دەستەی بەڕێوەبەری نەورۆزی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە نێوخۆی وڵات بە بۆنەی نەورۆز و سەری ساڵی ٢٧٢٠ی کوردییەوە ڕاگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە.
لە دەقی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە:
بە ناوی خودای سروشت و جوانی،
خەڵکی بەشەرەف، هاونیشتمانیانی هێژا و خۆشەویست
نەورۆز؛ مێژووییترین بۆنەی نەتەوەیی ـ کولتووری، وێڕای دەسپێکی بووژانەوەی سروشت و دەسپێکی وەرزی بەهار و ئازادی، هێمای بەستنی پێوەندی هەرمانە لەگەڵ وەچەکانی بەرێ و شوناسی یەکڕیزی و یەکدەنگی گەلانە دژ بە تاریکییەکان.
نەورۆز ڕەمزی ڕەسەنایەتیمانە و پیرۆز ڕاگرتنی، ئەرکی نەتەوایەتیمانە.
وێڕای پیرۆزبایی ساڵی نوێ لە هەموو خەڵکی سەربەرز و بەڕێز، هەروەک ئاگادارن بە هۆی پەتای کۆرۆنا و پەرەسەندنی لە پانتایی جیهان و کوردستانی خۆشەویستدا، پاراستنی سڵامەتی و تەندروستیی خەڵکی بەئەمەگ و ڕێزدارمان، گرینگترین ئەرکی سەرشانمانە بۆیە ڕێکخستی کەڕنەڤاڵی نەورۆز بە شێوەی ساڵانی پێشوو نییە، ئەمساڵ، هەموومان بە هاودەنگی و هاودڵی، نەورۆزی ٢٧٢٠ لە نێو ماڵەکانمان بەرز و پیرۆز ڕادەگرین، هەروەها بە شێوەیەکی گەشبیرانە و شیاو، بە نووسینی بابەتی جوان لەسەر نەورۆز، یان هەر چەشنە خەباتێکی هونەری بۆ ئەو مەبەستە، دڵی نیشتمان خۆش دەکەین و سەری بەرزتر لە جاران کەمپینی من_ پیرۆز بایی نەورۆز _ دەکەم _ بە_نووسین_و_هونەر، کەرنەڤاڵ ی نەورۆزی ئەمساڵە، دروشممان لەم بەهارە نوێیەدا دەبێ بە “پاراستنی خۆمان، پاراستنی نیشتمانە”.
با هەریەکە و بە گوێرەی شارەزایی لە هەڵبەست، پەخشان، وتار، لێدوان، شێوەکاری، مۆسیقا، پیشەی دەسکرد، پەیکەرسازی و هەرچەشنە خەباتیتر، هاوکاری ئەم کەمپینە بکەین.
کوردستان سڵامەت و پارێزراو
نەورۆزی سڵامەتی، پێرۆز
دەستەی بەڕێوەبەری نەورۆزی شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان