Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
شه‌ممه ۱۶ ی خاکه‌لێوه‌ی‌ ۱۳۹۹ | 04/04/2020 | کاتژمێر:
ئەدەب

سماندنی «بەیەکەوە گونجانی دوو ڤایرۆسی ورد و درشت»

06/03/2020 | 00:47:46
+A
-A
دارسمە

ڕەنگە خوێنەری هێژا بە وشەی ڤایرۆسی درشت بە زەردەخەنەوە بڵێ: دارسمە و خوێندەواری؟ یان دارسمە و ڤایرۆس و مایرۆس و تەندروستی و مەندروستی کوجا مەرحەبا؟ بەڵام ئەوەی ڕاستی بێت ڕەنگە ئەوانەی بەوردی زانستی پزیشکییان خوێندوە، وەک من لە ڤایرۆسی درشت تێنەگەن.

منی دارسمەی ماڵوێران زۆر جاران لە ترسی دەنگەدەنگی دانیشتووانی ژێر سێبەری داران لە دارسمین دەوەستم و گوێ بۆ ئەوانە شل دەکەم لەژێر سێبەری دارەکاندا دەحەسێنەوە.

زۆر ناخۆشە ماوەیەک خەریکی کوتان و سمینی نێوقەدی دارێکی ڕەق و تەق بی و کاری سمین و کونکردن بە نیوەچڵی جێ بهێڵی و بچییە سەر نێوقەدی دارێکی دیکە و دیسان لە سەرەتاوە دەست بە کوتان و سمین بکەی. جا هەر بەم هۆیەوە من زۆر جار کە کاری سمینی نێو قەدی دارێک بە نیوە دەکەم و لە ناکاو کۆمەڵێک مرۆڤ بۆ حەسانەوە و ڕابواردنی کات دێنە ژێر دارەکە، منیش لەترسی بەردەقانی و هەڕەشەی منداڵانی چاو زیت و پیاوانی کەم عەقڵ بێدەنگ دەبم و هەست ڕادەگرم. هەر ئەمەش وایکردوە لەژێر سێبەری ئەم دارانە گوێم لە قسە و دەردەدڵی عاشقان، شەڕی ژن و مێردان، گۆرانیی دەنگخۆشان، لۆرەلۆری ڕەزاگرانان، باسوخواسی ئەدیبان، شەڕە شێعری شاعیران، لێکدانەوەی سیاسەتوانان، قاقا  و پێکەنینی سەرخۆشان، وردبوونەوەی پزیشکان و دەرمانسازان و سرتوخورتی دڵداران و زۆر شتی دیکەش بێت. جا هیچ سەیر و جێگەی سەرسوڕمان نییە دارسمەی موخلیستان لەهەر شتێ مشتێ بزانێ.

ئەگەر بە عەقڵی ئێوە توانیبێتم هەڵتانبفریوێنم و بە عەقڵی خۆم ڕێگەی ڕاستتان پێشان بدەم، ڕەنگە ئامادەی ئەوەم کردبن بوونی ڤایرۆسی درشتیش لاتان سەیر نەبێ.

وەک پزیشکان دەڵێن ڤایرۆسی ورد ئەوەندە زۆر و جۆراوجۆرن کە لە ئەژمار نایەن و زانایانی ئەم بوارەش بەتەواوی هەموویان ناناسن، هەر بۆیەش لە ناکاو ڤایرۆسێکی نەناسراو کە بە چاو نابینرێ، دەلینگیان لێ هەڵ دەکا و دەستێک بە خەڵکەکە دادێنێ و کۆمەڵێکیان لێ دەکوژێت. هەر بەمجۆرە  سارس و ڤایرۆسی نەخۆشیی ئەنفڵۆوەنزای باڵندە و ئەنفڵۆوەنزای بەراز و ئیبۆلا و ئەم دواییانەش ڤایرۆسی کۆرۆنا دەرکەوتن.

«کۆرۆنا»ش وەک بەشێکی بەرچاوی ئەم ڤایرۆسانەی پێش خۆی لە وڵاتی چینەوە سەری هەڵدا و خێرا خۆی بە سێپەلکی دانیشتووانی وڵاتەکەدا کرد و بە هەزارانی خنکاند و دەیان هەزار کەسیشی نەخۆش خست. لەم وڵاتەی ئێمە کە پێچەوانەی هەموو وڵاتانی جیهان ڤایرۆسی درشتی بەلێشاوە، ڤایرۆسە درشتەکانمان سەرهەڵدانی کۆرۆنا خەنیی کردن و وەک سەت پوورە هەنگیان لە خەڵەفێدا دۆزیبێتەوە، بە هاتنی کۆرۆنا شاگەشکە بوون. پێیان وابوو ئەم ڤایرۆسە خێری خوایە و بەسەریاندا باریوە. بە فڕۆکان ڕێگەی چینیان گرتەبەر و وەزیری داسەپاوی دەرەوەی وڵاتەکەشمان خۆی پەل کردەوە و لە بەرچاوی کامێراکان بەپێکەنینەوە بە زمانی چینی سڵاوی بۆ سەرمایەدارە چەپە مائۆیستەکان نارد.

