کۆڵبەرێکی کورد کە ڕۆژی ڕابردوو بریندار ببوو، گیانی لەدەستدا.
ڕۆژی شەممە، ٣ی ڕەشەمەی ٩٨ی هەتاوی، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی “سەیوان سەیفی”، تەمەن ٢١ ساڵە و خەڵکی گوندی “یوژنان”ی، سەر بە شاری سەوڵاوا کە بەهۆی بەربوونەوە لە ملەی “تەتە”ی هەورامان بەسەختی بریندار ببوو، بەهۆی خوێنڕێژیی مێشکەوە لە نەخۆشخانەی سنە گیانی لەدەستدا.
شایانی باسە، کۆڵبەران ئەو چینە هەژارو دەستکورتەی کۆمەڵگەن کە بۆ پەیداکردنی بژێوی سەرەتایی ژیانیان بە ناچاری خەریکی کۆڵبەرین وساڵانە بەشێکی زۆریان بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بەربوونەوە لە بەرزایی و سەرمابردووییەوە بە سەختی بریندار دەبن یان گیان لەدەست دەدەن.
جێگەی وەبیرهێنانەوەیە کە لەساڵی ٢٠١٩ی زایینیدا ٢٥١ کۆڵبەری کورد کوژراون یان بریندار بوون.