لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا کۆڵبەرێک لە بەرزاییەکانی سنووری سەردەشت کەوتە کەمینی هێزەکانی سپای پاسداران و بە سەختی بریندار بوو.
بە پێی ڕاپۆڕتی ناوەندی دێموکراسی و مافی مرۆڤی کوردستان، چەند ڕۆژ لەمەوپێش کۆڵبەرێک بە ناوی “محەممەد قادری” لە بەرزاییەکانی سنووری سەردەشت کەوتە بەر تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سپای پاسداران و بە سەختی بریندار بوو.
بە پێی سەرچاوەکانی هەواڵ ئەم کۆڵبەرە لەبەر سەختی برینەکەی ڕەوانەی نەخۆشخانەی ورمێ کراوە، بەڵام بەهۆکاری سەرقاڵی کارگێڕانی تەندروستی بە تووشبووانی نەخۆشیی کۆڕۆنا بە پێی پێویست چارەسەری بۆ نەکراوە.
شایانی باسە، کۆڵبەری یەکێک لە ڕێگەکانی پەیدا کردنی بژێوی ژیانی بەشێک لە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و ساڵانە خەڵکێکی زۆر لە سنوورەکانی باشورو ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە کۆڵبەریەوە خەریکن و دەکەونە بەر تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و ژمارەیەکی بەرچاو لەوان گیان لەدەست دەدەن و هێندێکیشیان بریندار دەبن و دوای برینداربوونیان هیچ لایەنێک ئاوڕیان لێ ناداتەوە و تەنانەت چارەسەری پزیشکیشیان بە پێی پێویست بۆ ناکرێ.