لە وڵاتی مەجارستان ١٥ خوێندکاری ئێرانی بە هۆی لەبەرچاونەگرتنی یاسایکانی مەجارستان لەو وڵاتە و بە هۆی گومانی تووشبوونیان بە کۆرۆنا دەرکران.
عەباس عێراقچی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕۆژی سێشەممە ٢٧ی ڕەشەمەی ٩٨ی هەتاوی ڕایگەیاند کە باڵوێزی مەجارستانمان لە تاران بانگهێشتکردووە و ناڕەزایەتی خۆمان بە ڕەفتاری پۆلیس و کادری نەخۆشخانەکانی ئەو وڵاتە بە ناوبراو ڕاگەیاندووە و داوامان لێکردووە لە بڕیارەکەیان پاشگەز ببنەوە.
لەو پیوەندییەدا باڵوێزی مەجارستان ڕایگەیاند کە ئەو ١٥ کەسە بە هۆی لە بەرچاونەگرتنی ڕێنماییەکانی تەندروستی لەو وڵاتە دەرکراون.
شایانی باسە کە کۆماری ئیسلامی لە ماوەی دەسەڵاتداری خۆیدا بە ئاژاوەنانەوە و شەڕخوازی کەسایەتیی تاکی ئێرانییشی شکاندووە و لە زۆر شوین بە بە گومانەوە سەیری تاکی ئێرانی دەکرێ.
شاردنەوەی لێدانی فڕۆکە ئۆکڕایینییەکە و پەتای کۆرۆنا و تەشەنەکردنی لە ئێرانەوە بۆ وڵاتانی دەوروبەر لەم ماوەیەدا ئەوەندەی تر بێ متمانەیی بە ئێرانییەکان لە دنیادا زیادیکردووە و دەرکردنی ١٥ خوێندکاری زانکۆکانی مەجارستان و داخستنی سنووری وڵاتان لە ئێران تازەترینی ئەم کاردانەوانەن.