کەسایەتییەکی نیشتماندۆستی شاری بۆکان کۆچی دوایی کرد.
ڕۆژی شەممە، ٢٤ی ڕەشەمەی ٩٨، “حوسێن کوردپوور” لە بنەماڵەی کوردپوور و برای مەسعوود و خوسرەو کوردپوور بەهۆی نەخۆشی لە تەمەنی ٨٠ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.
ناوبراو، کوڕی “محەممەد ڕەسووڵی کوردپوور”، یەکەم سەرۆکی شارەوانی مەهاباد بوو لە سەردەمی کۆماری کوردستان کە تێکۆشەرێکی ناسراو و نیشتمانپەروەر بووە و دوای هاتنەوەی ئەڕتەشی شا بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ کۆماری کوردستان و پێشەوا قازی محەممەد و هاورێیانی لە زیندانی مەهاباد دەسبەسەر کراوە و دواتر بۆ بەندیخانەی تەورێز ڕاگوێزراوە وپاش ماوەیەک زیندانی بۆ شارەکانی بیجار، سەقز، بۆکان دوورخراوەتەوە.
“حوسێن کوردپوور” هەر لە منداڵییەوە لە بنەماڵەیەکی پڕ لە هەستی کوردایەتی و نیشتمانپەروەری گەورە بووە و درێژەدەری هەمان ڕێبازی باوکی و پێشەوای نەمر بووە و تاکوو دوایین ڕۆژی ژیانی دڵی بۆ نیشتمان لێی دەدا و ئاواتی ئازادی کوردستان بوو.
لە لایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانەوە بەم بۆنەوە سەرەخۆشی خۆمان ئاڕاستەی بنەماڵەی کوردپوور و خزم و کەسوکاریان دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.