Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
پێنجشه‌ممه ۲۱ ی خاکه‌لێوه‌ی‌ ۱۳۹۹ | 08/04/2020 | کاتژمێر:
ئەدەب

بەندیخانە دەروەستی بیری ئازاد نایە

06/03/2020 | 00:42:42
+A
-A
محەممەد ناسری

من محەممەد ناسری خەرمانانی ١٣٤٤ لە بنەماڵەیەکی مام‌ناوەندیی شاری سەقز لەدایک بووم. ساڵی ١٣٦٠ پێوەندیی تەشکیلاتییم بە حیزبەوە گرت و ڕۆژی ٢٩ی بەفرانباری ١٣٦٤ بەهۆی خۆتەسلیم کردنی کادرێکی نێوشار کە پێوەندیم لەگەڵی هەبوو بە ناوی «عەلی قادری» گیرام و شوێنی دەسبەسەرکرانم ئیتلاعاتی شاری سەقز بوو.

دوای ماوەیەکی کورت بەناو دادگایی کرام و بە ٣ ساڵ بەندکران حوکم درام، لە ماوەی گیران و دەسبەسەرکرانیشم لە گرتنگەی ئیتلاعاتدا چەند جار ئەشکەنجەی جەستەیی کرام کە ناخۆشترینیان لێدانی کابل لەژێر پێم بوو.

ماوەی حوکمەکەم سێ ساڵ بوو، بەڵام ٣٨ مانگ و ١٠ ڕۆژ لە زینداندا بووم، واتە ٢ مانگ و ١٠ ڕۆژ زیاتر ڕایان گرتم و ئەزیەتیان دام. ماوەی بەندکرانەکەم لە چەند زیندانی جیاوازدا تێپەڕاند، ٥ مانگ و ١٠ ڕۆژ لە بەندیخانەی دیزڵ‌ئاوا لە شاری کرماشان، ٦ مانگ لە بەندیخانەی ئێڤین لە شاری تاران، ٢٧ مانگ لە دوو بەندیخانەی سەقز، لە بەندیخانەی ئیتلاعات و ١٧ مانگی لە بەندیخانەی دوخانیات کە ژێرزەوی و عەنباری تووتن بوو.

ئەشکەنجەکردنی بەندیی سیاسی لە لایەن بازجووەکان و کەسانی تایبەت بە ئەشکەنجەدان دەکرا، بە جۆرێک کە لەبەندە سیاسیەکاندا بۆ دانپێدانان زۆر جار ئەشکەنجە دەوری هەبوو و زۆر کەس لەژێر ئەشکەنجەدا دەوامی نەدەهێنا و ئێعترافی دەکرد و زۆر کەسیش بە ناچاری ئێعترافی دەکرد، وەک نموونە هەبوون کەسانێک کە ڕیزی شۆڕشی بەجێ دەهێشت و لە کاتی خۆتەحویل‌‌دانەوەدا لەسەر کەسانی ‌تر ئێعترافیان دەکرد و دەبووە هۆی لە داوخستنی کەسانێک، کە من خۆم یەکێک لەو کەسانە بووم کەوا لەو سۆنگەیەوە گیرام.

زۆرتری کاتەکانم بە خوێندنی کتێب و وەرزش تێپەڕ دەکرد، ملاقاتەکان لە بەندیخانەی سەقز لە دەرەوە بوو کە شوێنەکە تۆڕبەند بوو، لەنێو تۆڕبەندەکەدا پاسدار و بەندییەکان هەبوون و لەو دیوی تۆڕەکەش بنەماڵەی بەندییەکان بوون. لەنێو بەندەکاندا ئەو بەندییانەی لەسەر بیروباوەڕی خۆیان مابوونەوە و خۆیان نەدابوو بەدەستەوە، پێکەوە هەڵسوکەوتیان زۆر باش و خۆمانە بوو، بەڵام ئەوانەی وا «تەواب»ـیان پێ دەگوتن، بەندییەکانی ‌تر لەگەڵ ئەوان تێکەڵ نەدەبوون.

