مێرمنداڵێکی خەڵکی قەسری شیرینی کرماشان، بەهۆی تەقینەوەی مین گیانی لەدەستدا.
بە پێی ڕاپۆرتی ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕۆژی شەممە، ٣ی ڕەشەمە، بەهۆی تەقینەوەی مینێکی چێندراو لە ناوچەی قەسری شیرین، مێرمنداڵێکی تەمەن ١٢ساڵە گیانی لەدەستدا.
لەم باەروە “موراد عەلی تاتار”، فەرمانداری قەسری شیرین ڕایگەیاند: ئەوە مینە لە خاڵی سنووریی خوسرەوی تەقیوەتەوەو لەو ڕووداوەدا شوانێک بەهۆی تەقینەوەکە گیانی لەدەستداوە”.
جێی ئاماژەیە، بەپێی ئامارە بڵاوکراوەکانی حکوومەتی ئێران، پارێزگای کرماشان دووهەمین پارێزگای بە مین چێنراوەو ٧٠٠ هەزار هێکتار لە خاکی ئەو پارێزگایە بە مین و کەرەستە تەقەمەنییەکان چێنراوە.
شایانی باسە، بەهۆی ڕێژەیەکی بەرچاو لە مین و تەقەمەنی لە بەشی زۆری شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بە تایبەتی ناوچە سنووریەکان کە بەشێکی لە پاشماوەی شەڕی هەشت ساڵەی نێوان ئێران و عێراقن و کە تا ئێستا هەڵنەگیراونەتەوەو بەشێکیشی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە بیانووی پاراستنی سنوورەکان مینی لەو ناوچانە چاندووە، کە ساڵانە بەشێکی زۆر لە خەڵکی ئەم ناوچانە بەهۆی تەقینەوەی مین لە نەبوونی نیشانەکانی ئاگادار کردنەوە و گوێنەدانی دەسەڵات لەم پێوەندیەدا بریندرار دەبن یان گیان لەدەست دەدەن.