دوای بوومەلەرزەکەی قوتوور و ناوچەکانی دیکەی کوردستان، خەڵک کەلوپەلێکی زۆریان کۆکردەوە بەڵام کاربەدەستانی دەوڵەت دەستیان بەسەرداگرتوە.
بەپێی هەواڵێک کە بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان گەیشتوە، کاربەدەستانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەستیان بەسەر ئەو یارمەتی و کەلوپەلانە داگرتوە کە خەڵک ویستوویانە بیگەیەننە لێقەوماوانی قوتوور و دەوروبەر.
خەڵکی کوردستان وەک هەمیشە بە هەموو توانایانەوە لە فریای خەڵکی بوومەلەرزەلێدراوی قوتوور کەوتن و لە زۆر شار و ناوچەی کوردستان خواردەمەنی و پێداویستییە سەرەتاییەکانیان کۆکردەوە و ڕەوانەی ناوچە بوومەلەرزەلێدراوەکانیان کرد، بەڵام کاربەدەستانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەستیان بەسەر بەشێک لە کەلوپەلەکاندا گرتوە و ناهێڵن بگاتە دەستی خەڵک.
لە کاتێکدا کە دەوڵەت بەرپرسی یەکەمی هەر ڕووداو و کارەساتێکە و پێویستە بەخێرایی لەفریای خەڵک بکەوێ و گیان و ماڵیان بپارێزێ، بەڵام کۆماری ئیسلامیی ئێران نەک هەر کەمتەرخەمە و گیانی خەڵکی ئێرانی بۆ گرینگ نییە، بەڵکوو هەمیشە ڕێگر بووە لە هەوڵەکانی ئەو ناوەند و ئەنجوومەنانەی کە دەیانهەوێ هاوکاری لێقەوماوان بکەن و زۆر جاریش ڕێژیم هاوکارییەکانی خەڵک بۆ بەرژەوندی خۆی و مەبەستە سیاسییەکانی بەکاری دێنێ.