بیرەوەریی زۆر خۆش و ناخۆش لەو ڕۆژ و سەردەمانە هەن. بیرەوەرییەکی خۆش ئەوە، کاتێک لە بەندیخانەی ئێڤین بووم ڕۆژی ٢٥ی گەلاوێژ لە نێو بەندیخانەدا (حیزبییەکان) پێکەوە جێژنی ٢٥ی گەلاوێژمان گرت و چەند کەس لە ئەندامانی موجاهیدینی‌ خەلق کە کەسانێکی باش بوون دەعوەتمان بوون. بەڵام، بیرەوەرییەکی ناخۆش ئەوە کە بەداخەوە ڕۆژانی ئاخری گەلاوێژی ساڵی ١٣٦٧ ئێعدامەکان دەستیان پێکرد و چەندین هاوڕێی باش و خۆشەویست و بەنرخی حیزبییمان ئێعدام کران کە «مستەفا خزری» (وەستا مستەفای نەجاڕ)، «محەممەد ئەحمەدنیژاد» (حەمەلات) «عەلی سەلەکی»، «مەنسوور حوسێن‌نیژاد»، «زاهیر حوسێن‌نیژاد» کە برا بوون، «سەعید ساڵحی» (سەعید شۆیی)، «عەلی کتابی»،  «مەحموود کتابی» کە ئامۆزا بوون. دیارە لەگەڵ ئەم چەند شەهیدە حیزبییە چەند کەسێکی ‌تریش لە ئەندامانی کۆمەڵە ئێعدام کران.

ڕۆژی ئازادبوونم هەمووی لەنێو ساڵۆنی زینداندا کۆ ببووینەوە و چاوەڕێی ئازادیمان دەکرد، کەسێک بە ناوی هووشەنگ کە باوکی تورک و دایکی کورد و خەڵکی بانە بوو، هاتە لامان و گوتی ٢٢ کەس وەرن ڕیز بن و تۆش لەگەڵ کەوە. گوتم ئەمن ناتوانم لە هیچ شانۆگەرییەکدا بەشدار بم. گوتی ئەوە لە بەرژەوەندەیی خۆتە، ئەگەر لە خەمی خۆتدا نیت بەزەییت بە بنەماڵەکەتدا بێتەوە. دوایە ڕۆیشت و پاش چارەگە سەعاتێک گەڕاوە دیتمان کارتۆنێکی گەورەی پێیە. بانگی کردین و ٢٢ کەسمان چووینە پێشێ. ٢٢ کۆتری هێنابوو، گوتی دانەیەکیان دەست دەیە و لە کاتی ئازادکردندا کۆترەکە بەر بدە. کە کۆترەکەم وەرگرت لە ژێر کۆتەکەم شاردمەوە، لەو کاتەدا ڕەئیسی زیندان هاتە نێو ساڵۆنەکە و هاواری کرد ناسری بۆ هیچی پێ نییە، منیش کە کۆترەکەم نیشان دا وازی لێ هێنام.

دوای ٣٨ مانگ و ١٠ ڕۆژ بەندکرانم ڕۆژێکیان بەرپرسی بەندیخانەی سەقز بە ناوی مورتەزایی هاتە بەند و لە نێو چەند کەس لە تەوابەکاندا گوتبووی کۆمەڵێک کەس بڕیاری ئازادکردنیان دراوە کە یەکیان من بووم. بەمجۆرە من لە ٢٢ی ڕێبەندانی ١٣٦٧ ئازاد کرام و گەڕامەوە سەر ژیانی ئاسایی و هەروەها سیاسیی خۆم. بەو حاڵەش لە دوای ئازادییم ٥ ساڵ ئیمزایان لێ وەرگرتم کە تا سێ ساڵ حەوتووی جارێک و دوو ساڵەکەی تر ١٥ ڕۆژ جارێک دەبوا بچووبام ئیمزا بکەم. ئەو ٥ ساڵە تا ئاشکرا بوونم لە ئاخری هاوینی ١٣٨٠دا لەژێر چاودێریدا بووم، ئاخری ڕۆژی ٢٠ی خەرمانانی ١٣٨٠ شاری سەقزم بەجێ هێشت و هاتمە ڕیزی حیزبەوە.

کە هاتمە ڕیزی ئاشکرای حیزب ماوەیەک لە کۆمیسیۆنی کۆمەڵایەتی بووم و دوای ٨ مانگ درام بە کۆمیسیۆنی ئامووزش و لە بەشی وێنەگریدا کارم کرد. لەو ماوەیەدا ساڵێک بەرپرسی بەشی وەرزشی حیزب بووم و لە کاتی دانانی «کورد کاناڵ»ـیشەوە لە ستۆدیۆی هەواڵ و بەرنامە تایبەتییەکانی کورد کاناڵدا کار دەکەم و لە خزمەت حیزب و گەلەکەم‌دام.

پتر لە سێ ساڵ زیندان و بەندکرانم بەشێکی گرینگ لە ژیانی سیاسی و خەباتکاریی منە و لە هەموو ئەم ماوەیەدا گشت هەوڵم ئەوە بووە نموونەی خەباتگێڕێکی دەروەست بم و ئەوە کۆت و بەند و میلەکانی زیندان نەبن منیان تێدا بەند کرابێتم، بەڵکوو دەبێ باوەڕی ئێمە بێ دەسەڵاتی داگیرکەری نیشتمان بەچۆکدا بێنێ.