Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
شه‌ممه ۱۷ ی جۆزه‌ردانی ۱۳۹۹ | 06/06/2020 | کاتژمێر:
ئەدەب

سماندنی سندووقی ڕەشی فەرمانگەی هەڵبژاردنەکانی وەزارەتی نێوخۆ

26/02/2020 | 17:45:49
+A
-A
دارسمە

ئەمەیان لەزیرەکی خۆمەوە نییە و ئاکارێکە لە دایک و باوک داپیرە و باپیرە گەورەکانمەوە بۆم ماوەتەوە. مەبەستم سماندنە.

ئەگەر لە سماندن بوەستم، ژیانیشم دەوەستێت و دەبێ لینگان جووت بکەم و گیان بە گیان‌ئەستێن بسپێرم. بەشێک لەکاری سماندن بۆ من بە مانای بەدەست‌هێنانی بژێوی ژیانی خۆم و جوجەڵەکانمە کە بە تەمام دەرنگانی پاییزێکی دیکە بیانئەژمێرم. بەشەکەی دیکەیشی ئەو درێژ‌دادڕێیە بۆ من بووە بە «فەرهەنگ» و ئەوانەی دەیخوێننەوە و گوێی بۆ شل دەکەن، ڕەنگە ژانەسەرێکی سووک بیانگرێ و تاقەتی خوێندنەوە و بیستنیان نەمێنێ. دیارە لەنێو ئەوانیشدا کەسانی جۆراوجۆر هەن. هەندێکیان بە بێدنگی پشتم تێدەکەن و وازم لێدێنن وهەندێکش لە دڵی خۆیاندا یان بە دەنگ سێ چوار سووکە جێنوم رێدەهاڵێنن. بۆ ئەوەی ئەم پێشەکییە دابخەم، دەڵێم گەردنی خۆتان و باب و باپێرتان ئازاد بێت، چۆنی پێتان‌ خۆشە وابکەن. بەڵام قسەی خۆمان بێت ئەگەر گەردنم ئازاد نەکردن، چی ڕوو دەدات و کێ هەرامە بە کڵاوی من دەپێوێت؟

با لەبابەتەکە دوور نەکەوینەوە و بچینەوە سەر سماندنەکە: سندووقی فرۆکە ئۆکرانییەکەی چەند هەفتە لەمەوبەر بە دەستی بە‌هێزی فرۆکەشکێنەکانی سوپای پاسداران بە ئاسمانی شینی بە دووکەڵ چڵکن‌کراوی تارانەوە کەوتە خوارەوە، هەروا جێی مشت‌ومڕی بەرپرسانی ئەم وڵاتانەیە کە خۆیان بە میراتگری ١٧٦ گیان‌بەختکردووی نێو فڕۆکە پێکراوەکە دەزانن.

ئەو جۆرەی منی سەربچووکی دەنووک‌ڕەق لە کاتی کوتانی نێوقەدی دارەئەستوورەکان لە هازەهازی بێ‌سانسۆڕی توێکڵی دەنگەبەری ئەم دارانەوە بیستومە، ئەو کاتەی فڕۆکەکە لە ئاسمانی ئێران دەکەوێتە بەر زەبری دوو مووشەکی سوپای پاسداران و بە ١٧٦ سەرنشینەوە لە ئاسماندا پارچە پارچە دەبێت، هەموو ڕووداوەکە لەژێرسەری گای پیردا ڕوو دەدا. هازەهازی توێکڵە دارەکە دەیگوت، خامنەیی فەرمانی تەقاندنی مووشەکی دژە فڕۆکەی بە سوپای پاسداران داوە و بەپێی ئەزموونەکانی پێشوویەوە ویستوویەتی تەقاندنەوەی فڕۆکەکە و کوشتنی سەرنشینانی بێ‌تاوان بخاتە ئەستۆی ئەمریکا و ماوەی چەند ڕۆژان تازیە و کۆڕی پرسەیان بۆ ڕابگەیەنێ و خۆشی لە شینگێڕیدا بەشدار بێت و دەست بەلاچاویەوە بگرێت و فرمێسکی سەگاوییان بۆ هەڵبڕێژێ. هەر بۆیەشە کاتێک مووشەکی یەکەم باش فڕۆکەکە ناپێکت و چاوەڕوان دەکرێت فڕۆکەوانەکە بە جۆرێک سەرنشینان بگەیەنێتەوە زەوەی، ڕەهبەری موعەزەمی شوڕش و نایبی بەرحەقی ئیمامی زەمان دەستووری تەقاندی مووشەکی دووهەم دەدا، فڕۆکەکە هەموو ئەوانی تێدابوون پارچە پارچە دەبن. هەتا ئێرە کارەکە بۆ ئەوان بەباشی دەچێتە پێش هەموو شتێک بە مەرامی دڵی ئاغایە.

دوای ئەوەی فیلمی تەقاندنی مووشەکی دووهەم بڵاو دەبێتەوە و کافرانی ئەوروپایی پێی‌دەزانن، ئەمجارە سندووقە ڕەشەکان لە ڕێبەری کز و چرچ و گۆج و زمان‌ شڕ و جنێوفرۆش دەبن بە گونی قۆڕ.

