شوناسی تێکوشان و خەباتی بزووتنەوەی رزگاری خوازانەی گەلی کورد، بەرھەمی خۆڕاگری وخەبات و مەلکەچ نەبوونە. بەھار و نەورۆز شادی ھێنەرە، بەڵام بۆ نەتەوەی کورد پڕە لە بیرەوەری تاڵ و یادھێنانەوەی گەلێک ناخۆشی و قوربانیدان.
نەورۆز بۆ هەڵەبجە و سنە بیرھێنانەوەی شەڕ و نەھامەتییە. شەڕی ٢٦ی رۆژەی شاری سنە و نەورۆزی خوێناوی ئەو شارە لە نەورۆزی ساڵی ١٣٥٨ی هەتاوییدا وەک بڕگە مێژووییەکانی نەتەوەکەمان لە سینگدا دەمێنێتەوە و ھەتا کوردێک مابێ ئەو رۆژانە لە یاد ناکا و سەدان و ھەزاران بنەماڵە ی شاری سنە ئێستاش داخداری ئەو رۆژانەن و بەو ژانەوە دەناڵێنن و دەنگی گوللە تۆپەکان لە گوێیاندا دەزرینگێتەوە.
یەکەم نەورۆزی دوای راپەڕینی گەلانی ئێران خەڵکی کوردستان خەریکی چێژوەرگرتن لە بەھار و گرتنی جێژنی نەورۆز و ساڵی نوێ بوون کە ڕێژیمی خومەینی هێرشی بۆ سەر کوردستان دەستپێکرد و شاری سنە وەکوو شوێنی دەسپێکی شەڕی مافخوازانەی گەلەکەمان لە گەڵ دەسەڵاتی ڕەشی کۆماری ئیسلامی. ھەر لە یەکەم ڕۆژەکانی نەورۆزی ساڵی ٥٨ی هەتاویدا ماڵ و ژیانی خەڵک بوون بە ئامانجی گوللەی تۆپ و بۆمبی فڕۆکەکانی کۆماری ئیسلامی کە بوو بە هۆی شەهید و بریندار بوونی هەزاران کەس و هەر لە نەورۆزدا بوو کە شەڕی ٢٦ ڕۆژەی شاری سنە دەستیپیکرد و هێزە کوردییەکان، بەرەنگاری داگیرکەران بوونەوە و ٢٦ ڕۆژ ئەو شارە و خەڵکەکەی بێبەزەییانە لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە تۆپباران و بومباران کران و دوو شەڕی گەورە و خۆڕاگریی خەڵک و هێزە کوردستانیەکان لەو شارەدا وایکرد کە سنە ناوبنرێ “سنەی خوێناوی” .
بە هەمووی ئەوانەشەوە پێویستە ئەوە بڵێین، خۆڕاگری و بەرخۆدانی خەڵکی شاری سنە بە ڕێبەرایەتی کردنی ھێزە کوردییەکان وەک رەمزێک لە لاپەڕەیەکی دیکەی مێژووە پڕ سەروەرییەکانی گەلەکەماندا ماوەتەوە. لە کۆتایدا دەبێت بڵێین کە بزووتنەوەی رزگاریخوازانەی گەلی کورد لە رۆژھەڵاتدا گەلێک کارەسات و بە سەرھاتی مێژوویی ھەیە کە یەک لەوانە شەڕی نەورۆزی خوێناوی شاری سنەیە کە دەبێت نەوەی خەباتکاری ئەمڕۆش ئەو جینایەتانەی کۆماری ئیسلامی کە دەر حەق بە گەلی کورد ئەنجامیداوە، لەبیر نەکات. پێویستە ھەموو ساڵێک یادێک لە شەھیدانی نەورۆزی شاری سنە بکەینەوە و لە خۆڕاگری خەڵکی شاری سنە دەرس وەر بگرین.