پەریسا سەیفی، چالاکی فەرهەنگی و مەدەنی خەڵکی کامیاران سەر بە پارێزگای سنە کە ماوەی دوو حەفتە بوو مانی لە خواردن گرتبوو، بە دانانی بارمتە لە بەندیخانە ئازاد کرا.
ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە ٤ی ڕەشەممەی ٩٨ی هەتاوی “پەریسا سەیفی”، چالاکی مەدەنی و فەرهەنگی، خەڵکی کامیاران پاش زیاتر لە ١٠٠ ڕۆژ بەندکران بە دانانی بارمتەی ٣٠٠ میلیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی تا بەڕێوەچوونی دانیشتنی دادگا، ئازاد کرا.
ناوبراو لە ڕۆژی یەکشەممە ٢٠ی ڕێبەندانی ٩٨ی هەتاوی بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە ناڕوونی چارەنووسی و هەروەها گوشاری ناوەندە ئەمنییەکان بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملی، مانی لە خواردن گرتبوو.
پەریسا سەیفی ڕۆژی سێشەممە ٢١ی خەزەڵوەری١٣٩٨ی هەتاوی لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای شاری سنە بە تۆمەتی بەشداری لە خۆپێشاندنەکانی خەڵکی کوردستان لە ماڵەکەی خۆیدا دەسبەسەر کرا.
پەریسا سەیفی خوێندنی لە بەشی هونەر تەواو کردووە و پێشتریش ئەندامی ئۆرکێستراکی فلارمۆبیکی سنە بووە. ناوبراو لە فیلمی “مەینەتی” ڕۆڵی گێڕاوە و ساڵی ٢٠١٧ یەکێک لە بەشداربووانی پڕۆگرامی هونەریی کورد ئایدڵ بووە.