جا کە ئێوە لەسەر بنەمای زانستی پزیشکی و بایۆلۆژی بڕواتان بە ڤایرۆسی درشت نییە، دەبێ تێبگەن، ڤایرۆسە درشتەکان بەشی هەرە زۆریان لە وڵاتی ئێمە دەژین و نزیکەی نیو سەدەیە دەسەڵاتی ڕەسمییان بەدەستە و پێش ئەویش دیسان هەر بە چپە پێتان دەڵێم لە کەیەوە دەسەڵاتدارن. ئەم ڤایرۆسە درشتانە، کاتێک به بوونی کۆرۆنا لە چین شاگەشکە بوون، خێرا باوەشیان بۆ گرتەوە و کۆمپانیایەکی فڕۆکەوانییان بۆ تەرخان کرد و دەستیان بە ڤایرۆس کێشانەوە کرد و ئەلحەق بۆ ئەوانیش خێری دایەوە.

ڤایرۆسە دەسەڵاتدارەکانی وڵاتی ئێمە سەرەتا بەناچاری لە کاتێکی خراپدا میوانداریی کۆرۆنایان کرد. کاتێک خەریکی جێژنی ساڵوەگەڕی ڤایرۆساویکردنی ئێران بوون، بێدەنگەیان لە کۆرۆنا کرد و گوتیان ئەگەر خەڵک بە بوونی کۆرۆنا بزانن بەشداریی جێژنەکەمان ناکەن. چەند ڕۆژ دوای ئەم جێژنە، کاتی هەڵبژاردنی ڤایرۆسە درشتەکانی مەجیلس بوو، بەڵام کۆرۆنای هاوردەی ڤایرۆسە درشتەکان دەستی نابووە بینەقاقای بەشێکی بەرچاوی خەڵک و حاشای لێ نەکرا، بەڵام هەتا تەواوکردنی هەڵبژاردنەکان، کۆرۆنا بەشێکی زۆری وڵاتی تەنییەوە.

پزیشکان و پسپۆڕانی زانستی بایۆلۆژی و زیندەورناسی دەڵێن ڤایرۆسەکان بۆ مانەوە و بەردەوام بوون خۆیان دەگەڵ ژینگە دەگونجێنن. ئەم ڤایرۆسە درشتانەی ئێمەش وایان کرد و سەلماندیان بەڕاست ڤایرۆسی سەردەمن. ئاخر ئەوان لە چل ساڵ لەمەوبەرەوە بە هەموو شێوەیەک وەک مڵۆزم خۆیان دەگەڵ ئەم ژینگەیە گونجاندوە. کاتێک جێژنی ساڵڕۆژی بە دەسەڵات گەیشتنیان و شانۆی هەڵبژاردنەکانی ڤایرۆسەکانیان بۆ مەجلیسی ڤایرۆسان کۆتایی هات، بەتەواوی خۆیان دەگەڵ کۆرۆنا گونجاند و بۆ دەسەڵاتی خۆیان بە خێروبەرەکەتیان زانی.

ئێستا وەختە خەنی بن، کۆرۆنا جێگەی پۆلیس و هێزە ئەمنییەکانی گرتووەتەوە و لە ترسانی کەس لێک نزیک نابێتەوە و هەموو خەڵک خۆیان کۆڕ و کۆبوونەوە و تێکەڵبوون و خۆپێشاندان دەپارێزن. خەڵک هۆشی ئەوەی نەماوە لە ڕێژەی کەمی بەشدارانی ساڵڕۆژی سەرکەوتنی دەسەڵاتی زاڵ و نەچوونی خەڵک بۆ سەر سندووقەکانی شانۆی هەڵبژاردن و تەنانەت کەس لە ژمارەی کوژراوانی پووشبەسەر کراوی خۆپێشاندانەکانی پاییزی ڕابردووش ناپرسێتەوە.

ئەوەیە ڕێککەوتن و بەیەکەوە گونجانی دوو ڤایرۆسی ورد و درشت!