی گۆرانکارییەکاندا بن. لەکاتێکدا یاسای کۆماری ئیسلامیش ھەوڵی زۆرتر ھەڵاواردن و جێگیربوون لە ماڵەوەیە، بەم شێوەیە ڕوونە ژنان تووشی سەرکوتی زیاتر دەبنەوە.

 

ئارەزوو نستانی

كۆماری ئیسلامی هه‌ ر له‌ دوای دامه‌زرانیه‌وه‌ فه‌لسه‌فه‌ی مانه‌وه‌ی خۆی له‌ سه‌ر پاكێجێكی ئیدئۆلۆژیك بنیات ناوه‌، كه‌ له‌ ماوه‌ی چل ساڵی ڕابردوودا به‌ كه‌ڵك وه‌رگرتن له‌ هه‌موو ئامرازه‌كان هه‌وڵی داوه‌ بیپارێزێ و له‌ مێشك و زه‌ینی تاكه‌كاندا جێگیری بكا. یه‌كێك له‌ لایه‌نه‌ هه‌ره‌ گرینگه‌كانی ئه‌و ئیدئۆلۆژییه‌ بابه‌تی ژنان و ئه‌و پێناسه‌یه‌یه‌ بۆ ژن كه‌ له‌ ڕوانگه‌ی خۆیانه‌وه‌ و به‌ پشتبه‌ستن به‌ ده‌قه‌ ئایینییه‌كان ده‌یخه‌نه‌ ڕوو.

ڕوونە کە ڕێژیم بزووتنه‌وه‌ی مافخوازیی ژنان به‌ مه‌ترسیی گه‌وره‌ بۆ سه‌ر ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی ده‌زانی. به‌ڵام سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌و زه‌برو زه‌نگه‌، ژنان هه‌رگیز ئاماده‌ نه‌بوون واز له‌ خواسته‌كانیان بێنن و ده‌رفه‌ته ‌جۆراوجۆره‌كانیان بۆ به‌دواداچوونی مافه‌كانیان قۆستۆته‌وه‌. نموونه‌ی به‌رچاوی ئه‌و ده‌ركه‌وتنانه‌، له‌ ناڕه‌زایه‌تیه‌كانی چه‌ند ساڵی دواییدا ده‌بینین. به‌ بڕوای من ئه‌و ناڕه‌زایه‌تیانه‌ هه‌رچه‌ند دروشمه‌كانی تایبه‌ت به‌ ژنانی كه‌متر تێدا به‌رجه‌سته‌ بوو، به‌ڵام نوخته‌ وه‌رچه‌رخانێك بوو له‌ ده‌ركه‌وتنی ڕوخسارێكی نوێ له‌ ژنان و پێگه‌یشتووییان له‌ كۆمه‌ڵگەدا.

 

قادر وریا

ئاشکرایە پلە و ئاستی توندوتیژیی سەرکوتی ڕێژیم، پێوەندییەکی راستەوخۆی بە ترس شکان و بڕیاڕی لێبڕاوانەی ژنان بۆ خەبات هەتا ڕووخانی کۆماری ئیسلامییەوە هەیە. هەر چی ژنان ڕاشکاوانەتر و بوێرانەتر دێنە مەیدان و داواکانی خۆیان دەخەنە ڕوو، جەوهەر و شوناسی پڕ لە هەڵاواردن و کۆنەپەرستانەی  ئەو ڕێژیمە، زیاتر دەچتە ژێر پرسیار و، بێزاربوونی ژنانی ئێران لەو سیستەمە دژە ژنە، پتر خۆی ئاشکرا دەکا.

ترسی دەسەڵاتداران لەو نەترسییەی ژنان و لەو هاتنەدەری ئەوان لە قەفەسەکانیان بۆ خۆڕزگارکردنی یەکجارەکیان، وای کردوە تووشی وەحشەت بن. بۆ وێنە کاتێک دەبینن٤٠ ساڵە ڕووسەری و حیجاب بە زۆروزۆرداری بەسەر ژناندا  دەسەپێنن و ئەم سەرپۆشەیان لێ کردوون بە شتێکی پیرۆز، بەڵام ژنان دێن و لە نێوەندی شوێنە گشتییەکان و بە بەرچاوی خەڵک و میدیاکان، “ئەم سەمبولە پیرۆزە”!ی ئەوان تووڕ هەڵ دەدەن، ئەمە واتاکەی ڕەتکردنەوەی کۆی ڕێژیمەکە و فەلسەفە و پیرۆزییەکان و یاساکانیەتی. نیگەرانی لە تەشەنا کردنی ئەم بوێرییە و هاتنە مەیدانەی ژنان لە لایەک و  لەرزۆک بوونی بناغەکانی نیزامەکە و وەحشەت لە ڕووخان و فڕێدران بۆ نێو زبڵدانی مێژوو، وای کردوە بە دڕندەییەکی هەر چی زیاترەوە بەرەوڕووی دەنگهەڵبڕینی مەدەنیانە بەڵام ڕچەشکێنانەی ژنان ببنەوە.