جا گەلی دەدۆستان و خێڵی دە دارسمان، وڵاتانی ئورووپاییش لە دەسەڵاتی ئێران دێنە هەنجەتان و دەڵێن ئەم سندووقانەمان دەوێ.

ئەگەر ڕاستیتان دەوێ، کۆماری ئیسلامی کۆڵێک سندووقی رەشی جۆراو جۆاوجۆری وەک سندووقی ئیعدامەکانی ساڵانی شێستەکانی لایە، بەڵام لەبەرچاوی خەڵک دەیانشارێتەوە. سندووقی رەشی ژووری فەرمانگەی هەڵبژاردنەکانی وەزارەتی نێوخۆی ئێرانیش یەکێک لەو سندووقانەیە کە ماوەی زیاتر لە چل ساڵە زانیاریی هەڵبژارنەکانی کۆماری ئیسلامی لە خۆیدا کۆدەکاتەوە.

لە ماوەی ئەم چل ساڵەدا تەنیا دوو پیاوی نزیک لەدەستەڵاتی تاران واتە میرحوسێن مووسەوی و مەهدی کەرووبی وەغیرەت دەکەون و داوای زانیارییەکانی نێو ئەم سندووقە دەکەن و هەر ئەوا ڕەشاوێژ و لە دوورەوە کەمێک لە زانیارییەکان دەخوێننەوە. هەر بەهۆی ئەم کارەیانەوە نیزیکەی دە ساڵی ڕەبەقە بە فەرمانی کابرا یەک دەستەکە هان لە کونە ڕەشا.

دەترسم هەرچی دارسمەی ئەم وڵاتەیە بە مەردی چالاکانی ژینگەپارێزی ئێران بچن و بە بیانووی هاوکاری‌کردنی ڕێکخراوە هەواڵگرییەکانی بێگانه و سیخوڕی‌کردن بۆ دوژمن دەست‌بەسەر بکرێن و پاشان بە کۆمەڵ بیانخەنە سەر ڕووبەری هەموو ئەو سەت‌و‌چەند کاناڵە تەلەڤیزیۆنەی ئێران و بە گشتی ددان بەو تۆمەتانە دابنێن کە بە زەبری فێڵ و تەڵکە لێیان کراون بە تاوان و پاشان لە لایەن دەستەڵاتی دادی ئیسلامییەوە وەک «گەنیوی سەرزەوی و دژبەری خوا»(مفسد فی‌الارض و محارب با خدا) حوکمی لەسێدارەدانیان بۆ دربچێت و تەرمەکانیان لەولاتری گۆڕستانی «خاوەران» بە کۆمەڵ بخرێنە ژێر خاکەوە.

بە جەهەننەم! ئیدی کێرد گەیشتووەتە سەر ئیسقانم و منیش باسی سندووقە ڕەشی ژووری فەرمانگەی هەڵبژاردنەکانی وەزارەتی نێوخۆ دەکەم. ئەم سندووقە لەگەڵ سندووقی ڕەشی فرۆکە ئۆکرانییەکە چەند جیاوازی و وێکچوونێکی هەیە کە من بەپێی توانا و تێگەشتنی خۆم هەندێک لەم جوداوازی و وێکچوونانە دەخەمە ڕوو:

١‌- هەردوو سندووکە پێویستیان بە ئەندازیار واتە موهەندیس هەیە. سندووقی ڕەشی هەڵبژاردنەکان ئەندازیار دروستی دەکا و هەموو کەس دەتوانێت نێوەرۆکەکەی بخوێنێتەوە و سندوقی فرۆکە ئەندازیار هەم دروستی دەکا و هەم دەیخوێنەتەوە.

٢- ‌سندووقی هەڵبژاردنەکان ئەگەرچی ڕەش نییە، بەڵام لە سندووقە ڕەشی فرۆکەکە زیاتر دەپارێزرێ.

٣- ئەوانەی داوای دابەزاندنی نێوەرۆکی سندووقە ڕەشی هەڵبژارنەکان دەکەن دەگیرێن، ئەشکەنجە دەکرێن، دەکورژێن و شرت و گوم دەکرێن؛ بەڵام ئەوانەی لە دەرەوەی ئێرانەوە داوای سندووقی ڕەشی فرۆکەکە دەکەن، دەسەڵاتی ئێران لەبەریان دەپاڕێتەوە و ئەمڕۆ بۆ سبەی تەفرەیان دەدا.

٤- لە ئەنجامی دابەزاندنی نێوەرۆکی سندووقه ڕەشەکەی فڕۆکە دەردەکەوێ ١٧٦ کەس بە فەرمانی بەئەنقەستی کەسێک گیانیان لەدەست داوە و لە ئەنجامی پشکنین سندووقی هەڵبژاردنیش دەردەکەوێت ٨٠ ملیۆن کەس بە دەستی هەمان کەسەوە بە زەقە زەقی چاوانیانەوە، زیندووی مـــــــــردوون.

٥‌-‌ نێوەرۆکی سندووقە ڕەشەکەی هەڵبژاردن ڕاستییەکیش ئاشکرا دەکا کە ناوێرم بیڵێم ناوەکەی/ کوشتوومی هەناوەکەی/ شلوێیە سەرچاوەکەی….