زیندانیانی سیاسیی کورد لە بەندیخانەی سنە لە خراپی دۆخی زیندان و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا نیگەرانن.
“ئەفشین حوسەین پەناهی”، زیندانی سیاسیی کورد کە لە بەندیخانەی ناوەندیی سنە دەسبەسەرە، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا نیگەرانی خۆی لە دۆخی خراپی زیندان و تەندروستی زیندانیان دەربڕی.
بە پێی ڕاپۆرتی کەمپەینی دیفاع لە زیندانیانی سیاسی و مەدەنی، “ئەفشین حوسەین پەناهی”، یەکێک لە بەندکراوەکانی زیندانی ناوەندی سنە، لە نەبوونی ئیمکانات و کەمتەرخەمی بەرپرسانی زیندان لە پەیوەندی لەگەڵ پێشگرتن بە ڤایرۆسی کۆرۆنا نیگەرانەو لەو پەیوەندییەدا ڕایگەیاند، ئەگەر تا چەند ڕۆژی دیکە ئاوڕێک لە دۆخی خراپیان نەدرێتەوە ئەوا بەشێک لە زیندانیانی سیاسی مان لە خواردن دەگرن.
هەروەها ناوبراو لە چالاکانی مەدەنی، ڕێکخراو و چالاکانی مافی مرۆڤ داواکارە کە دەنگی زیندانیان و دۆخی خراپی ئەوان بن.
ئەو چالاکە مەدەنییە کە ڕابردووی کاری لە ناوەندەکانی ژینگەپارێزی هەیە، مانگی خەزەڵوەری ٩٦هەتاوی، لە لقی یەکی دادگای شۆڕش بە بەرپرسایەتی قازی سەعیدی بە تۆمەتی، “وەڕێخستنی ڕێوڕەسمی نەورۆز” و “هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکان” بە هەشت ساڵ و نیو زیندانی مەحکووم کرا.
“ئەفشین حوسەین پەناهی” پێشتریش، لە ٥ی پووشپەڕی ٩٦ی هەتاوی، سێ ڕۆژ دوای دەسبەسەرکرانی “ڕامین حوسەین پەناهی”، لە ماڵەکەی خۆی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەرکرابوو.
نابراو لە ساڵی ٩٠ی هەتاوی، بە هۆکاری بەدواداچوون بۆ مەرگی گوماناوی براکەی “ئەشرەف حوسەین پەناهی” و بە تۆمەتی “بانگەشە دژی نیزام” بە یەک ساڵ مەحکووم کرابوو و دوای تەواو بوونی ماوەی حوکمەکەی ئازاد کرابوو.
جێی بیرهێنانەوەیە، “ڕامین حوسەین پەناهی” برای “ئەفشین حوسەین پەناهی” و چالاکی سیاسی، تەمەن ٢٤ ساڵ و خەڵکی ئاوایی قروچای دێولان بوو کە بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە، ١٧ی خەرمانان لەگەڵ دوو زیندانی سیاسی تر بە ناوەکانی “زانیار و لوقمان مورادی ” ئیعدام کران.