 

ئەگەرچی ژنان لە ئێران لە هەر نەتەوە و لە هەر ناوچەیەکی ئەم وڵاتە لەگەڵ بێمافی و لەگەڵ ڕێژیمێکی دژی ژن و سەرکوتگەر بەرەوڕوون، بەڵا،م بارودۆخی ژنانی نەتەوە بندەستەکان تایبەتترە. ئەوان هەم خەمە گشتییەکەی پرسی ژنانیان لەکۆڵ ناوە، هەم خەمی پرسی نەتەوەیی و ئیتنیکیی خۆشیان هەیە. ئەم تایبەتمەندییانە چین و چ خسڵەتێکی جیاواز بە بزووتنەوەی ژنان دەبەخشن.

 

شلیر باپیری

ئێمە لە ئێران لەگەڵ پرسی ژنانی کورد، ژنانی عەرەب، ژنانی تورک، ژنانی بەلووچ و ژنانی فارس بەرەوڕووین، ڕوونە کە هەبوونی ئەو پرسە بەمانای ئەوە نییە کە ژن لە کۆمەڵگەی کوردی و لەلایەن کۆمەڵگەی خۆشیەوە مافی پێشێل ناکرێ، بەڵکوو بەوماناییە کە ژنی کورد بۆ گەیشتن بە مافی هاوشان لەچاو ژنی فارس ڕێگای سەختر و لەوانەیە جیاوازیتریشی لەپێش بێ. وەک چۆن ژنی ڕەش پێست بۆ گەیشتن بە مافەکانی لە چاو ژنی سپی پێست کۆسپی زیاتری لەسەر ڕێیە. ژنانی کورد لەو بوارەدا سەرکەوتوو بوون بەڵام کۆمەڵگەی کوردی و ڕێکخراوە سیاسییەکان لەو پێوەندییەدا ڕەخنەیان لەسەرە. قەیرانی سەرەکی لەو بوارەدا لە نێو بزوتنەوەی ژنان نییە، بەڵکوو لەنێو بزوتنەوەی گشتییدایە کە هەتا ئێستاش بایەخ بە چەمکی ژنی کورد نادا. ھەروەھا ژنی کورد لە کۆمەڵگەی ئێرانیشدا بەشێک لە بزووتنەووی ژنانی فارس نەبووە و ژنانی فارسیش پرسی ژنی کورد و نەتەوەکانیان لە چوارچێوەی بزووتنەوەکەیاندا لەبەر چاو نەگرتوە و پێگەیەکیان نەداوەتێ!

 

قادر وریا

خەباتی ژنانی نەتەوە بندەستەکانی ئێران بۆ ماف و ئازادییەکانی خۆیان و هەر وەها بۆ مافە نەتەوەییەکانیان، لەگەڵ ئەوەی لە هەلومەرجێکی سیاسی، ئەمنیەتی و کۆمەڵایەتیی زۆر سەختتردا بەڕێوە دەچێ، هەتا ئیستاش بەو جۆرەی پێویستە نەبووە بە جێگای سەرنج. هەم لە لایەن ئەو بزووتنەوەیەی ژنان کە لە پێتەختی ئێران و شارە گەورەکان و بە بەشداری و پێشەنگایەتیی ژنانی ناوەندنشین هەیە، هەم لە لایەن میدیاکان و ناوەندە سیاسی و مرۆڤپاریزەکانی دەرەوەی وڵات.

