ڤایرۆسی کۆڕۆنا یەکێک لە ڤایرۆسە هەرە مەترسیدارەکانی مێژووی مرۆڤایەتییە کە ئەمڕۆ هەموو جیهانی بەخۆیەوە خەریک کردووە و گیانی لە هەزاران کەس ستاندووە.
ڤایرۆسی کۆڕۆنا تا ڕۆژی سێسەممە ٢٧ی ڕەشەمە لە زیاتر لە ١٦٠ وڵاتی جیهان بڵاوبۆتەوە و ١٨٢ هەزار کەس پێوەی نەخۆش کەوتوون کە بەپێی ئەو ئامارانەی بڵاوکراونەتەوە ٧٥٠٠ کەس لەوانە گیانیان لەدەستداوە و ژمارەی تووشبوان و قوربانییەکان هەر لە زیادبووندایە.
وڵاتانی جین و ئیتالیا و ئێران لەو سێ وڵاتانەن کە زۆرترین ژمارەی قوربانیان و تووشبوانی تێدا تۆمار کراوە و بەپێی هەواڵی هەواڵدەرییەکان، لەئێران تا ئێستا زیاتر لە ١٥٠٠ کەس گیانیان لەدەستداوە.
لەگەڵ ئەوەی کە چەند دەوڵەتێکی ئورووپایی وڵاتەکانیان قەرەنتینە کردووە، لەهەمانکاتدا یەکیەتیی ئورووپا بڕیاریداوە کە بۆ ماوەی ٣٠ ڕۆژ سنوورەکانی دابخا.
لە ئێران ڤایرۆسی کۆڕۆنا ٣٣ پارێزگای گرتۆتەوە و تا ئێستا ٣٣ هەزار کەس لە نەخۆشخانەکان خەوێندراون و ١٥٠٠ کەسیش گیانیان لەدەستداوە. بەپێی قسەی کاربەدەستانی وەزارەتی تەندروستیی ئێران تەنیا لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا ١١٧٨ کەس تووشی ئەم ڤایرۆسە بوون کە ١٣٥ کەس گیانیان لەدەستداوە. هەر لە ئێران لە ترسی تووسنەبوون بە ڤایرۆسی کۆڕۆنا خەڵکێکی زۆر مەشرووب بەکار دینن و ئەوەش بەهۆی زیادبەکارهێنانی بۆتە هۆی مردنی خەڵک و تا ئێستا لە ٢٠٠ کەس تێپەڕیوە.
لە ئەمریکا بەهۆی ئەم ڤایرۆسەوە تا ئێستا ٦٥ کەس گیانیان لەدەستداوە و دەولەتی ئەمریکا گەڵاڵەیەکی یەک تێرێلیۆن دۆلاری بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا داوەتە کۆنگرەی ئەو وڵاتە. چەند وڵاتێکی دیکەی وەک فەڕانسە و سوئید و نۆروێژ و چەند وڵاتێکی تر پارەیەکی زۆریان بۆ بەرەوڕووبوونەوە و چارەسەری نەخۆشەکان تەرخان کردووە.
ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانیی ڕایگەیاند کە تا ئێستا هیچ دەرمانێک بۆ چارەسەری ئەم نەخۆشییە پەیدا نەبووە و لە هەمانکاتدا هۆشداریی دایە خەڵک کە بۆ بەرگری یا تووشنەبوون بە ڤایرۆسی کۆڕۆنا ئەو دەرزی و دەرمانە بەکار نەهێنن کە ڕیکلامی بۆ دەکرێ.