ئێران، کۆوه‌یت‌و عه‌ڕه‌بستان بۆ داشکاندنی نرخی نه‌وت بۆ کڕیاره‌کانیان که‌وتوونه‌ته پێشبڕکێی یه‌کتری.
هه‌واڵده‌ریی ڕۆیتێرز به پشتبه‌ستن به سه‌رچاوه‌کانی بازرگانی‌و پاڵاوگه‌کان نوسیویه‌تی که کۆوه‌یت‌و ئێران نرخی نه‌وتی خۆیان گه‌یاندۆته که‌مترین ئاستی نرخی نه‌وتی عه‌ڕه‌بستان له ساڵه‌کانی ڕابردوودا.
به‌پێی ئه‌و ڕاپۆرته ئێران له ڕۆژی هه‌ینیی ئه‌م حه‌وتوویه‌وه نرخی نه‌وتی سووکی خۆی گه‌یاندۆته نزمترین ئاست له له ماوه‌ی سێ ساڵی ڕابردوودا، هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ش که پێشبڕکیی وڵاتانی فرۆشیاری نه‌وت بۆ سه‌رکه‌وتن به‌سه‌ر ڕکه‌به‌ره‌کانیان ته‌نیا تایبه‌ت به وڵاتانی ئۆپێکو غه‌یره ئۆپێک نییه، به‌ڵکوو له نێو خۆشیاندا بۆ پاراستنی پشکه‌کانیان له بازاڕدا که‌وتوونه‌ته پێشبڕکییه‌کی سه‌خته‌وه.
ئه‌و ڕاپۆرته ده‌ڵێ ١٢ ئه‌ندامی ئۆپێک سه‌ره‌ڕای داوای هه‌ندێ ئه‌ندامی وه‌ک ڤێنێزۆلا بۆ که‌مکردنه‌وه‌ی ئاستی به‌رهه‌مهێنانی ئه‌و ڕێکخراوه‌یه، به‌ڵام ئاستی به‌رهه‌مهێنانی خۆیان به‌رده‌وام بردۆته سه‌رێ، به‌ڵام به‌و حاڵه‌ش له‌و ماوه‌یه‌دا به‌هۆی چوونه‌سه‌رێی هه‌نارده‌ی نه‌وتی ڕووسیه بۆ چین، مه‌یدانه‌که بۆ وڵاتانی عه‌ره‌بیی که‌نداوی فارس له بازاڕه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی ئاسیادا ته‌نگه‌به‌ر بووه.
هه‌ر له‌و پێوه‌ندییه‌دا رێکخراوی ئۆپێک له ڕاپۆرتی مانگانه‌ی خۆیدا که ڕۆژی ٢٣ ی خه‌رمانان بڵاوی کرده‌وه، ده‌ڵێ وڵاتانی ئه‌ندامی ئۆپێک ئاستی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وتی خۆیان له مانگی ئاگوستدا گه‌یاندۆته ٣١ میلیۆن و ٥٤٤ هه‌زار بۆشکه له ڕۆژدا؛ له حاڵێکدا پێویستیی بازاڕ به نه‌وتی ئۆپێک ته‌نیا ٢٩ میلیۆن‌و ٣٠٠ هه‌زار بۆشکه‌یه، به‌و مانایه که ئۆپێک ڕۆژانه دوو میلیۆن‌و ٢٥٠ هه‌زار بۆشکه نه‌وتی زیاده به‌رهه‌م ده‌هێنێ.