لەم پێوەندییەدا پیویستە ئاماژە بە دوو ڕاستی بکرێ. یەکەم بەهۆی لە پەراوێزدابوونی نەتەوە نافارسەکان و بێبەشبوونیان لەپێشکەوتنی ئابووری و ئیمکاناتی فەرهەنگی و هتد لە درێژایی مێژوو، بە تایبەتی لە سەردەمی دەسەڵاتداریی کۆماری ئیسلامیدا و، بە هۆکاری کۆمەلایەتی و ئایینی، خۆڕێکخستن وهاتنەمەیدانی ژنانی ئەو نەتەوانە دژوارترە. ڕاستیی دووهەمیش ئەوەیە ئەگەرچی ژنانی ئەو نەتەوانە بە تایبەتی ژنانی کوردستان، هەم لە پێوەندی لەگەڵ پرسی نەتەوەیی و پرسە گشتتەکانی کۆمەڵی خۆیان و هەم لە پێوەندی لە گەڵ پرسی ژنان و  داوا و مافەکانی خۆیاندا، پێشینەی تێکۆشان و قوربانیدانیان هەیە و بە کردەوە خەبات و تێکۆشانێکی بەرچاویان هەیە، بەڵام  چونکە لە ناوەندی وڵات دوورن، یا کێشە و داواکانیان، بمانەوێ و نەمانەوێ نەتەوەیەکی جیاواز و جۆگرافیایەکی جیاواز وەبیر دێننەوە، بەئەنقەست لە لایەن میدیاکان و ڕێکخراوە سیاسییەکانی نەتەوەی سەردەست، تەنانەت لە لایەن چالاکانی فیمینیستی نەتەوەی سەردەست، بێدەنگەیان لێ دەکرێ و گرنگیی پێویستیان پێ نادرێ. هەر بۆیە هەوڵدان بۆ ئەوەی خەباتی ژنانی ئەو نەتەوانە، بە دەنگ و ڕەنگی جیاوازی خۆیانەوە  بناسیندرێ، ئەرکێکی گرنگە لە سەر هەموومان، چ وەک چالاک و  مرۆڤیکی یەکسانیخواز، چ وەک ڕێکخراوی سیاسی و خەباتکار.

 

گوڵاڵە شەرەفکەندی

تایبەتمەندیی نەتەوەیی و جوغرافیایی وادەکا ژنانی نەتەوە نافارسەکان چەند قات قورسایی خەباتیان لەسەر شان بێ. مەسەلەن ئەگەر باسی کوردستان بکەین، سروشتییە کە بەشێکی زۆری قورسایی خەباتی نەتەوەیی لەسەر ژنانە و ئەوەش وادەکا خەباتی ژنانی کورد بۆ یەکسانیی ڕەگەزی لە خەسڵەت و ئەولەوییەتی سەرەکیی خۆی دوور بکەوێتەوە. دیارە ناکرێ ئەو کاریگەرییە باشەش نەبینین کە مەسەلەن بزووتنەوەی سیاسی و نەتەوەیی کورد لەسەر خەباتی ژنان و بەرەوپێشبردنی بوویەتی.

دەسەڵاتی ناوەندی لەو ناوچانە گرینگی بە ئابووری، پرسی بێهداشت و بوارە مەدەنی و فەرهەنگییەکان نادا و تێچووی خەباتی سیاسی و یەکسانیخوازیی ژنانیش قورسترە و ئەو جیاکاری و هەڵاواردنە بەنیسبەت ژنێکی مەرکەزنشین زۆر بەزەقی دیار و هەست پێکراوە. میدیاکانی ئۆپۆزیسیۆنیش بەنیسبەت ڕووماڵکردنی کار و چالاکیی ژنانی نەتەوە نافارسەکان ئەو هەڵاواردنە دەکەن. ئەوەش کە ئەمساڵ دروشمی هەشتی مارس، “ نەسڵی من، نەسڵی بەرابەریی جنسییەتییە”، ئەوە یانی بەواتایەکی دی سەدەی بیست و یەک دەبێ سەدەی دەستەبەرکردنی ئەو ئامانجە بێ و ئەوەش گرینگییەتکی زۆرتر دەدا بە پرسی ژنانی نەتەوە بندەستە و نافارسەکان لە ئێران.

 

فەریبا ڕەشیدی

ئێمەی كورد پرسێکی بنەڕەتیمان هەیە کە پرسی خاك و نەتەوەیە. ئەو پرسە لە نێوان نەتەوەكانی دیكەی بندەستی فارسدا هاوبەشە. ڕزگایی نەتەوەیی لە ڕاستیدا بە نەتەوەسازی بەدی دێ كە یەكەمین و گرینگترین ئەركی شۆڕشی ژنانە. بۆیە نەتەوەسازی بەشێکە لە ئەرك و مافخوازیی ژنان.

