ڕێبەرانی ئایینیی یارسان ، سەید جەلالەدین حەیدەری و سەید نەجمەدین حەیدەری ڕایانگەیاند کە پشتیوانی لە هیچ بەربژێرێک ناکەن
بە پێی هەواڵێک کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان گەیشتووە، دوو ڕێبەری دیاری ئایینی یارسان لە پارێزگای کرماشان لە ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشدا کە واژۆی هەردووکیانی لەسەرە ڕایانگەیاندوە کە پشتیوانی لە هیچ بەربژێرێک ناکەن.
شایانی باسە کە زۆربەی کەسایەتییە ئایینی و نەتەویی و سیاسی نێوخۆی وڵات و دەرەوەی وڵات و هەروەها سەرجەم حیزب و لایەنەسیاسیە ئێرانی و کوردستانییەکان و دیارترینیان ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەڵبژاردنەکانی ئەمجارەی کۆماری ئیسلامییان بایکۆت کردووە و داوایان لە خەڵک کردووە بەشداری ئەم شانۆگەرییەی ڕێژیم نەکەن.
شایانی باسە ئەم دەورەیە بەپێچەوانەی دەورەکانی پێشوو کە رێگەیان بە کاندیدا بوونی یارسانەکان نەدەدا، رێژیم بە کاندیدا کردنی سێ کەسی یارسانی دەیھەوێ لەو رێگایەوە خەڵکی یارسان بێنێتە سەر سندووقەکانی دەنگدان بەڵام رێبەرانی ئایینی یاری رایانگەیاندوە کە پشتیوانی لە ھیچ بەربژێرێک ناکەن.