سێ چالاکی ژینگەپارێزی خەڵکی شاری سنە لە لایەن دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە تۆمەتی “هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبەکانی دژبەری ڕێژیم” حوکم دران.
ڕۆژی دووشەممە، ٢٦ی ڕەشەمەی ٩٨، لقی یەکی دادگای شۆڕشی سنە سێ چالاکی ژینگەپارێزی ئەو شارەی هەر یەک بە سێ مانگ بەند کردن حوکم دا.
هەر یەک لە چالاکانی ژینگەپارێز بە ناوەکانی “ئاڕمان وەفایی” ، ” فەردین کەریمی” و ” ئەفشین شێخ ئیسلامی” لە ڕۆژی ٢٧ و ٢٨ی ڕێبەندانی ٩٧ دەسبەسەر کران و دوای مانگێک مانەوە لە بەندی تاکەکەسیی ئیتلاعاتی سپای پاسداران هەر یەکەیان بە بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تمەنی لە زیندان ئازاد کرابوون.
ئارمان وەفایی لە خۆپێشاندانەکانی خەزەڵوەری ئەمساڵ دەسبەسەرو دوای سێ مانگ لە دەسبەسەرکرانی بە بارمتەی ٢٠٠ میلیۆن تمەنی ئازاد کرابوو.
هەروەها ئەفشین شێخ ئیسلامی کە دانیشتووی ئەمریکا بوو و دوای گەڕانەوەی بۆ سەردانی دایک و باوکی کە نەخۆش و تەنیان، لە لایەن هێزەکانی سپای پاسدارانەوە دەسبەسەر کرا.