بەنیسبەت بزووتنەوەی ژنانی‌ نەتەوە نافارسەکان كە دوژمنی هاوبەشمان دەوڵەتی ناوەندیی ئێرانە، بێگومان دەبووا بزووتنەوەی نەتەوەیی بەهێز لەنێو ئەوانیشدا هەبا بۆوەی ببا بە بنەمایەك بۆ هاوپەیمانییەکی بەربڵاو. لە ئێستاشدا خەباتی پێکەوەمان بەو مانایە نایە کە ناسنامەكانمان تێكەڵ بكەین یان لەژێر ناسنامەیەكی ساختەدا خەبات بۆ دێموكراتیزە كردنی وڵات بكەین، بەڵكو شۆڕشی ژنانی هەر نەتەوەیەكی بندەست پێویستە سەرەتا پلان و پرۆژەیان بۆ ڕزگاریی نەتەوەیی خۆیان هەبێ.

دیاره هەر ئەو جۆرە كە ئاماژەم پێکرد ڕۆڵی ژنان لە شۆڕشی ڕزگاریدا دەبێ لەسەر ئەو پاشنەیە بگەڕێ كە ڕێ لە سیستەمی نێرسەروەر بگرێ. ئەوە بەو واتایەیە كە ئەگەر ژنانی نەتەوەكانی دیكەی بندەستی ئێران بیانەوێ بە ئازادی جنسییەتی بگەن و شكۆی مرۆیی و ژنانەی خۆیان بەدەست بهێننەوە، ئەمە لە ڕێگای شۆڕشێكی سەروەیخوازانەی نەتەوەیی بە پێشەنگایەتی ژنانی پێشڕەو و ئازادیخواز دەستەبەر دەبێ و ئەوە دەتوانێ لە نەخشەڕێییەكی هاوبەشدا بۆ لەبن‌هێنانی داگیركاری و دژەژنیدا كۆمان بكاتەوە.

 

ئارەزوو نستانی

ناوه‌ندگه‌رایی له‌ حوكمڕانیی ئێراندا چ له‌ ئێستا و چ له‌ سه‌رده‌می پێشوودا، وای كردوه‌ ناهاوسه‌نگیه‌كی به‌رچاو له‌ ناوچه‌ جیاوازه‌كانی ئێران دروست بێ له‌ بواره‌ جیاوازه‌كانی وه‌ك ئابووری، په‌روه‌رده‌یی و هتد.

نه‌ته‌وه‌ نافارسه‌كان كه‌ زیاتر له‌ سنووره‌كانی ئێران ده‌ژین و به‌ كرده‌وه‌ هه‌م له‌ڕووی جوغڕافی و هه‌م له‌ ڕووی سیاسییه‌وه‌ په‌ڕاوێزخراون و به‌ كۆت و به‌ندی زیاتر ده‌ور دراون. هه‌ر بۆیه‌ ده‌توانین بڵێین خه‌باتی ژنانی نه‌ته‌وه‌یه‌كی په‌ڕاوێزنشین و په‌ڕاوێزخراو تایبه‌تمه‌ندیی خۆی هه‌یه‌. بۆ وێنه‌ له‌ كۆمه‌ڵگەیه‌كی نه‌ریتی وه‌ك كوردستاندا ژنان ده‌بێ به‌ ده‌ستێك شه‌ڕی هه‌ڵاواردنی ڕه‌گه‌زی بكه‌ن و به‌ ده‌سته‌كه‌ی تریشیان شه‌ڕی پاراستنی شوناسه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كه‌یان بكه‌ن. ژنی كورد هاوكات له‌گه‌ڵ چه‌وسانه‌وه‌ی ڕه‌گه‌زی، به‌ره‌وڕووی چه‌وسانه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌ییش بۆته‌وه‌. ده‌بێ هه‌م پارێزه‌ری شوناسی ڕه‌گه‌زیی خۆی بێ و هه‌م پارێزه‌ری شوناسی كوردایه‌تی. خه‌بات له‌ دوو سه‌نگه‌ردا جه‌ساره‌ت و ئازایه‌تیه‌كی جیاوازی به‌ ژنی كورد به‌خشیوه‌. ئه‌گه‌ر خه‌ونی ژنانی ناوه‌ندنشین بریتی بێ له‌ ئازادیی پۆشین و كاركردن و به‌ گشتیی ئازادییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان، ئه‌وا ژنی كورد خاوه‌ن ڕوئیای گه‌وره‌تره‌ چ له‌ ڕووه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كه‌ و چ له‌ ڕووه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كه‌ی. كه‌واته‌ دۆخی ژنانی نافارس دۆخێكی ته‌واو جیاوازه‌ له‌ ژنانی نه‌ته‌وه‌ی خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات.

***