لە کۆبوونەوەی نێوان پارتی یەکیەتیی دێموکراتی کورد لە سووریە و حیزبی دێموکراتی کوردستاندا دوا ئاڵوگۆرەکانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوای کوردستان تاوتوێ و ئاڵوگۆڕی بیروڕایان لەسەر کرا.
ڕۆژی چوارشەممە، 7ی ڕەشەممە هەیئەتێکی پارتی یەکیەتیی دێموکراتی کورد لە سووریە بە سەرپەرستیی محێدین شێخ عەلی، سکرتێری گشتیی پارتی یەکیەتیی سەردانی سکرتاریای حیزبی دێموکراتی کوردستانی کرد و لە لایەن هەیئەتێکی ڕێبەریی حیزبەوە بە سەرپەرستیی خالید عەزیزی، سکرتێری گشتیی حیزبەوە پێشوازییان لێکرا.
لەم دیدارەدا ڕەوشی ئێستای ڕۆژئاوای کوردستان، پرسی کورد و مافەکانی لە داڕشتنەوەی قانوونی بنەڕەتیی نوێی سووریە، چەندیوچۆنیی نفووز و دەستێوەردانی ئێران لە پرسی سیاسی و نێوخۆیی ئەم وڵاتەدا کرا. لەم بەشەدا هەیئەتی خانەخوێ ڕایگەیاند کە حیزبەکەیان هەوڵ بۆ چەسپاندنی مافە سیاسی و فەرهەنگییەکانی کورد لە قانوونی بنەڕەتیی ئەم وڵاتە، پاراستنی شوناس و ناسنامەی کورد لە سووریە و گەرانەوەی خەڵکی کۆچبەر و ئاوارەی کورد بۆ سەر زێد و نیشتمانی خۆیان دەدا.
لە بڕگەیەکی دیکەی دیدارەکەدا هەیئەتی میوان کۆمەڵە پرسیار و سەرنجێکی لە پێوەندی لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا هێنایە بەرباس کە لەلایەن کاک خالید عەزیزی و ئەندامانی دیکە هەیئەتی خانەخوێوە وەڵامی پرسیارەکانیان وەرگرتەوە.