لە سنوورەکانی باكووری كوردستان بەھۆی بوومەلەرزەوە ٩ كەس گیانیان لەدەستدا و لە ڕۆژھەڵاتی كوردستانیش ٧٥ كەس بریندار بوون.
میدیاكانی توركیا بڵاویان كردووەتەوە، بەھۆی بوومەلەرزەكەی دوێنێی ناوچە سنوورییەكانی نێوان وان و ورمێ، ژمارەی قوربانییان بەرزبووەتەوە و كەسێكی دیكە گیانی لەدەستداوە، كە بەمەش ڕێژەی ئەو کەسانەی کە گیانیان لەدەستداوە گەیشتووەتە ٩ کەس كە ٣ کەسیان منداڵن. ھەروەھا ٣٦ كەسی دیكەش بریندارن و لە نەخۆشخانەكان لەژێر چارەسەری پزیشكیدان.
ھاوكات درەنگانی شەوی ڕابردوو بوومەلەرزەی دووەم لە سنووری شاری ورمێی ڕۆژھەڵاتی كوردستان بە گوڕی شەش پلەی رێشتێر دووبارە بۆتەوە و بەپێی زانیارییەكان، بەو ھۆیەوە ٧٥ ھاووڵاتی لە ناوچە سنوورییەكان بریندار بوونە و زیانێكی زۆری ماددیش بەر خانوو و باڵەخانەی ھاووڵاتییان لە دیوی ڕۆژھەڵات و باكووری كوردستان كەوتووە.
بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بە دەستمان گەیشتوون تا ئێستا دەزگا پێوەندیدارەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئیڕان لەوبارەوە کەمتەر خەم بوونە و بەو شێوە کە پێویستە بە هانای خەڵکی بوومەلەرزە لێدراوەوە نەچوون، هەر بۆیە پێویستە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان وەک ڕابردوو و وەک هەمیشە ببنە هاوکار و فریادڕەسی هاونیشتمانیەکانیان و بە هانایانەوە بچن و لەو دۆخە خراپە ڕزگاریان بکەن.
لەلایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانەوە سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵە و خزم و کەسوکاری قوربانییەکان دەکەین و خۆمان بە هاوخەمیان دەزانین و هیوای چاکبوونەوەی بریندارەکان بە ئاوات دەخوازین.