لە بەرەبەری هاتنی جێژنی نەورۆزو سەری ساڵی کوردی هەڵمەتێکی دژە ڤایرۆسی لە زیاتر لە ٢٠٠ ئاوایی مەریوان، سەوڵاوا و ناوچەی کەڵاتەرزانی سنە بە دروشمی “هەراسان مەبن مرۆڤەکان، ئەندیشەی سەوزمان ڕێبەرە” دەستی بە کارەکانی کرد.
هەر ساڵێک لەگەڵ هاتنی جێژنی نەورۆز و سەری ساڵی نوێی کوردی و بووژانەوەی سروشت ئەنجومەنی” سەوزی چیا”ی مەریوان وەکوو نەریتێکی ساڵانەی و میراتێکی بەنرخی ژینگەپارێز “ئومێد حوسێنزادە”، کۆمیتەی دێهاتەکانی ئەنجومەنی سەوزی چیا لە هەڵمەتێکی گشتیدا پاکوخاوێنکردنی دێهات و سروشتی دەوروبەریان بۆ پێشوازی بەهار و ژیانەوەی سروشت بەڕێوە دەبرد.
بەڵام هەڵمەتی ئەمساڵ جیاوازتر لە ساڵانی پێشوو بەڕێوە دەچێت و بە هۆی هاتنی ڤایرۆسی کۆرۆنا ئەم هەڵمەتە لە پاکوخاوێنکردنی ئاواییەکانەوە دەگۆڕێت بۆ دژە ڤایرۆس کردنی ئەو ئاواییانە و بڕیار وایە هەڵمەتێکی گشتی و بەرچاو لە سەرجەم ئاواییەکانی مەریوان و سەوڵاوا بەڕێوە بچێت، بەو مەبەستەی کە ئەم نەخۆشییە لەوە زیاتر پەرەنەستێنێت و نیشتمان لەوە زیاتر زامدار نەکات.
شایانی باسە، ئەنجومەنی سەوزی چیا یەکێک لە ئەنجومەنە چالاک و پێشەنگەکانی مەریوانە کە لە بواری ژینگەپارێزیدا خزمەتێکی بەرچاوی بە شاری مەریوان و دەورووبەری کردوەو ئەمجارەش بۆ بەربەرەکانێ لەگەڵ کارەسات و نەهاتمەتییەکانی کۆمەڵگە هەنگاو دەنێت.