لەگەڵ بڵاوبوونەوەی نەخۆشی کۆڕۆنا لە ئێران و شارەکانی کوردستان، خەڵکی کوردستان و ڕێکخراوە مەدەنییەکان لە هەڵوێستێکی مرۆڤدۆستانەدا چەندین کەمپەینیان وەڕێخست و بە هاوکاریەکانیان هەوڵیانداوە لە دژی ئەم ڤایرۆسە کوشندەیە بوەستنەوە.
لەم پێوەندەییەدا ڕێکخراوە مەدەنییەکانی مەریوان لەگەڵ هاوکاری بەردەوامیان و بەڕێوەبردنی چالاکییەکانیان لە ژێر ناونیشانی “بە یەکیەتی و پاڵپشتی یەک، دژی کۆرۆنا دەوەستینەوە” سپاسنامەیەکییان بڵاو کردەوە کە لە دەقی سپاسنامەکەیاندا هاتووە:
شۆڕای ڕێکخراوە مەدەنییەکانی مەریوان ئەوپەڕی ڕێز و پێزانینی خۆی ئاڕاستەی ھەموو ئەو کەسانە دەکات و لە ئاست ھەڵوێستی مرۆڤدۆستانەیان وکاری خێرخوازانەیان سەر دادەنوێنێت و ھیوادارین لەم کۆمەڵگە ھەژارەمان، نموونەیان زۆربێت.
دوکتور و کارگێڕانی بنکە تەندروستییەکان کە لەگەڵ هەموو کەموکوڕییەکان بە ورەی بەرز و پۆڵایین پارێزەری ژیانی تاک و کۆمەڵگەن و هەموو ئەو کەسانەی کە دوای ئەوەی مانەوە لە ماڵەوە بوو بە خواستێکی گشتی و ئەوکە مانەوەش ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر بژێوی ژیان و داهاتی ڕۆژانەی زۆر کەس دانا لە کرێی دوکان و خانووەکانیان خۆش بوون.
هەروەها سپاسی کرێکارانی زەحمەتکێشی شارەوانی کە سەرەڕای وەرنەگرتنی مووچە و نەبوونی پێداویستی تەندروستیی تایبەت بە کارەکەیان بۆ پاک و خاوێنی شار تێدەکۆشن وهەموو ئەو کەسانەش کە یارمەتی ڕێکخراوەکانیان داوە بۆ بەڕێوەبردنی چالاکییەکانی دژ بە کۆرۆنا.