کۆڕێک بە بۆنەی ٢ی ڕەشەمە ڕۆژی جیهانی زمانی دایکی و یادێک لە مامۆستا هەژاری شاعیر لە شاری سەقز بەڕێوەچوو.
ڕۆژی شەممە ۳ی ڕەشەمەی ۱۳۹٨ی هەتاوی، لە ناوەندی فێرکاری زمانی کوردی “سۆمای سەقز” کۆڕێک بە بەشداری ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەدیبان،شاعیران، مامۆستایان و هونەرمەندان، هەروەها فێرخوازانی ئەم ناوەندە بۆ ڕێزگرتن لە ڕۆژی جیهانی زمانی زگماکی و یادێک لە مامۆستا هەژار موکریانی بەڕێوەچوو.
لە سەرەتای کۆڕەکەدا، دوکتور “شەماڵ ئیسماعیل پوور” وەک مامۆستا و بەرپرسی ناوەندی فێرکاریی زمانی کوردی سەقز لە سەر گرینگی زمانی دایکی بۆ پەروەردە و فێرکردن قسەی کرد و شێعرێکی تایبەتی پێشکەش بە ئامادەبوان کرد.
پاشان هەر یەک لە شەهلاعەزیزی، بەفراو چووپانی، کاک ئازاد کەرەمی، وتاریان تایبەت بە ڕۆژی جیهانی زمانی دایکی پیشکەش کردو هەروەها شاعیران، ئیبراهیم ڕەحمانی، عەزیز قادری، مامۆستا کامیل شەریف پووروغەریب هەمەوەیسی بە بەرهەمە شێعریەکانیان کۆڕەکەیان جوانتر کرد.
بڕگەیەکی تری کۆڕەکە کە بڕگەیەکی هونەری بوو لە لایەن هونەرمەندان عەلی تاهیری بە ئاواز و دوکتور ڕەحمان ڕەحیم نژاد بە تار و ئاواز پێشکەش کرا.
شایانی باسە، ناوەندی فێرکاری زمانی کوردی سۆمای سەقز، یەکێک لەو ناوەندانەیە کە ساڵانە چەندین کۆڕو سیمینارو خولی تایبەت بە فێربوونی زمانی کوردی لەسەر دەستی کەسانی دڵسۆز و مامۆستایانی ئەرک وەخۆگربەڕێوە دەبات و قوتابیان فێری خوێندن و نووسین بە زمانی دایکی خۆیان دەکەن.